میترۆ پێشوازی لە وەفدێكی یەكگرتووی ئیسلامی كرد




(عوسمان كاوانی) كارگێڕی ئەنجومەنی جێبەجێكردنی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان، كارەكانی سەنتەری میترۆی بە " پیشەیی" وەسفكردو رایگەیاند، میترۆ وێنەیەكی جوان و جیاوازە لەناو كۆمەڵی مەدەنی كوردستان.

ئەمڕۆ وەفدێكی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان كە پێكهاتبوون لە (عوسمان كاوانی) كارگێڕی ئەنجومەنی جێبەجێكردنی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان، (ئیبراهیم ئیسماعیل) بەرپرسی راگەیاندنی مەڵبەندی سلێمانی، رۆژنامەنوس (سامان حەمە كەریم)، سەردانی میترۆیان كرد و بەگەرمی لە لایەن تیمی سەنتەرەوە پێشوازییان كرا.
سەرەتا رێكخەری سەنتەری میترۆ رەحمان غەریب، بەخێرهاتنی وەفدەكەی كرد، پیرۆزبایی لە (ئیبراهیم ئیسماعیل) كرد كە پاش وەرگرتنی ماستەرەكەی لە بواری میدیا، وەك بەرپرسی راگەیاندنی مەڵبەند ئەركی وەرگرتووە. سوپاسی رۆژنامەنووس سامان حەمەكەریم و میدیاكارانی یەكگرتووی كرد لە پشتیوانیكردنی ئامانج و چالاكییەكانمان.

سەرەتا (عوسمان كاوانی) كارگێڕی ئەنجومەنی جێبەجێكردنی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان باسی لە ئامانجی سەردانەكەیان كرد كە بۆ دەستخۆشی هیوای بەردەوامبوون و بەهێزكردنی ئیرادەی بەردەوامبوون هاتوون، ووتی" كارەكانی سەنتەری میترۆ مۆركی پیشەیی وەرگرتووەو نمونەیەكی جوان و جیاوازە لەناو كۆمەڵی مەدەنیدا" هیوادارم راپۆرتەكەتان ئاوێنەی رووداوەكانی 2022 ی رەوشی ئازادی رۆژنامەگەری بێت" 

  رەحمان غەریب، باسی لە ئامادەكەرییەكانی سەنتەری میترۆی كرد بە راگەیاندنی راپۆرتی رەوشی ئازادی رۆژنامەنوسی لە هەرێمی كوردستان بۆ ساڵی 2022، ووتی " هێزی چەكدار یاسای رۆژنامەگەرییان پەكخستووە رەفتاری ئەوان  بەرامبەر تیمەكانی راگەیاندن  ، لەكاتی روماڵكردنی رووداوەكاندا، گۆڕانكاری بەسەردا نەهاتووە، زۆربەی ئەو رووداوانەی كە بەهای هەواڵیان هەیە، ئاستەنگیان بۆ  رۆژنامەنوسان دروستكردوە  تا  ڕوماڵەكانیان ئەنجام نەدەن" 
جەختیكردوە " دەستبەسەركردن بە بێ فەرمانی دادگا، توندوتیژی و شەقوەشاندن، پەلاماردانی تیمەكانی راگەیاندن و  توندكردنیان لە بنكەكانی هێشتنەوەی پۆلیس و زیندانی ئاسایش، هەرەشەكردن و تۆقاندن، جیاكاری و پێنەدانی زانیاری ، تەنانەت ئەمساڵ هەندێ‌ رۆژنامەنوس بەر لە چوونی بۆ روماڵی خۆپیشاندان  لەبەردەم ماڵەكەیدا دەستبەسەر دەكرا"

هەروەها بەڕێوەبەری سەنتەری میترۆ (دیاری محمد)، باسی چالاكییەكانی سەنتەری میترۆ بۆ ساڵی 2022 كرد بە تایبەتیش تیشكی خستە سەر پرۆژەی هوشیاری لە دژی بڵاوكرنەوەی زانیاری ناراست و نادروست لە هەرێمی كوردستان، بە ئامانجی بڵاوكردنەوەی هۆشیاری گشتی لە رێگەی خولی هۆشیاری بۆ كچان و كورانی خوێنكاری بەشی میدیای زانكۆكان، ووتەبێژی فەرمانگەكان، رۆژنامەنووسانپاشان دەركردنی پەیماننامەی شەرەفی میدیای دژ بە هەواڵی چەواشە.



AM:10:35:19/01/2023




ئه‌م بابه‌ته 528 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌