راپۆرتی میترۆ لەبەردەم 18 كونسڵ و دبلۆماتكار بوو



بە نوێنەرایەتی سەنتەری میترۆ  هەژان خالید لە دیداری كونسڵخانەی گشتی وڵاتان لە هەرێمی كوردستان كە لە لایەن زانكۆی ئەمریكی لە سلێمانی  رێكخرابوو بەشداربوو.
لەم دیدارەدا 18 دبلۆماتكاری وڵاتانی جیهان بەشداربوون كە 12 بەشداربوو كونسڵی گشتی وڵاتەكانیان بوون لە هەرێمی كوردستان.

لە ناویاندا ئێرڤن هیكس، كونسوڵی گشتی وڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا، ڕۆزی كەیڤ كونسوڵی گشتی بەریتانیا، ئۆلیڤێ دیكۆتینی، كونسوڵی گشتی فەرەنسا، هێپەر پاترسۆن بەرپرسی نووسینگەی كەنەدا، نوێنەری نێردەی نەتەوە یەكگرتووەكان لە هەولێر (یۆنامی) و نوێنەری یەكێتی ئەورووپا لەگەڵ كونسوڵەكانی كۆریای باشوور و یۆنان و سەرۆكی زانكۆی ئەمەریكی.
لەدیدارەكەدا دوو پانێڵ بەرێوەچوو، پانێڵی سەرەكی تایبەت بوو بە رەوشی ئازادی رادەربڕین لە هەرێمی كوردستان، ئەویتریان تایبەت بوو بە رەوشی ژنان و مافەكانیان.

سەنتەری (میترۆ و دامەزراوەی درەومیدیا) و رێكخراوی سی پیتی بانگهێشتی دیدارەكە كرابوون بۆ قسەكردن دەربارەی رەوشی ئازادی رۆژنامەنووسی، 
هەژان خالید دوای پێشكەشكردنی راپۆرتی ساڵانەی سەنتەری میترۆ سەبارەت بەو پێشێلكارییانەی  لە ساڵی 2022 بەرامبەر رۆژنامەنووس و دەزگای میدیای ئەنجامدراون، تیشكی خستە ئەو یاساشكێنییەی هێزە چەكدارەكان لە هەرێمی كوردستان ئەنجامیدەدەن لە دەستبەسەركردن بە بێ فەرمانی دادگا، توندوتیژی و شەقوەشاندن، پەلاماردانی تیمەكانی راگەیاندن و  توندكردنیان لە بنكەكانی هێشتنەوەی پۆلیس و زیندانی ئاسایش، هەرەشەكردن و تۆقاندن، جیاكاری و پێنەدانی زانیاری.

لە پەراوێزی دیدارەكەدا كە یەكەمین جارە چالاكییەكی هاشێوە لە شاری سلێمانی بەرێوەدەچێت، نوێنەری سەنتەری میترۆ چەندین دیداری لەگەڵ كونسڵ و دبلۆماتكارەكان ئەنجامدا و بانگهێشتی كردن بۆ كۆبونەوەی هاوبەش و راپۆرتی رەوشی ئازادی رۆژنامەگەری لە هەرێمی كوردستان، پێششكەش بە بەشداربووان كرد.



AM:10:58:19/01/2023




ئه‌م بابه‌ته 652 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌