پەرلەمانتارێکی کورد: داوامانکردووە سیستمی بەرگریی ئاسمانی بۆ هەرێمی کوردستان دابین بکرێت




پەرلەمانتارێکی کورد لە پەرلەمانی عێراق دەڵێت، لە کۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراقدا داوایان کردووە سیستمی بەرگریی ئاسمانی بۆ هەرێمی کوردستان دابینبکرێت.
 
رۆژی سێشەممە 23-11-2022، پەرلەمانی عێراق لە کۆبوونەوەیەکی داخراودا بۆردوومانکردن و تۆپبارانکردنی هەرێمی کوردستانی لەلایەن کۆماری ئیسلامیی ئێران و تورکیا تاوتوێکرد. 
 
زۆزان عەلی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "کۆبوونەوەکەی دوێنێی پەرلەمانی عێراق داخراو بوو و تێیدا گفتوگۆ لەبارەی بۆردوومانەکانی سەر هەرێمی کوردستان کرا."  
 
وەک ئەو پەرلەمانتارە دەڵێت، فراکسیۆنە کورستانییەکان یەک دەنگ بوون و داوایان لە حکومەتی عێراق کرد هەڵوێستی جیدی هەبێت. فراکسیۆنە کوردستانییەکان داوایان لە حکومەتی عێراق کرد تەنیا سەرکۆنەی بۆردوومان نەکات و رایانبگرێت." 
 
ئەو پەرلەمانتارەی عێراق دەشڵێت، داوایان لە پەرلەمان کردووە هەڵوێستی جیدی هەبێت و گوتیشی: "داوامانکرد سیستمی بەرگریی ئاسمانی بۆ پێشمەرگە و هەرێمی کوردستان دابین بکرێت تاوەکو بتوانن بەرگری لە خۆیان بکەن. داوامان کرد لیوای تایبەت لە هێزەکانی پێشمەرگە دروستبکرێت بۆ پاراستنی سنوورەکانی هەرێمی کوردستان." 
 
زۆزان عەلی گوتی، زۆربەری پەرلەمانتاران هێرشەکانیان سەرکۆنە کرد، بەڵام هەندێک لە پەرلەمانتاران باسی ئەوەیان کرد،کە کوردستان هەندێک لایەنی ئۆپۆزیسیۆنی ئێران دەحەوێنێتەوە و وەڵامی ئێمەش ئەوەبوو کە "وەک تەواوی ئۆپۆزیسیۆنەکانی جیهان، ئەوانە بە ئاگاداری رێکخراوەکانی نێودەوڵەتی ماوەیەکی زۆرە لە هەرێمی کوردستانن." 
 
پەرلەمانتارە کوردەکە گوتی، لە کۆبوونەوەکەدا هیچ بڕیارێک نەدرا، بەڵکو تەنیا گفتوگۆ بوو و رایگەیاند، ئەوەی پێی گەیشتوون ئەوەیە کە پێویستە هەڵوێستێکی یەکگرتوو هەبێت دژی بۆردوومان و پەلامارەکانی سەر هەرێمی کوردستان. 
 
هەر رۆژی سێشەممە 22-11-2022، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا رەتیکردەوە هێرشەکانی چەند رۆژی رابردووی ئێران بە ئاگاداری حکومەتی عێراق بووبن و گوتی: "ئەو هێرشانە لە بنچینەوە رەتدەکەینەوە لەلایەن هەر دەوڵەتێکەوە بکرێن، ئینجا ئێران بێت یان تورکیا. هەر هێرشێک بکرێتە سەر سنووری عێراق بە هەموو شێوەیەک رەتیدەکەینەوە." 

-Rudaw



PM:12:50:23/11/2022




ئه‌م بابه‌ته 416 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌