پۆلیس: رۆژنامەڤانە دەستگیرکراوەکەی سلێمانی بە کەفالەت ئازادکرا




میترۆ,رووداو 

وتەبیژی پۆلیسی سلێمانی رایگەیاند، ئەو رۆژنامەڤانەی دوێنێ لە بنکەی پۆلیسی کوردسات راگیرابوو، ئەمڕۆ بە کەفالەتی یەک ملیۆن دینار ئازادکرا. سەرۆکی لقی سلێمانی سەندیکای رۆژنامەنووسانیش دەڵێت، رۆژنامەڤانەکە ئەندامی ئەوانە، بەڵام ئاگاداری نەکردوونەتەوە. "دەستگیرکردنەکەیشی لەسەر پۆستێکی فەیسبووک بووە."
 
ئەو رۆژنامەڤانە، کە ناوی سۆما خالیدە و پەیامنێر و پرۆدیوسەرە لە کەناڵی کەی ئێن ئێنی سەر بە بزووتنەوەی گۆڕان، رۆژی 13-11-2022 لە پۆستێکی فەیسبووکدا ستافی نەخۆشخانەی شاری لە سلێمانی بە "مێگەل" ناوبردووە و نووسیوویەتی: "دەبێت لە پزیشکەوە تاوەکو کارمەندەکانی تەندروستی کە لەم نەخۆشخانەیە کار دەکەن، بنێدرێنەوە ماڵەوە و وەزارەتی تەندروستی خولی چۆنیەتی مامەڵەکردن و ئەتەکێتی قسەکردنیان بۆ بکاتەوە، تا فێرببن چۆن لەگەڵ نەخۆش مامەڵە بکەن و بێڕێزی‌ نەکەن."
 
رۆژی سێشەممە 24-1-2023، سەرکەوت ئەحمەد، گوتەبێژی پۆلیسی سلێمانی بە رووداوی راگەیاند: "نوێنەری نەخۆشخانەکە سکاڵای یاسایی لەسەر تۆمارکردووە و دوێنی ئاگادارکراوەتەوە کە سکاڵای لەسەرە و پێویستە لەگەڵ سەندیکای رۆژنامەنووسان قسە بکات و سەردانی بنکەی پۆلیسی کوردسات بکات."
 
بە گوتەی سەرکەوت ئەحمەد، ئەو رۆژنامەڤانە بەبێ ئەوەی سەندیکا ئاگادار بکاتەوە سەردانی بنکەی پۆلیسی کوردساتی کردووە، "راستەوخۆ دادوەر بینویەتی، بەڵام هیچ بەڵگەیەکی لەسەر قسەکانی نەخستووەتەڕوو، بۆیە دادوەر رایگرتووە."
 
لەبارەی ئەو ماددەیەی کە ئەو رۆژنامەنووسەی پێ راگیراوە سەرکەوت ئەحمەد گوتی: "پێموابێت بە گوێرەی یاسای رۆژنامەوانی رانەگیراوە دادوەر بەگوێرەی مادەیەکی دیکە رایگرتووە، بەڵام بڕیارە ماددەکەی بگۆڕدرێت و ئەمڕۆ بە کەفالەت ئازادکراوە."
 
کاروان ئەنوەر، سەرۆکی لقی سلێمانی سەندیکای رۆژنامەنووسانی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "سۆما خالید، ئەندامی سەندیکایە، بەڵام ئاگاداری نەکردبووینەوە کە سکاڵای لەسەرە. ئەو کاتەی ئێمە ئاگادار کراینەوە ئەو راگیرابوو، ئەگینا نوێنەرێکی سەندیکا لەگەڵی دەچووە بنکەی پۆلیس."
 
سەرۆکی لقی سلێمانی سەندیکای رۆژنامەنووسانی سلێمانی دەڵێت، سۆما وەک هاووڵاتییەک بە گوێرەی یاسای خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندیکردن، راگیراوە، نەک رۆژنامەنووس. گوتیشی: "پۆستێکی لەبارەی بابەتێک کردووە، کە بەڵگەی لەسەر نەبووە."
 
سۆما خالید، لەو پۆستەی لەبارەی نەخۆشخانەی شار کردوویەتی، هەروەها نووسیویەتی :"هەرچەندە شێوازی رەفتاری هەر کەسێک پەیوەستە بە جۆری پەروەردەکردنی خێزانەکەی، کە چۆن پەروەردە کراوە، هەندێکیان پێویستیان بە چارەسەری دەروونی هەیە، بۆ ئەوەی شێوازی قسەکردنیان ئەدەبانە بێت و لە دەمدرێژیکردن بوەستن، بەتایبەتی ئەوانەی مەترێک قوماشیان لەخۆیان پێچاوە و خۆیان بۆ ئەو دنیا داناوە تا ببنە حۆرییەکانی پیاوانی بەهەشت."


PM:02:20:24/01/2023




ئه‌م بابه‌ته 224 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌