وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی: ئێستا 96 ژن لە شەڵتەرەکانن




میترۆ,رووداو 

گوتەبێژی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لە هەرێمی کوردستان چوار شەڵتەر هەن، کە تەنیا ساڵی پار زیاتر لە هەزار ژن لێیان سوودمەند بوون، ئێستاش زیاتر لە 90 ژن لەنێو شەڵتەرەکانن.
 
ئاریان ئەحمەد، گوتەبێژی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، لە هەولێر، سلێمانی، دهۆک و ئیدارەی گەرمیان شەڵتەری لەخۆگرتنی ژنانیان هەیە و بەمنزیکانە لە ئیدارەی راپەڕینیش شەڵتەرێک دەکەنەوە.
 
لەبارەی شەڵتەر لە ئیدارە سەربەخۆکانیش، ئاریان ئەحمەد ئاماژەی بەوە کرد، لە ئیدارەی گەرمیان شەڵتەریان هەیە، بەڵام بۆ ماوەی 72 کاژێرە و دوای سێ رۆژ ئەگەر کێشەی کەسەکە چارەسەر نەبێت، دەنێردرێتە سلێمانی، ئەوەی لە راپەڕینیش دەکرێتەوە بە هەمان شێوە بۆ ماوەی 72 کاژێر دەبێت.
 
سەبارەت بەو ژنانەی ئێستا لە شەڵتەرەکانن، گوتەبێژی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی گوتی، "لە شەڵتەری هەولێر 38، سلێمانی 35 و لە دهۆک 23 ژن هەن". واتە کۆی گشتی ئێستا 96 ژن لە شەڵتەرەکانن.
 
زۆربەی ئەو ئافرەتانەی روو لە شەڵتەرەکان دەکەن، هەڕەشەیان لەسەرە، بە گوتەی ئاریان ئەحمەد، تەنیا ساڵی رابردوو 1185 ژن سوودیان لە شەڵتەرەکان بینیوە و تێیدا ماونەتەوە تاوەکو ئەو کاتەی کێشەکانیان چارەسەر کراوە.
 
رۆژی چوارشەممە 08-03-2023 حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لە کۆی 1185 ژن کە لە ساڵی 2022 لە شەڵتەرەکان بوون، 28%یان لە هەولێر، 43% لە سلێمانی، 28% لە دهۆک و 1%یان لە گەرمیان بوون.
 
شەڵتەر و پەناگەکانی سەر بە وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی، وەکو حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت، "بوونەتە نوا و پەناگەیەکی ئارامی ژنانی هەڕەشەلێکراو و بەردەوامیش لەلایەن حکومەتەوە گرنگیی زیاتریان پێدەدرێت. ئەم داڵدەدراوانە تاوەکو جێبەجێبوونی ماف و مامەڵە یاساییەکانیان لەو پەناگانە لە مەترسی پارێزراو دەبن."


PM:12:30:09/03/2023




ئه‌م بابه‌ته 316 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌