ئینستاگرام بە رێگایەکی نوێ لە تەمەنی بەکارهێنەرانی دڵنیادەبێتەوە




ميترۆ,رووداو 

ئینستاگرام ڕێکارەکانی پشتڕاستکردنەوەی تەمەن بۆ چەند ناوچەیەکی نوێ زیاد دەکات، هەروەها هەوڵدەدات رێگاکانی زانین و پشتڕاستکردنەوەی تەمەنی بەکارهێنەرانی زیاتر و باشتر بکات.
 
بەگوێرەی بڵاوکراوەیەکی ئەندی میستۆن لە تویتەر کە یەکێکە لە بەڕێوبەرانی پەیوەندییەکانی کۆمپانیای مێتا (کە خاوەنی پلاتفۆڕمەکانی فەیسبووک، ئینستاگرام و وەتسئاپە)، لە 2 ـی 3ـی 2023 ـەوە مێتا بۆ یەکەمجار دەستیکردووە بە زیادکردنی رێکارەکانی پشتڕاستکردنەوەی تەمەن بۆ بەکارهێنەرانی لە مەکسیک، کەنەدا، کۆریای باشوور، ئوسترالیا، ژاپۆن و چەند وڵاتێکی ئەوروپی، بڕیاریشە لە مانگی 10ـی ئەمساڵ بۆ بەڕازیل و هیندیستان بەردەستی بکات، پاشان بەردەوام دەبێت لە زیادکردنی بۆ وڵاتانی دیکە.
 
ڕێکارەکانی ئینستاگرام لە مانگی 6 ـی 2022 لە ئەمریکا دەستیان پێکرد. بۆ پشتڕاستکردنەوەی تەمەنی کەسەکان لە هەژمارەکانیان، بەکارهێنەران سێ بژاردەیان دەبێت:
 
1 - ناردنی ناسنامەیەکی حکومی بۆ تیمی ئینستاگرام.
2 - تۆمارکردنی ڤیدیۆی سێڵفی.
3 - داواکردن لە هاوڕێ هاوبەشەکان بۆ ئەوەی تەمەنی هەژمارەکە پشتڕاست بکەنەوە.
 
پرۆسەی سێڵفی ڤیدیۆی ئینستاگرام شیکاری یۆتی بەکاردەهێنیت بۆ خەمڵاندنی تەمەنی کەسی نێو ڤیدیۆکە، کە ئەمەش پڕۆسەیەکی ئۆتۆماتیکییە لەڕێگەی زیرەکیی دەستکردەوە کاردەکات.
 
مێتای خاوەنی تۆڕی ئینستاگرام دەڵێت؛ پڕۆسەکە سەلماندوویەتی کە زۆر کاریگەرە، بە شێوەیەک 96%ـی ئەو مێرمنداڵانەی هەوڵیانداوە دەستکاریی رۆژی لەدایکبوونیان بکەن؛ لە خوار تەمەنی 18 ساڵەوە بۆ زیاتر لە 18 ساڵ، وازیان لە ئەنجامدانی ئەو کارە هێناوە. هەروەها ئەو ئەنجامی پشتڕاستکردنەوەیە دەتوانێت هەنگاوێکی گەورە بێت بۆ دڵنیابوون لەوەی بەکارهێنەرانی خوار تەمەن 18 ساڵ، دەستیان بە بڵاوکراوەی نەگونجاو بۆ تەمەنیان ناگات لەڕێگەی ئەو ئەپەوە و، ناکرێنە ئامانجی بانگەشە و کامپەینی نەشیاو.
 
مێتا دەڵێت؛ ئەمە دەستکەوتێکی گرنگە، چونکە وەک لێکۆڵینەوە جیاوازەکان دەریانخستووە، پلاتفۆڕمەکانی سۆشیاڵ میدیا لەنێویاندا ئینستاگرام، دەکرێت بە کۆمەڵێک شێوە زیانبەخش بێت بۆ بەکارهێنەرانی خوار تەمەن 18 ساڵ.
 
لە ماوەی دوو ساڵی رابردوودا ئەم جۆرە پرسانە زیاتر و ئاڵۆزتر بوون، ئەوەش بەهۆی ڤایرۆس و پەتای کۆرۆنا، کە وایکرد مێرمنداڵ و منداڵی زیاتر کاتەکانیان لەسەر ئینتەرنێت بەسەر ببەن. رێوشوێنی لەم شێوازە بەگوتەی مێتا، هەنگاوێکی گەورە و گرنگە، سەرەڕای ئەوەی ناتوانێت هەموو هەوڵەکان بۆ فێڵکردن لە سیستەمەکە رابگرێت، بەڵام رێکارەکان توانای منداڵ و مێرمنداڵەکان سنووردار دەکەن بۆ فێڵکردن لە ئەپەکانی مێتا.
 
 


PM:12:57:09/03/2023




ئه‌م بابه‌ته 276 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌