میترۆ،رووداو
لە چوارچێوەی چالاکییەکانی پڕۆژەی هونەریی 'هێلان' لە هەولێر، پێشانگەیەکی هاوبەشی فۆتۆگرافی بۆ ژمارەیەک گەنجی فۆتۆگرافەر کرایەوە، ئەمەش لە دوای بەشداربوونیان لە وۆرکشۆپێکی سێ رۆژەی تایبەت بە هونەری پۆرترێت.
پێشانگەکە بەناونیشانی 'ژیان لە کوردستان'ـە و بەشداربووانی پێشتر لە وۆرکشۆپێکدا لە ماوەی سێ رۆژدا، راهێنانیان لەبارەی وێنەی پۆرترێتی وەرگرتبوو، دواتر هەریەکەیان بە ستۆریەکی پۆرترێتی لە پێشانگەکەدا بەشداربوون.
سارا سلێمان، بەشداربووی پێشانگەکە بە رووداوی راگەیاند، خۆشحاڵە بە بەشداربوون لە پێشانگەکەدا، لە دوای ئەوەی وۆرکشۆپێکدا لەگەڵ ژمارەیەک فێرخواز بەشداربوو، هەرچەند پڕۆژەکەیان کاتی خایاند، بەڵام دواجار توانیان پێشانگەکە بکەنەوە.
پێشانگە بە ئامادەبوونی ژمارەیەک هونەرمەند هۆگرانی هونەری فۆتۆگرافەری، ئێوارەی رۆژی شەممە 21ـی کانوونی دووەمی 2023 کرایەوە و بۆ ماوەی یەک هەفتە لە گەلەری فرێمینگ بەردەوام دەبێت.
'هێلان' پڕۆژەیەکی هونەری پەیمانگەی گۆتەی ئەڵمانییە لە عێراق و بەهاوکاری لەگەڵ فێرگەی فرێمینگ بۆ وێنەی رۆژنامەوانی و گەلەری سێڤ ساز دەکرێت و ماوەی زیاتر لە دوو ساڵە بەردەوامە، تێیدا چالاکی هونەری وەک کردنەوەی پێشانگە، خول، وۆرکشۆپ و سازکردنی کۆنسێرت و لایڤ میوزیک لەخۆدەگرێت