پێشێلكاری بەرامبەر رۆژنامەنووسان لەهەڵكشاندایە




میترۆ,هاولآتی 

شەنای فاتح

سەنتەری میترۆ بۆ داكۆكی لەمافی رۆژنامەنووسان ئاماری پێشێلكارییەكانی بەرامبەر رۆژنامەنووسان بۆ ساڵی ٢٠٢٢ بڵاوكردەوەو ژمارەكانیش بەراورد بەساڵی ٢٠٢١ زیادیكردووە.

لەشاری سلێمانی و لەمەراسیمێكدا، رۆژی ١٦ی كانوونی دووەمی ٢٠٢٢، سەنتەری میترۆ بۆ داكۆكی لەمافی رۆژنامەنووسان لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا لەڕاپۆرتێكدا بەناونیشانی «پارێزەرانی یاسا لەئەركەكانیان هەڵدەگەڕێنەوە، زەبروزەنگی هێزە ئەمنییەكان، یاسای رۆژنامەگەری پەكدەخات» ئاماری پێشێلكارییەكانی بەرامبەر بەڕۆژنامەنوسان بۆ ساڵی ٢٠٢٢ خستەڕوو.

رەحمان غەریب، سەرۆكی سەنتەری میترۆ رایگەیاند: ساڵی ٢٠٢٢ رەفتاری هێزە ئەمنییەكان بەرامبەر رۆژنامەنووسان لەكاتی رووماڵكردنی رووداوەكاندا، گۆڕانكاری بەسەردا نەهاتووە، لەزۆربەی ئەو رووداوانەی بەهای هەواڵییان هەیە، ئاستەنگ بۆ رۆژنامەنووسان دروستكراوە، دەستبەسەركردن بەبێ فەرمانی دادگا، توندوتیژی و شەق وەشاندن، پەلاماردانی راگەیاندنكاران و توندكردنیان لەبنكەكانی هێشتنەوەی پۆلیس و زنیدانی ئاسایش، هەڕەشەكردن و تۆقاندن، جیاكاری و پێنەدانی زانیاری، تەنانەت هەندێك رۆژنامەنووس پێش چوون بۆ رووماڵی خۆپیشاندان، لەبەردەم ماڵەكانیان دەستگیركراون».

وتیشی:»گرێبەستی چەوساندنەوەی میدیاكاران، كەمی و پێنەدانی موچەی چەند مانگەیان بووە بەدیاردە، لەباشترین حاڵەتیشدا موچەكانیان دوادەكەوێت، ئەوە جگە لەوەی جیاكاری زەقیش لەموچەی نێوان خانمانی میدیاكارو هاوكارەكانیان هەیە».

بەپێی راپۆرتی رێكخراوی (پەیامنێرانی بێسنوور) كە ئۆفیسی سەرەكی لەفەڕەنسایە سەبارەت بەخراپی ژینگەی كاری رۆژنامەگەری بۆ ساڵی ٢٠٢٢ لەكۆی ١٨٠ وڵات عێراق لەڕیزبەندی ١٧٢دایە، بەمەش لە ١٠ خراپترین وڵاتی جیهانە لەئاست بەڕێوەچوونی كاری رۆژنامەنووسان و ئازادی كاركردنیان، لەم ئامارەشدا عێراق بەبەراورد بەساڵی ٢٠٢١ نۆ پلە پاشەكشەی كردووە.

ئاماری پێشێلكاری بەرامبەر رۆژنامەنووسان و دەزگا میدیاییەكان بۆ ساڵی ٢٠٢٢ بەم شێوەیەی خوارەوە بووە:

٤٣١ پێشێلكاری بەرامبەر ٣٠١ رۆژنامەنووس و دەزگای میدیایی كراوە،  ١٩٥ حاڵەتی رێگری هەبووەو ٦٨ حاڵەتی زەوتكردن و شكاندنی كەلوپەلی رۆژنامەوانی،  ٤٦ حاڵەتی هێرش، هەڕەشەو سوكایەتی، ٦٤ حاڵەتی دەستبەسەركردن بەبێ بڕیاری دادگا، چوار حاڵەتی دەستگیركردن بەبڕیاری دادگا، ٢٦ حاڵەتی لێدان و برینداربوون، حاڵەتێكی داخستنی نوسینگەی كەناڵ، دوو حاڵەتی هێرشی موشەكی، سێ حاڵەتی هەڵكوتانەسەر ماڵی رۆژنامەنووس، شەش حاڵەتی هێرشی ئەلیكترۆنی و ١٦ حاڵەتی پڕكردنەوەی بەڵێننامە.

ئەمە لەكاتێكدایە كەئامارەكان بۆ ساڵی ٢٠٢١ بەم شێوەیەی خوارەوە بووە:

 ٣٥٣ پێشێلكاری بەرامبەر بە ٢٦٠ رۆژنامەنووس و دامەزراوەی میدیایی كراوە، ١٨٩ حاڵەتی رێگری و جیاكاری،٨١ حاڵەتی هێرش و لێدان و سوكایەتی، ٢٥ حاڵەتی دەستبەسەركردن بەبێ بڕیاری دادگا، ٢٥ حاڵەتی زەوتكردنی كەلوپەلی رۆژنامەوانی، ١٣ حاڵەتی هەڕەشە، حەوت حاڵەتی شكاندنی كەلوپەلی رۆژنامەوانی و حاڵەتێكی تەقەكردن لەرۆژنامەنووس، چوار حاڵەتی رۆژنامەنووسی حوكمدراو بەدەر لەیاسای كاری رۆژنامەنووسی، دوو حاڵەتی هەڵكوتانەسەرو داخستنی بارەگای كەناڵ و شەش حاڵەتی پڕكردنەوەی بەڵێننامە.

بەێی ئاماری فەرمی وەزارەتی رۆسنبیری حكومەتی هەرێمی كوردستان تا كۆتایی مانگی ئابی ٢٠٢١  ژمارەی كەناڵە ئاسمانییەكان ژمارەیان گەیستووەتە ٣١ كەناڵ، كە ١٧كەناڵ لەهەولێرو ١٠ كەناڵیان لەسلێمانی و چوار كەناڵیش لەدهۆك.

هەر بەپێی ئەو ئامارە ١٢٦ كەناڵی ناوخۆیی لەهەرێم مۆڵەتی فەرمییان وەرگرتوە كە كە ٨٣ یان لە هەولێرو ٣٤یان لەسلێمانی و نۆیان لەدهۆك.

سەبارەت بەژمارەی رادیۆكان لەهەرێمی كوردستان ژمارەیان ١٦٢ رادیۆیە، ٨٧ یان لەهەولێر و ٥٥ یان لەسلێمانی و ٢٠ رادیۆش لەدهۆكە.

هاوكات ساڵانە بەهۆی نوێنەكردنەوەی مۆڵەتەكانیان وەزارەتی رۆشنبیری حكومەتی هەرێمی كوردستان پەخشی چەندین كەناڵی ناوخۆیی رادەگرێت و لەنوێترین بڕیاریشیدا رۆژی ١٦ی كانوونی دووەمی ٢٠٢٢ پەخشی ١٦ كەناڵی ناوخۆیی (لۆكاڵی) لەهەرێمی كوردستان بەهۆی نوێنەكردنەوەی مۆڵەتەكانیان رادەگرێت تائەو كاتەی مۆڵەتەكانیان نوێدەكەنەوە.



PM:02:23:22/01/2023




ئه‌م بابه‌ته 164 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌