خۆپێشاندان دژى هەموارى یاساى هەڵبژاردنەکانى عێراق کرا




ميترۆ,رووداو 

لە پارێزگای بابل هەڵمەتى کۆکردنەوەى تایە بەڕێوەچوو، کە خۆپێشاندەران لەسەر رێگە سەرەکییەکان دەیانسووتێنن. خۆپێشاندانەکەش دژی هەمواری یاسای هەڵبژاردنەکانی عێراقە و لە نەجەف، زیقار، دیوانییە و واست بەڕێوەچوو.
 
خۆپێشاندانەکان لە دژى هەموارى یاسای هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکان و پەیڕەوکردنى سیستمى سانت لیگۆیە بۆ هەژمارکردنى دەنگەکان کە پارتە گەورەکان سوودمەندى یەکەم دەبن.
 
نوێنەرى خۆپێشاندەران لە نەجەف دەڵێت، "دڵى ئازادیخوازان هێشتا بۆ شۆڕش و ناڕەزایی لێدەدات، هێشتا رژدن لەسەر پشتگوێخستنى ماف و کێشە و ئیرادەی گەل، لە رێگەى داڕشتنى یاساى هەڵبژاردنی بە ستەم و ساختەکار. دەبێت چوارچێوەى هاوئاهەنگى بە پارتەکانى و هاوپەیمانەکانیانەوە، ئەوە بزانن کە شەقامى عێراقى ئامادەیە بۆ گەڕانەوە بۆ چوارگۆشەى یەکەم و هێنانەکایەى گۆڕەپانەکانى مانگرتن و خۆپێشاندان."
 
خۆپێشاندەران نایانەوێت هەڵبژاردنى پەرلەمان بگەڕێتەوە بۆ سیستمى یەک بازنەیی لەبرى فرە بازنە، کە لە هەڵبژاردنى 2021دا پەیڕەو کرا و یەکێک بوو لە داواکاریى خۆپێشاندانى تشرینییەکانى ساڵى 2019.
 
خۆپێشاندەرێکى لە واست دەڵێت، "چەندین هەنگاو دەگرینەبەر لە بەغدا و سەرجەم پارێزگاکانى دیکە بە هاوئاهەنگى لەگەڵ لیژنەى ناوەندىی خۆپێشاندانەکان، لەگەڵ هەموو ئازادیخوازان لە عێراق لەپێناو رەتکردنەوەى یاساى سانت لیگۆى ستەمکار کە دەست بەسەر ئیرادەى گەلدا دەگرێت، ئەمڕۆ هەنگاوى پەرەسندوومان هەیە، ئەگەر چوارچێوەى هاوئاهەنگى بەردەوام بێت هەنگاوى زیاتر و زۆرترمان دەبێت."
 
رۆژی 04-03-2023 پەرلەمانى عێراق خوێندنەوەى دووەمى بۆ هەموارى یاساى هەڵبژاردنی ئەنجوومەنى پارێزگاکان کرد وەکو هەنگاوى بەر لە پەسندکردنى، هەموارەکە بە ئاراستەى تێکەڵکردنى هەردوو یاسای هەڵبژاردنى پەرلەمان و ئەنجوومەنى پارێزگاکانە، کە جێگەى ناڕەزایی بەشێک لە هاووڵاتییان و پەرلەمانتارە ئۆپۆزیسیۆنەکانە.
 
مەنسور عەباس، یەکێک لە سەرپەرشتیارانى خۆپێشاندانەکان لە پارێزگاى زیقار بە رووداوى راگەیاند، "ماوەى سێ رۆژ مۆڵەتیان داوەتە حکومەت بۆ کشاندنەوەى پرۆژەیاسای هەموارى هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکان، ئەگەرنا خۆپێشاندانەکان دەبەنە بەغدا."
 
بەگوێرەى هەموارى یاسای هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکان، ژماردنى دەنگەکان بە دەستى و ئەلیکترۆنى دەبێت، بەڵام ئەگەر ئەنجامەکەى جیاواز بوو، ژماردنى دەستى یەکلاکەرەوەیە و هیچ پەرلەمانتار و حیزب و فراکسیۆنێکى پەرلەمان بۆى نییە بچێتە هاوپەیمانێتیى دیکە تاوەکو حکومەت پێکدەهێندرێت.


PM:01:32:06/03/2023




ئه‌م بابه‌ته 236 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌