پێشێلكارییەكانی دژی رۆژنامەنوسان زیادیانكردووە: لە 2022ـدا گەیشتۆتە 431 حاڵەت



میترۆ,كەركوك ناو

دەستبەسەركردنی رۆژنامەنوسان بەبێ بڕیاری دادگا و زەوتكردنی كەلوپەلە رۆژنامەوانییەكانیان لە ساڵی رابردوودا بۆ زیاتر لە دوو هێندە بەرزبۆتەوە، ئەوەش بەپێی راپۆرتی ساڵانەی سەنتەری میترۆ.

سەنتەری میترۆ بۆ داكۆكیكردن لە مافی رۆژنامەنوسان، ئەمڕۆ دوشەممە 16ـی كانونی دوەمی 2023، راپۆرتی ساڵانەی پێشێلكارییەكانی دژ بە رۆژنامەنوسان لە هەرێمی كوردستان بڵاوكردەوە و تیایدا هاتووە؛ لە ساڵی 2022ـدا 431 پێشێلكحاری بەرانبەر بە 301 رۆژنامەنوس و دامەزراوەی میدیایی تۆماركراون.

لە نێو پێشێلكارییەكاندا 195 رێگری لە روماڵ هەبون، لەگەڵ 68 حاڵەتی زەوتكردن و شكاندنی كەلوپەلی رۆژنامەوانی، جگە لە 46 حاڵەتی هێرش و هەڕەشە و سوكایەتی.

بەپێی ئامارەكە دەستبەسەركردن بەبێ بڕیاری دادگا 64 حاڵەت بووە، دەستبەسەركردن بەبڕیاری دادگا چوار حاڵەت هەبووە.

لێدان و برینداركردن 46 حاڵەت تۆماركراوە، داخستنی كەناڵ یەك حاڵەت، هێرشی موشەكی دوو حاڵەت، هەڵكوتانە سەر ماڵی رۆژنامەنوس سێ حاڵەت، هێرشی ئەلیكترۆنی شەش حاڵەت و پڕكردنەوەی بەڵێننامە بە رۆژنامەنوسان 16 حاڵەت بووە.

ئامارەكانی پێشێلكاری زیادیانكردووە بەوپێیەی لە ساڵی 2021ـدا 353 حاڵەتی پێشێلكاری بەرانبەر بە 260 رۆژنامەنوس و دامەزراوەی میدیایی هەبون، هەر بەپێی ئامارەكانی سەنتەری میترۆ.

لە پێشێلكارییەكانی ساڵی 2021ـدا رێگری و جیاكاری 189 حاڵەت، لێدان و سوكایەتی 81 حاڵەت، دەستبەسەركردن بەبێ‌ بڕیاری دادگا 25 حاڵەت، زەوتكردنی كەلوپەلی رۆژنامەوانی 25 حاڵەت، هەڕەشەكردن 13 حاڵەت، شكاندنی كەلوپەلی رۆژنامەوانی حەوت حاڵەت، تەقەكردن لە رۆژنامەنوس یەك حاڵەت، سزادانی رۆژنامەنوسان بەدەر لە یاسای رۆژنامەوانی چوار حاڵەت، هەڵكوتانەسەر و داخستنی بارەگای كەناڵەكان دوو حاڵەت و پڕكردنەوەی بەڵێننامە بە رۆژنامەنوسان شەش حاڵەت تۆماركرابوو.

سەندیكای رۆژنامەنوسانی كوردستان، تائێستا تەنیا ئاماری پێشێلكارییەكانی نیوەی یەكەمی ساڵی رابردووی بڵاوكردۆتەوە، لە 1ـی كانونی دوەمی 2021 تا 30ـی حوزەیرانی هەمان ساڵ 22 پێشێلكاری بەرانبەر بە 62 رۆژنامەنوس و دەزگای میدیایی هەبووە.

بەپێی ئامارەكانی سەندیكا لە نیوەی یەكەمی ساڵی 2022ـدا دوو حاڵەتی دەستگیركردن هەبووە، لەگەڵ هەشت رێگری و جیاكاری، سێ حاڵەتی دەستبەسەرداگرتن و شكاندنی كەلوپەلی رۆژنامەوانی، چوار حاڵەتی هێرش و سوكایەتی، هەڕەشەكردن یەك حاڵەت، دەركردن لە كار دوو حاڵەت، داخستنی كەناڵ یەك حاڵەت و یەك حاڵەتی هێرشكردنە سەر كەناڵی میدیایی هەبووە.

لە ساڵی 2021ـیشدا وەك سەندیكای رۆژنامەنوسان بڵاویكردەوە، 79 حاڵەتی پێشێلكاری بەرانبەر بە 187 رۆژنامەنووس و دەزگای ڕاگەیاندن لە هەرێمی كوردستان تۆماركرابون، لە نێویاندا 17 حاڵەتی دەستگیركردن، 31 رێگری لە روماڵ، 22 حاڵەتی هێرش و سوكایەتی لەگەڵ چوار حاڵەتی لێدان و دوو حاڵەتی هەڕەشەكردن.

هەر بەپێی ئامارەكانی پێشتری سەندیكای رۆژنامەنوسان لە ساڵی 2020ـدا 138 پێشێلكاری دژی 315 دەزگای میدیایی و رۆژنامەنوس تۆماركراون، لەكاتێكدا هەمان ساڵ بەپێی ئاماری سەنتەری میترۆ 385 پێشێلكاری بەرانبەر بە 291 رۆژنامەنوس و دەزگای میدیایی هەبون.

لە ساڵی 2019ـیشدا بەپێی ئاماری سەندیكای رۆژنامەنوسان 66 پێشێلكاری هەبووە دژی 151 رۆژنامەنوس و دەزگا بەڵام سەنتەری میترۆ دەڵێت لەو ساڵەدا 231 پێشێلكاری بەرانبەر بە 209 رۆژنامەنوس و دەزگای راگەیاندن تۆماركراوە.

بەپێی دوایین راپۆرتی کۆمیتەی پاراستنی رۆژنامەنووسان (CPJ)، ساڵی 2022 "ساڵێکی دیکەی ریکۆردشکێن" بووە لە ژمارەی ئەو رۆژنامەنوسانەی کە بەهۆی ئەنجامدانی پیشەکەیانەوە زیندانی کراون، بەوپێیەی تا یەكی كانونی یەكەمی ئەو ساڵە لە تەواوی جیهان 363 رۆژنامەنوس لە زینداندا بون و ئازادییان لێ زەوتکراوە، ئەوەش ئاستێکی بەرزی نوێی جیهانییە کە بە ڕێژەی لەسەدا 20 ژمارەی پێوانەیی ساڵی 2020ـی تێپەڕاندووە.

لە ئامارەكەی (CPJ)ـدا هاتووە؛ لە تەواوی عیراق سێ رۆژنامەنوس  دەستگیرکراون و لە زیندانن كە هەرسێكیان لە هەرێمی كوردستانن.


AM:11:58:22/01/2023




ئه‌م بابه‌ته 144 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌