دەستەی چالاكوانانی دەربەندیخان: مانگرتنی سەرتاسەری رادەگەیێنین




ميترۆ,رووداو 

دەستەی چالاکوانانی دەربەندیخان لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت، ئەمڕۆ داوا لە فەرمانبەران، کاسبکاران و هەموو خەڵکی شارەکە دەکەن بۆئەوەی رۆژی چوارشەممە مانگرتنی سەرتاسەری رابگەیێنن. قایمقامی قەزاکەش دەڵێت، هیوایان هەیە ئەمڕۆ لە کۆبوونەوەیەکدا لەسەر دەستپێکردنەوەی کارکردن لە پرۆژەی ئاوی دەربەندیخان رێکبکەون کە داواکاریی سەرەکیی خەڵکی شارەکەیە.
 
رۆژی دووشەممە 27ی شووباتی 2023 دەستەی چالاکوانانی دەربەندیخان لە راگەیێندراوێکدا رایانگەیاند، "بە مەبەستی دڵنیابوونەوە لە جێبەجێکردنی داواکارییەکانمان (کارەبا و ئاو)، ئەمڕۆ دووشەممە هەڵمەتێکی مەیدانی ئەنجام دەدەین بۆ داواکردن لە سەرجەم چین و توێژەکانی شار و سەرجەم فەرمانگە، قوتابخانە، نەخۆشخانە، مزگەوت و دووکاندارەکان کە رۆژی چوارشەممە 01-03-2023 مانگرتنی سەرتاسەرییە لە شاری دەربەندیخان و ژیان رادەگرین؛ داواکارین هەمووان دووکانەکان دابخەن و بایکۆتی دەوام بکەن، بۆئەوەی بە یەک دەنگ بێینە سەر شەقام بۆ دروستکردنی گوشاری مەدەنیانە بۆ داواکارییەکانمان."
 
داواکاریی سەرەکیی هاونیشتمانیانی دەربەندیخان کارەبا و ئاوی خواردنەوەیە. دۆخی کارەبا "باشتر" کراوە و ئەوەی ئێستا وەکو داواکاریی سەرەکی ماوەتەوە، تەواوکردنی پرۆژەی ئاوی خواردنەوەی دەربەندیخانە، کە چەند ساڵێکە کارکردن تێیدا راگیراوە.
 
ئەمڕۆ دووشەممە، هاوکار قادر، ئەندامی دەستەی راوێژکاریی گردبوونەوە و ناڕەزایی هاونیشتمانییانی دەربەندیخان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ماوەی سێ رۆژە بە شێوەی مەیدانی داوا لە خەڵک دەکەین رۆژی چوارشەممە مانگرتنی سەرتاسەری رابگەیێنن، چونکە ئەمڕۆ 27 رۆژە لە شەقامین و داواکانمان جێبەجێ نەکراون، بەتایبەت داوای ئاوی خواردنەوە، کە هەموو کەسێک دەزانێت ئاوی دەربەندیخان چەند ساڵێکە ناخورێتەوە و شارەکە بێ ئاوە."
 
ئەو ئەندامەی دەستەی راوێژکاریی گردبوونەوە و ناڕەزایی هاونیشتمانییانی دەربەندیخان گوتیشی، خۆپێشاندان و ناڕەزاییان وەکو رۆژانی رابردوو ئەمڕۆ و سبەینێش بەردەوام دەبن.
 
لەبارەی داواکاریی هاونیشتمانییانەوە، ئەمڕۆ دووشەممە سلێمان محەممەد، قایمقامی دەربەندیخان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "ئەمڕۆ کۆبوونەوەیەک لەگەڵ کۆمپانیای جێبەجێکاری پرۆژەی ئاوی دەربەندیخان دەکەین. هیوامان بەوەیە ئەمڕۆ رێککەوتن بکرێت و پارە بۆ کۆمپانیا تەرخان بکرێت بۆ دەستپێکردنەوەی پرۆژەکە."
 
خۆپێشاندانی دەربەندیخان لە 01-02-2023وە دەستیپێکردووە. رۆژی 6ی شووبات عەلی حەمە ساڵح، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان بە رووداوی گوت، "دوای گفتوگۆمان لەگەڵ [قوباد تاڵەبانی] جێگری سەرۆکی حکومەت، رەزامەندیی کۆتاییمان وەرگرت و سەرۆکی شارەوانیی راسپارد زەوییەکی نایاب، کە دەوروبەری 20 ملیۆن دۆلار دەکات، بفرۆشن و بەشێکی بۆ تەواوکردنی پاڵاوگەی ئاوی دەربەندیخان و بەشێکی بۆ خزمەتگوزاری بۆ سلێمانی تەرخان دەکرێت."
 
هەروەها 14ی شوبات، شاندێک لە دەربەندیخان لەگەڵ تیمی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبوونەوە. دوای کۆبوونەوەکە قایمقامی دەربەندیخان بە رووداوی گوت، بەڵێنیان پێدراوە سەرەتای مانگی ئادار بەشی دووەمی پارەی کۆمپانیای جێبەجێکاری پاڵاوگەی ئاوی دەربەندیخان، کە 4 ملیۆن و 722 هەزار دۆلارە خەرجبکرێت و کارکردن لە پرۆژەکە دەستپێبکاتەوە.
 


AM:11:28:27/02/2023




ئه‌م بابه‌ته 260 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌