نێچیرڤان بارزانی گەیشتە دهۆک و دەچێتە پرسەی قوربانییانی تەقینەوەکە




سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ هاوسۆزی لەگەڵ کەسوکاری قوربانییەکان و سەردانی بریندارانی تەقینەوەکەی دوو رۆژ پێش ئێستای شارەکە گەیشتە دهۆک. 
 
شەوی دووشەممە لەسەر سێشەممە بەهۆی تەقینەوەی تانکیی غازی سەمونخانەیەک لە دهۆک پێنج کەس گیانیان لەدەستدا و 32 کەسیش برینداربوون.   
 

وەک پەیامنێری رووداو دەڵێت، کەسوکاری ئەو دوو قوربانییەی کە دانیشتووی سەرسنگ و زووممارن لەگەڵ هەرسێ قوربانییەکەی دیکە لە کاتی سەردانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ مزگەوتی حەجی ئەحمەد ئامادە دەبن. 
 
لەوبارەیەوە، رۆژی سێشەممە 22-11-2022، سەرۆکی هەرێمی کوردستان پەیامێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند: دووبارەبوونەوەی رووداوی تەقینەوەی غاز جێگەی نیگەرانی و مەترسیی جیدییە دەبێت لایەنی پەیوەندیدار بەزووترین کات و بەجیدی لەسەر ئەو بابەتە رابوەستێت و چاودێرییەکی باشتری سیستمی غاز و چۆنێتیی بەکارهێنانی بکات. 
 
هەروەها ئێوارەی پێنجشەممەی رابردوو، بەهۆی تەقینەوەی سیستمێکی شۆفاژ، خانوویەکی سێ نهۆمی لە سلێمانی رووخا و بەهۆیەوە 15 هاونیشتمانی گیانیان لەدەستدا و 12ی دیکە برینداربوون. 
 
لە دهۆک ئەمڕۆ بۆ دووەم رۆژی لەسەر یەک ماتەمینی گشتییە. 
 
رۆژی سێشەممە، مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان سەرپەرشتیی کۆبوونەوەیەکی تایبەت بە رووداوەکانی تەقینەوەی غازی لە سلێمانی و دهۆک کرد و لایەنە پەیوەندیدارەکانی راسپارد کە "لێکۆڵینەوەی جیدی و ورد لەبارەی جۆری غازەکە و لایەنە جێبەجیکارەکان و هۆکارەکانی رووداوەکانی سلێمانی و دهۆک بکەن."

-Rudaw



PM:12:47:23/11/2022




ئه‌م بابه‌ته 204 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌