یاداشتێک لە عێراقەوە بۆ نەتەوە یەکگرتووەکان: دۆخی مافەکانی مرۆڤ خراپە و دەستوەردانی خێرا بکە




ميترۆ,رووداو 

زیاتر لە هەزار رۆژنامەنووس و چالاکڤان و سیاستەمەدار و رێکخراوی کۆمەڵگەی مەدەنی لە نامەیەکدا کە ئاڕاستەی ئەنتۆنیۆ گۆتێرێز، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکانیان کردووە، رەخنە لە دۆخی مافەکانی مرۆڤ لە عێراق و هەرێمی کوردستان و بێدەنگیی نێردەی رێکخراوەکە لەوبارەیەوە دەگرن. سەرۆکی رێکخراوێکی مافی مرۆڤیش دەڵێت: "میلیشیاکان و حیزبە سیاسییەکان هۆکاری دۆخی خراپی مافەکانی مرۆڤن."
 
بەپێی یاداشتێکی ناڕەزایەتی کە زیاتر لە هەزار رێکخراو، چالاکڤان، رۆژنامەڤان، مامۆستای زانکۆ و سیاستمەدار و کەسانی دیکەش واژۆیان کردووە و ئاڕاستەی ئەنتۆنیۆ گۆتێرێز، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکانیان کراوە، رەخنە لە دۆخی مافەکانی مرۆڤ لە عێراق و هەرێمی کوردستان دەگرن و باسی نیازی پەرلەمانی عێراق بۆ پەسندکردنی رەشنووسی یاساکانی" ئازادی رادەربڕین و خۆپێشاندانی ئاشتییانە" و "یاسای تاوانە ئەلیکترۆنییەکان" دەکەن کە پێشتر لە ساڵانی 2011 و 2017 بە گوشاری چالاکڤانانەوە بەپاساوی بەرتەسککردنەوەی ئازادییەکان رەتکراوەتەوە.
 
ئەوانەی یاداشتەکەیان بینیوە و واژۆیان کردووە، داوای دەستوەردانی خێرای نەتەوە یەکگرتووەکان بەپێی ئەرکە یاساییەکانی و پڕنسیپەکانی پەیماننامەی نێودەوڵەتیی تایبەت بەمافە مەدەنی و سیاسییەکان دەکەن، هەروەها داوای دەستوەردانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش دەکەن بۆ راگرتنی خراپبوونی زیاتری دۆخەکانی مافی مرۆڤ.
 
هەروەها رەخنە لە رێوشوێنەکانی حکومەتی عێراق دەگرن کە بەقسەی ئەوان کار لەسەر دەرکردنی رێنماییەکانی ناوەڕۆکی ئەلیکترۆنی دەکات کە تایبەتە بە بەکارهێنانی ئینتەرنێت و کۆمپیوتەر و ئامێرە ئەلیکترۆنییەکان کە بەلای ئەوانەوە "سەرکوتکارانەیە."، چونکە رەخنەگرتن لە دەوڵەت و بەرپرسان و دامەزراوەکانی قەدەخە دەکات.
 
ئەوانەی واژۆیان لەسەر یاداشتەکە کردووە، رەخنە لە پڕۆژەیاسای نوێی هەڵبژاردن و رێوشوێنەکانی حکومەت دەگرن لە رێکارەکانی دژی ناوەڕۆکی ئاستنزم لە سۆشیاڵ میدیا و دەڵێن: دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی ئازادییەکان و دەرفەت بۆ هەواڵدانی درۆ دەڕەخسێنێت، جگە لەوانە رەخنەی تووند لە دیاردەی چەکداریی حیزبەکان و بوونی میلیشاکان دەگرن، کە بەلای ئەوانەوە ئەوان دەوڵەتی قوڵ بەڕێوەدەبەن.
 
واژۆکارانی یاداشتەکە باس لە سەرهەڵدانەوەی ژمارەیەک رووداو دەکەن کە بە گوتەی ئەوان بارگراویبوونی تایفییان پێوەدیارە و گلەیی لە دەرچوونی ژمارەیەک یاسا و پەسەندکردنیان لەلایەن پەرلەمانەوە دەکەن، کە پێیانوایە فرەیی کۆمەڵایەتی، کولتووری و ئاینی و مافی پێکهاتە و گرووپەکان "پێشێل دەکات" باس لە یاسای داهاتەکانی شارەوانییەکان دەکەن کە خواردنەوە کحولییەکان قەدەخە دەکات، و دەڵێن: "ئەوانە یاساگەلێکن مۆرکی ئایدۆلۆژی - ئایینی"یان هەیە.
 
سەبارەت بە هەرێمی کوردستانیش، لە یاداشتەکەدا هاتووە: "پێشێلکارییەکانی بنچینەکانی کاری دیموکراتی و بەڕێوەبردنی دامەزراوەیی بەردەوامە، لەنێویاندا شکستهێنان لە ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمان لەوادەی خۆی و درێژکردنەوەی وادەی یاسایی پەرلەمان و پەکخستنی رۆڵی چاودیری و لێپرسینەوە و پەسندنەکردنی بودجەی ساڵانەی هەرێمی کوردستان."
 
هەروەها رەخنە لە "قوڵبوونەوەی بە حیزبیکردنی دامەزراوەکان و دابەشبوونی کارگێڕی و دارایی." دەگرن، جگە لە "راوەستانی هەوڵەکانی نووسینەوەی دەستووری هەرێمی کوردستان، سەرباری بەردەوامیی پێشێلکارییەکانی بەرامبەر بە رۆژنامەنووسان و چالاکڤانان لە رێگەی بەکارهێنانی یاساکانی سەردەمی بەعس کە پێچەوانەی دەستوورن."
 
رۆژی سێشەممە، 7-3-2023، عەلی عەبادی، سەرۆکی سەنتەری عێراق بۆ مافەکانی مرۆڤ، لەبارەی یاداشتەکەوە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: " رەوشی مافەکانی مرۆڤ خراپە، لە پاشەکشێدایە، هەمووان لێی بەرپرسن هەرسێ دەسەڵاتی یاسادانان و جێبەجێکردن و دادوەری، بەتایبەت ئازادی رادەربڕین و پێشێلکارییەکانی دژ بە مافەکانی مرۆڤ لەژێر هەڕەشەی جیدین کە مەترسیی بۆ نەوەکانی داهاتووش دەبێت."
 
لەبارەی هۆکارەکانییەوە روونیدەکاتەوە: "میلیشا و گرووپەچەکدارەکان و بەگشتی بڵاوبوونەوەی ژمارەیەکی زۆری چەک هۆکاری سەرەکیی رووداوەکان و پاشەکشێی مافەکانی مرۆڤە لە عێراق، جگە لە حیزبەکان و حیزبەکانی دەسەڵات کە رێگە بە ئازادیی رادەبڕین نادەن و دەیانەوێت بەرتەسکتری بکەنەوە، ئەمە چەندین ساڵە ناوبانگی عێراقی لەکەدارکردووە، دەبێت رابگیرێت."



PM:02:29:07/03/2023




ئه‌م بابه‌ته 216 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌