لە هەڵەبجە ژمارەیەک چالاکڤان دەستگیرکران و دواتر ئازادکران




میترۆ,رووداو 

لە پارێزگای هەڵەبجە ژمارەیەک چالاکڤان کاتێک ئامادەکارییان بۆ خۆپێشاندان دەکرد، دەستگیرکران و دواتر ئازادکران. 
 
رۆژی دووشەممە 13ی ئاداری 2023، لوقمان عەبدولقادر، سەرۆکی کۆمەڵەی قوربانییانی کیمیابارانی هەڵەبجە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئەوانەی دەستگیرکرابوون ئاسایش دەستگیریکردبوون، بە پاساوی ئەوەی بە بڵندگۆ و لەسەر ئۆتۆمبێلەوە دروشمیان دژی حکومەت و دامەزراوەکان گوتووەتەوە وەکو ئاسایش باسی دەکات، بەڵام ئێمە هەر زوو هاتینە سەر هێڵ و داوای ئازاکردنمان کردن و ماڵیان ئاوابێت ئازادیان کردن." 
 
هەروەها، ژمارەیەک رێکخراو و چالاکڤانی کۆمەڵگەی مەدەنی لە راگەیێندراوێکیاندا سەرکۆنەی دەستگیرکردنی ئەو چالاکڤانانەیان کرد و رایانگەیاند: "بەکارهێنانی ترس و تۆقاندن لەلایەن هێزە ئەمنییەکان و سەرکوتکردنی مافی هاووڵاتییان بۆ دەربڕینی بیروڕای خۆیان، دژ بەو بەها بەرزانەن کە هاووڵاتییانی شارەکە قوبانیيان بۆ داوە. دەستگیرکردنی ئەو چالاکڤانانە پێشێلکارییەکی ئاشکرای بەندەکانی مافی مرۆڤی نێودەوڵەتی و یاسا کارپێکراوەکانی هەرێمی کوردستانە کە ئازادی رادەربڕین و گردبوونەوە گەرەنتی دەکات." 
 
ئەو رێکخراو و لایەنانە داوا لە دەسەڵاتداران دەکەن، خۆیان لە بەکارهێنانی هێز یان پەنابردن بۆ دەستبەسەرکردنی ئارەزوومەندانە بەدوور بگرن و لەگەڵ رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و لایەنە پەیوەندیدارەکانی دیکەدا گفتوگۆیەکی بنیاتنەر بکەن بۆ چارەسەرکردنی ناڕەزایەتییە رەواکانی هاووڵاتییان.
 
ناوی رێکخراوەکان:
 
سەنتەری میترۆ 
ڕێکخراوی هەڵوێست
رێکخراوی پایتەختی ئاشتی
رێکخراوی بەدیل بۆ دیبەیت 
رێکخراوی کوردستان بۆ هەموان 
پەیمانگەی کوردی بۆ هەڵبژاردن
هادی حەمەرەشید، چالاکڤان و چاودێری سیاسی
کۆمەڵەی قوربانییانی کیمیابارانی هەڵەبجە
فیدراسیۆنی رێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنی
رێکخراوی ئاران بۆ پەرەپێدانی کولتووری مەدەنی 
موجاهید حەمەئەمین، چالاکڤانی مەدەنی
رێکخراوی دۆستانی هەڵەبجە 


PM:02:05:14/03/2023




ئه‌م بابه‌ته 232 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌