دیندار زێباری وه‌ڵامی‌ میترۆ ده‌داته‌وه‌





میترۆ
ڕێكخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەكان لەسەر پرسی ئازادیی ڕۆژنامەوانی و میدیایی وەڵامی سەنتەری میترۆ دەداتەوە و ڕایدەگەیەنێت "لە ماوەی ٢٠ ساڵی ڕابردوودا ٢٦٢ میدیای جۆراوجۆر مۆڵەتیان پێ بەخشراوە و لە ساڵی ڕابردووشدا هیچ ڕۆژنامەنووسێك بەبێ بڕیاری دادوەر و لە دەرەوەی یاسا دەستگیر نەكراوە".

ڕۆژی دووشەممە ١٦ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٣، سەنتەری میترۆ بۆ داکۆکی لە ڕۆژنامەنووسان، ڕاپۆرتی ساڵانەی خۆیان سەبارەت بە دۆخی ئازادییەکانی ڕۆژنامەوانی لە ساڵی ٢٠٢٢ لە هەرێمی كوردستان بڵاو کردەوە.

دوای ئەوە د. دیندار زێباری، ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان ڕایگەیاند: "گرنگە ئاماژە بەوە بکەین کە ئازادییە میدیاییەکان لە هەرێمی کوردستان ڕێزیان لێ دەگیرێت و پەرەیان پێ دەدرێت. لە سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان هەشت هەزار ڕۆژنامەنووس تۆمار کراون، بە لایەنی کەمیشەوە هەزار کەس هەن کە بەبێ ئەندامیەتیی ئەو سەندیکایە کاری ڕۆژنامەگەری دەکەن. لە ماوەی ٢٠ ساڵی ڕابردوودا هەزار و ٢٦٢ میدیای دیجیتاڵی و ڕۆژنامەوانی مۆڵەتیان بەدەست هێناوە: ٥٠ ماڵپەڕ، ١٣٨ ڕادیۆ، ٩٥٨ ڕۆژنامە و گۆڤار، ٣١ کەناڵی مانگی دەستکرد و ٨٥ وێستگەی پەخشی ناوخۆیی. بە لەبەرچاوگرتنی ئەم ژمارەیە دەتوانین بڵێین کە لە هەر ٧٧٨ هاووڵاتیی هەرێمی کوردستان، یەکێکیان ڕۆژنامەنووسە. جگە لەوەش هەر گرووپێک کە لە چوار هەزار و ٩٠١ هاووڵاتی پێک هاتووە، بەرانبەر بە یەک میدیای ئەلیکترۆنی یان ڕۆژنامەوانییە".

وتیشی: "دەزگاکانی جێبەجێکردنی یاسا بە جێبەجێکردنی فەرمانە دادوەرییەکانەوە پابەندن و فەرمانی دادوەری پێشمەرجە بۆ ئەنجامدانی دەستگیردن و دەستبەسەرکردن. هیچ پڕۆسەیەکی پێچەوانە ڕێگەپێدراو نییە و هیچ دەستگیرکردنێکی دەرەوەی دادوەری تۆمار نەکراوە. چوار سەرۆکایەتیی دادگاکانی تێهەڵچوونەوە هەن کە لە ڕووی کارگێڕی و داراییەوە سەر بە ئەنجوومەنی دادوەرین و سەربەخۆن لە پەیوەندی لەگەڵ ئەو بڕیارانەی کە بەپێی یاسا کارپێکراوەکان لە هەرێمی کوردستان دەیدەن".

لە وەڵامی سەنتەری میترۆ، ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان ڕایگەیاند: "سەنتەری میترۆ نیگەرانیی خۆی لەبارەی بەکارهێنانی یاسای تر جگە لە یاسای ڕۆژنامەوانی ژمارە ٣٥ی ساڵی ٢٠٠٧ بۆ کەیسەکانی پەیوەست بە ڕۆژنامەگەری پێشان داوە." دیارە دەسەڵاتی دادوەری پێوەری تایبەتی خۆی هەیە بۆ جیاکردنەوەی یاسا پەیوەندیدارەکان لە یاسا ناپەیوەندیدارەکان و جێبەجێکردنیان لە چوارچێوەیەکی دادوەریی دروستدا. هەرچەندە ئەوە بۆ دەسەڵاتی دادوەرییە کە جێبەجێکردنی یاساکان لە دادگادا ڕوون بکاتەوە، بەڵام جەخت لەوە دەکەینەوە کە یاسای ڕۆژنامەگەری چالاکە و پێویستە وەک خۆی جێبەجێ بکرێت".

لە کۆتایی قسەکانیدا، ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان ڕایگەیاند: "حکومەتی هەرێم پابەندە بە پێوەرە نێودەوڵەتییەکانی مافەکانی مرۆڤەوە، بەتایبەتی لەڕووی پاراستنی ئازادییە میدیاییەکانەوە. لەم ڕووەوە، مافی ئازادیی ڕادەربڕین و ئازادییەکانی میدیا لە ڕاپۆرتی پلانی هەرێمی بۆ مافەکانی مرۆڤدا بە تەواوی باس کراوە، کە چوارچێوەیەکی گشتگیرە بۆ چەسپاندنی هەموارکردنە یاسایی و جێبەجێکارییەکان. بۆ دەوڵەمەندکردنی پرۆسەکە، نووسینگەی ڕێکخەر بەمزووانە کۆمەڵە ڕێکارێک دەردەکات کە گشتاندنیان بۆ دەکرێت لە سەرانسەری دامودەزگاکانی هەرێمدا. ئەو ڕێکارانە دەبنە هۆی خێراکردنی جێبەجێکردنی پلانی هەرێمی، لەوانەش پتەوکردنی میکانیزمی لێپێچینەوە لە کاتی بوونی دەنگۆی پێشێلکارییەکانی دژ بە ئازادیی ڕادەربڕین، خێراکردنی پڕۆسەی پێدانی زانیاری لەلایەن دامودەزگا فەرمییەکان، خێراکردنی پڕۆسەی سەرەتایی بۆ یەکلاییکردنەوەی ئەو دۆسیانەی تایبەتن بە کاری ڕۆژنامەگەری، جێبەجێکردنی یاسای ڕۆژنامەگەری بەپێی پێوەرە نێودەوڵەتییەکان و چەند ڕێوشوێنێکی دیكە".


PM:05:37:19/01/2023




ئه‌م بابه‌ته 124 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌