یونامی: هەماهەنگی لەگەڵ سەنتەری میترۆ كاراتر دەكەین



بەرپرسی سەروەری یاسا لە ئۆفیسی مافەكانی مرۆڤ لە یۆنامی ئۆگستین باهیمۆكا، رایگەیاند لەگەڵ سەنتەری میترۆ كاری هاوبەشمان هەیە بۆ چاودێری كەیسی مافی ئازادی رادەربڕین و رۆژنامەگەری و بەردەوامی بەو هەماهەنگییەی نێوانمان دەدەین و كاراتری دەكەین.
ئێوارەی ئەمرۆ وەفدێكی، نوسینگەی مافەكانی مرۆڤ لە نێردەی نەتەوەیەكگرتووەكان بۆ هاوكاری عێراق و هەرێمی كوردستان، بەرپرسی مەلەفی سەروەری یاسا ئۆگستین باهیمۆكا، بەرپرسی ئۆفیسی مافەكانی مرۆڤ لە ئۆفیسی هەولێر زەیتۆ سیانی، سەردانی ئۆفیسی سەرەكی سەنتەری میترۆیان كرد لە شاری سلێمانی.

لەو دیدارەدا رێكخەری سەنتەری میترۆ رەحمان غەریب، بە گەرمی بەخێرهاتنی وەفدەكەی كرد و خۆشحاڵی دەربڕی لە بەردەوامبوونی هەماهەنگی هەردولا بۆ چاودێریكردنی رەوشی مافەكانی مرۆڤ لە هەرێمی كوردستان.
هەروەها بەرێوەبەرو ستافی سەنتەر تیشكیان خستە سەر گرنگترین وێستگەكانی كاری سەنتەر بۆ ساڵی 2022 و ئامادەكارییان بۆ راگەیاندنی راپۆرتی ساڵانە.

هەروەها بەرپرسی ئۆفیسی مافەكانی مرۆڤ لە ئۆفیسی هەولێر زەیتۆ سیانی، تیشكی خستە سەر گرنگترین چالاكی و دیدارەكانی ساڵی رابردوو بە ئامانجی چەسپاندنی پرنسیپەكانی مافی مرۆڤ.
بەرپرسی سەروەری یاسا لە ئۆفیسی مافەكانی مرۆڤ لە یۆنامی ئۆگستین باهیمۆكا، خۆشحاڵی دەربڕی بۆ ئەم دیدارەو رایگەیاند لەگەڵ سەنتەری میترۆ كاری هاوبەشمان هەیە بۆ چاودێری كەیسی مافی ئازادی رادەربڕین و رۆژنامەگەری و بەردەوامی بەو هەماهەنگییەی نێوانمان دەدەین و كاراتری دەكەین.
لەو دیدارەدا چەندین پرسیاری ئاراستەی تیمی میترۆ كرد كە تایبەتبوون بە رەوشی ئازادی رۆژنامەنوسی و رادەربڕین لە ناوچە جیاجیاكانی هەرێمی كوردستان.

وەفدی میوان دەستخۆشییان لە سەنتەری میترۆ كرد لە هەوڵی و كۆششەكانیان  بۆ بەرگری لە ئازادی رۆژنامەنوسی و دواین چالاكییان كە تایبەتە بە هەڵمەتی هۆشیاری دژ بە هەواڵ و زانیاری چەوشارەكارانە.
نێردەی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ هاریكاری عیراق (یونامی) نێردەیەكی سیاسییە و لە ساڵی ٢٠٠٣ بە بڕیاری ئەنجومەنی ئاسایشی ژمارە ١٥٠٠ لەسەر داوای عیراق دامەزراوە و لەوكاتەشەوە لەكاردایە و دواییش لە ساڵی ٢٠٠٧ دەورەكەی بەگوێرەی بڕیاری ١٧٧٠ فراوان كرا..  

یونامی ئەركی دانی راوێژ و هاوكاریكردنی حكومەتی عیراق و خەڵكەكەی لە چەندان بواردا پێ سپێردراوە. ئەمەش ئاشتبوونەوەی نیشتمانی و گفتوگۆی سیاسی گشتگر و پێشكەوتوو دەگرێتەوە لەگەڵ هاوكاریكردنی پرۆسەی هەڵبژاردن بەرەو ئەنجامدانی سەرژمێری نیشتمانی و ئاسانكاریكردن بۆ گفتوگۆی هەرێمی لەنێوان عیراق و دراوسێكانیدا و گەشەدان بە پاراستنی مافەكانی مرۆڤ و چاكسازی یاسایی و دادی.


AM:11:21:18/12/2022




ئه‌م بابه‌ته 608 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌