دووەمین کۆڕبەندی ساڵانەی هەولێر بەڕێوەدەچێت




ميترو,رووداو 

ئەمڕۆ چوارشەممە، دووەمین کۆڕبەندی هەولێر بە ناونیشانی "خاڵەکانی وەرچەرخان و داهاتووی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست" بە هاوبەشی لەگەڵ ژمارەیەك ناوەندی لێكۆڵینەوە و دامەزراوەی ناوچەیی و نێودەوڵەتی دەستپێدەکات. 
 
ناوەند و دامەزراوەكانی وەك پەیمانگەی واشنتن، ئەتلانتیک کاونسڵ، ویڵسن سەنتەر، مێزگردی ئازادی ئایینی نێودەوڵەتی، سەنتەری ئەمریکی بۆ لێکۆڵینەوە لە شام، سەنتەری خوێندنەوەی ئیتاڵی، ئۆرسام، ئیرام، قەمەر ئینرجی، ناوەندی فەرەنسی بۆ توێژینەوە لەسەر عێراق، ڤیژن ئیجوکەیشن، سید فاوندەیشن و فایڤ وەن لاب وەك هاوبەشی سەرەكی، لە بەڕێوەبردن و رێكخستنی چالاكییەكانی كۆڕبەندی هەولێر- 2023ی ناوەندی لێكۆڵینەوەی رووداو بەشدارن.
 
جیهان و رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بە قۆناخێکی هەستیار و پڕ لە گۆڕانکاریدا تێپەڕدەبن و كوردستانیش لە نێو جەرگەی ئەم گۆڕانەدایە. تەوەرە سەرەکییەکانی كۆڕبەندی 2023ـی هەولێریش لەسەر بنەمای ئەو خاڵە وەرچەرخانە داڕێژراون كە ناوچەكە پێیدا تێپەڕ دەبێت. دەیان پسپۆڕ، سیاسی و رۆژنامەڤانی نێوخۆیی و دەرەكیش بەشدارن و گفتوگۆ لەسەر ئەو پرسانە دەکەن. 
 
یەکەم رۆژی کۆڕبەندەکە لە کاژێر 09:00 بە گوتاری زریان رۆژهەڵاتی، بەڕێوەبەری ناوەندی لێکۆڵینەوەی رووداو دەستپێدەکات و پاشان گوتاری د. لەتیف رەشید، سەرۆککۆماری عێراق دەخوێندرێتەوە، دواتریش د. سیابولێلا ماندێلا، نەوەی نیڵسۆن ماندێلا گوتارێک پێشکێش دەکات. 

ئەمڕۆ لە کاژێر 15:20 خولەک، بەپێی بەرنامەی کۆڕبەندەکە، گفتوگۆیەکی تایبەت لەگەڵ بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بەڕێوەدەچێت کە لەلایەن مەحموود بابان، لێکۆڵەر لە ناوەندی لێکۆڵینەوەی رووداوەوە بەڕێوەدەبرێت و لەبارەی دۆخی نێوخۆیی هەرێمی کوردستان و پرسەکانی سەقامگیرییە.
 
لە کاژێر 16:20 گفتوگۆیەکی دیکەی تایبەت لەگەڵ د. رێواز فایەق، سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان لەبارەی بەهێزکردنی رۆڵی ئافرەت لە هەرێمی کوردستان بەڕێوەدەچێت. 
 
جەیمس جێفری، نوێنەری پێشووی ئەمریکا بۆ کاروباری سووریا و نێردەی پێشووی ئەمریکا بۆ هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش و جێنیفەر گاڤیتۆ، یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ کاروباری عێراق و ئێران و ئاندریو ئێڵ پیک، راوێژكاری پێشووی ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریكا و لێکۆڵینڤانی باڵا لە بەرنامەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستی ئەتالنتیک کاونسڵ لە کۆڕبەندەکەدا بەشداریی پانێڵەکان دەکەن. 
 
پانێڵەکانی رۆژی یەکەم بەمشێوەیە دەبن:
 
- گۆڕانکاری لە ئاسایشی وزەی جیهانی و ململانێ لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست
- وەرچەرخانی دیجیتاڵی لە هەرێمی کوردستان: تەگەرە، سەرکەوتنەکان و ستراتیژێکی پەرەپێدان لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و باکووری ئەفریقا
- عێراق دوو دەیە دوای دیکتاتۆری
- تورکیای 2023: لە سەد ساڵی خۆیدا بەرەو کوێ دەڕوات
- عێراق لەنێوان دراوسێکانی و هێزە جیهانییەکاندا؛ تەگەرە و بەربەستەکان
- گۆڕانکاری و بەردەوامی لە سیاسەتی ئێران
- کاتی کردارە، بەهێزکردنی رۆڵی ئافرەت لە هەرێمی کوردستان و عێراق
- ململانێ و رۆڵی وڵاتانی زلهێز لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست
 
 
لە کۆتایی رۆژی یەکەمیشدا، گفتوگۆیەکی کراوە بۆ بەشداران رێکدەخرێت. 


PM:01:28:01/03/2023




ئه‌م بابه‌ته 248 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌