لە چوارقوڕنە ماڵێک سووتا و ژنێکی دووگیان گیانی لەدەستدا




میترۆ,رووداو 

لە ناحیەی چوارقوڕنە لە ئیدارەی راپەڕین، بەهۆی سووتانی ماڵێکەوە ژنێکی 25 ساڵ کە دووگیان بووە، گیانی لەدەستدا. گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی راپەڕین دەڵێت، ژنەکە بە تەنیا لە ماڵ بووە و هاوژینەکەی پێشمەرگەیە و لە ماڵەوە نەبووە.
 
رۆژی یەکشەممە، 22-1-2023، نەقیب عەلی قادر، گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی راپەڕین بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئەمڕۆ کاژێر 07:52 هێزەکانمان لە رووداوێکی ئاگرکەوتنەوە لە گەڕەکی چۆمان لە ناحیەی چوارقوڕنە ئاگادار کرانەوە؛ بەداخەوە دیاربوو رووداوەکە زووتر روویداوە و نزیک کاژێر 07:00 بووە، بەڵام کەس ئێمەی ئاگادار نەکردبووەوە، بۆیە تاوەکو هێزەکانمان گەیشتن ژنێک لە ماڵەکەدا سووتا بوو".
 
ژنەکە ناوی ئاشتی موسڵیحە و تەمەنی 25 ساڵە، عەلی قادر گوتی، ژنەکە دووگیان بووە و بە تەنیا لە ماڵەوە بووە، چونکە هاوژینەکەی پێشمەرگەیە و لە دەوام بووە.
 
لەبارەی هۆکاری رووداوەکەش، گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی راپەڕین گوتی: "ژنەکە لە ماڵەوە نووستبوو و، هیتەر کارەبا کاری کردووە، بەڵام پلاکی هیتەرەکە تواوەتەوە و بەهۆیەوە ئاگرکەوتووەتەوە و ژنەکە گیانی لەدەستداوە".
 



PM:12:30:22/01/2023




ئه‌م بابه‌ته 100 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌