پۆلیسی سلێمانی: کەژاڵ مستەفا بە کەفالەت ئازاد کرا




میترۆ,رووداو 


گوتەبێژی پۆلیسی سلێمانی رایگەیاند، ئەو کچەی لەسەر کۆمێنتی فەیسبووک راگیرابوو بە کەفالەت ئازاد کرا.
 
کەژاڵ مستەفا، دانیشتووی شاری سلێمانییە و 26ی ئەم مانگە لە سلێمانی بەهۆی نووسینی کۆمێنتی فەیسبووک لەلایەن پۆلیسی سلێمانییەوە راگیرا.
 
 سەرکەوت ئەحمەد، گوتەبێژی پۆلیسی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "ئەمڕۆ کەژاڵ مستەفا بە کەفالەتی یەک ملیۆن دینار تاوەکو رۆژی دادگاییکردنەکەی ئازاد کراوە."
 
لەبارەی رۆژی دادگاییکردنەکەی، گوتەبێژی پۆلیسی سلێمانی ئاماژەی بەوە کرد، "جارێ دیار نییە، چونکە هەندێک رێکاری کارگێڕیی دادگا هەیە دەبێت تەواو بکرێت و ئەو کاتە دیاری دەکرێت."
 
کەژاڵ مستەفا لەکاتی کوشتنی ژینا ئەمینی لە ئێران کۆمێنتێکی لەبارەی پۆلیس کردووە و بە گوتەی سەرکەوت ئەحمەد، بە "بێ ئەخلاق" ناوی بردوون، دواتر پەیجێکی فەیسبووک ئەو کۆمێنتەی کەژاڵی کردووەتە مانشێت، نوێی کردووەتەوە و بڵاویکردووەتەوە، پۆلیسی سلێمانیش بە تۆمەتی خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندیکردن سکاڵای لەسەر تۆمار کردووە.
 
رۆژی دووشەممە 27ی شووبات، سەرکەوت ئەحمەد، گوتەبیژی پۆلیسی سلێمانی بە رووداوی گوت، "ئەو کۆمێنتەی کەژاڵ مستەفا لەبارەی پۆلیس دەنگۆی خراپی لێکەوتووەتەوە، بۆیە پۆلیس سکاڵای لە پەیجەکە کردووە و سەرنووسەرەکەی بانگ کردووە، ئەویش خۆی لێ بێبەری کردووە و باسی لەوە کردووە، ئەو پۆستەیان لە کەژاڵ مستەفا وەرگرتووە و کەژاڵیش دەڵێت، پۆستەکەی لەلایەن پەیجەکەوە دەستکاری کراوە."
 
یاسای قەدەخەکردنی خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندیکردن، کە بە یاسای ژمارە (6) ناسراوە، ساڵی 2008 لە خولی دووەمی پەرلەمانی کوردستان دەرچوێندراوە.
 
پۆستی ئەلیکترۆنی لەنێو یاساکەدا هاتووە، بەجۆرێک کە ئەگەر ئەو پۆستە ببێتە هۆی بڵاوکردنەوەی ترس، هەڕەشەکردن یان ناوزڕاندن، یان جنێودان یاخود هەواڵی هەڵبەستراو، سزاکەی بەندکردنە کە لە سێ مانگ کەمتر نەبێت و لە پێنج ساڵیش زیاتر نەبێت، هەروەها غەرامە دەکرێت، بە شێوەیەک لە یەک ملیۆن دینار کەمتر نەبێت و لە پێنج ملیۆن دیناریش زیاتر نەبێت.
 


PM:02:30:28/02/2023




ئه‌م بابه‌ته 284 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌