بەشێکی هاونیشتمانیانی هەڵەبجە بایکۆتی بۆنەکانی تایبەت بە ساڵیادی کیمیاباران دەکەن




میترۆ,رووداو 

ئەنجوومەنی راوێژکاریی پارێزگاری هەڵەبجە دەڵێت، رۆژی 14ـی ئەم مانگە دەست بە خۆپیشاندانێکی "بەرفراوان" دەکەن. ئەندامێکی ئەنجوومەنەکەش دەڵێت: "لە ساڵیادی کیمیابارانی هەڵەبجەشدا بەشداری هیچ بۆنەیەکی تایبەت بەو یادە ناکەین، کە دەسەڵاتداران رێکی دەخەن".
 
هۆشمەند موراد، ئەندامی ئەنجوومەنی باڵای کۆمەڵەی قوربانیانی کیمیابارانی هەڵەبجە رۆژی شەممە 11-03-2023 بە ناوی ئەنجوومەنی راوێژکاریی پارێزگای هەڵەبجەوە رایگەیاند، بەهۆی نیگەرانیی دانیشتووانی سنووری پارێزگای هەڵەبجە، بڕیاریانداوە رۆژی 14-03-2023 نیگەرانی و ناڕەزایەتییەکان لە چوارچێوەی خۆپیشاندانێکی "بەرفراوان" بە بەرپرسان بگەیەنن. 
 
پێنجشەممەی داهاتوو، 16ـی ئادار، 35 ساڵ بەسەر کیمیابارانی هەڵەبجەدا تێپەردەبێت و ساڵانەش لەو رۆژەدا بۆنەی تایبەت رێکدەخرێت. بەگوتەی هۆشمەند موراد، خەڵکی پارێزگای هەڵەبجە و کۆمەڵەی قوربانیانی کیمیابارانی هەڵەبجە، بڕیاریانداوە بەشداری هیچ جۆرە بۆنە و چالاکییەکی تایبەت بە ساڵیادی کیمیابارانی هەڵەبجە نەکەن، کە دەسەڵاتداران لە پارێزگاکە رێکی دەخەن. 
 
ئەنجوومەنی راوێژکاریی هەڵەبجە لە کۆمەڵێک چین و توێژی سنوورەکە پێکدێن، وەک ئەندامانی ئەنجوومەنی باڵای کۆمەڵەی قوربانیانی کیمیاباران، ژمارەیەک لە مامۆستایانی ئایینی و چالاکڤانانی سنوورەکە. 
 
رۆژی شەممە ئەنجوومەنەکە کۆبووەوە و بەگوتەی هۆشمەند موراد، بڕیاردراوە بە دروستکردنی ئەنجوومەنێکی گشتگیر لە هەموو چین و توێژەکانی سنووری پارێزگاکەیان، بۆ ئەوەی نوێنەرایەتی راستەقینەی خەڵکی سنوورەکە بکەن و لە هەرێمی کوردستان، عێراق و لەسەر ئاستی نێودەوڵەتییشدا داواکارییە رەواکانی خەڵکی هەڵەبجە بگەیەننە بەرپرسان.
 
لوقمان عەبدولقادر، ئەندامی ئەنجوومەنی راوێژکاریی پارێزگای هەڵەبجە لەو بارەیەوە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، بڕیاریانداوە رۆژی 14ـی ئەم مانگە دەست بە گردبوونەوە بکەن و بە ئەگەرێکی زۆریش، سەردانی بەغداش دەکەن بۆ ئەوەی ئەو گرفتانەی لە هەڵەبجە کەڵەکە بوون، بە بەرپرسان بگەیەنن و داوای چارەسەرکردنیان بکەن. 
 
دەسەڵاتی بەعس لە شازدەی ئاداری 1988ـدا  هەڵەبجەی کیمیاباران کرد، کە بووە هۆی شه‌هيدبوونى زیاتر له‌ پێنج هەزار هاونیشتمانی و برینداربوونی هەزارانی دیکە. 
 
لەبارەی ناڕەزایی هاونیشتمانیانی سنووری هەڵەبجە، لوقمان عەبدولقادر دەڵێت: "قوربانیانی کیمیاباران و هەموو چین و توێژەکانی هەڵەبجە ناڕازین لەو دۆخەی تێیکەوتوون، بەڵام ئەوەی پەیوەندی بە کۆمەڵەی قوربانیانی کیمیابارانەوە هەیە بابەتی چارەسەرکردنی بەرکەوتووانی کیمیابارانە. ئەو نەخۆشخانەی بۆ بریندارانی کیمیاباران دروستکرا، ئێستا نەشتەرگەریی جوانکاری تێدا دەکرێت و بریندارەکانیش دەبێت لەسەر حیسابی خۆیان بچن بۆ چاندنی گڵێنەی چاو لە ئێران".


AM:11:52:12/03/2023




ئه‌م بابه‌ته 280 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌