موفید الجزائری سەردانی میترۆی كرد



رۆژنامەنوس و چالاكوانی سیاسی دیاری عێراق موفید ئەلجەزائری ستایشی رۆڵی سەنتەری میترۆی كرد لە چاودێریكردنی رەوشی ئازادی رۆژنامەگەری و بەرگری لە رۆژنامەنووسان و چالاكوانی مافی مرۆڤ لە عێراق و هەرێمی كوردستان.
ئەمڕۆ موفید ئەلجەزائری سەرپەرشتیاری رۆژنامەی تەریق ئەلشەعب و ئەندامی مەكتەبی سیاسی حزبی شیوعی عێراق سەردانی سەنتەری میترۆی كرد.
ئەلجەزائری ستایشی رۆڵی سەنتەری میترۆی كرد لە چاودێریكردنی رەوشی ئازادی رۆژنامەگەری و بەرگری لە رۆژنامەنووسان و چالاكوانی مافی مرۆڤ لە عێراق و هەرێمی كوردستان، ووتی " رۆڵێكی گرنگ دەبینن لە چاودێریی و بەرگری نەك تەنها لە رۆژنامەنووسانی هەرێم بەڵكو لە رۆژنامەنووس و چالاكوانانی مافی مرۆڤ لە شارەكانی تری عێراق" ووتیشی " دەمێكە دەمەوێت لە نزیكەوە بتانبینم دەستخۆشیتان لێبكەم بۆ ئەو كارە گرنگەی ئەنجامی دەدەن"
هەرەها بانگهێشتی ئەندامانی سەنتەری كرد بۆ بەشداری لە ڤێستڤاڵی رۆژنامەی (طرريق الشعب) كە بریارە بەم نزیكانە لە شاری بەغدا رێكبخرێت.
لەو دیدارەدا رێكخەری میترۆ وێڕای بەخێرهاتنی تیشكی خستە سەر گرنگترین وێستگەكانی كاری پێشووی سەنتەرو بەرنامەو پلانی كاركردنیان بۆ ئەمساڵ.
موفید ئەلجەزائری، لە ساڵی 1966 بڕوانامەی ماستەری میدیای لە براگ بەدەستهێناوە، لە هەشتاكانی سەدەی رابردوو لە ریزی پێشمەرگەكانی حزبی شیوعی عێراق بووە، پاش راپەڕین سەرپەرشتی رادیۆو رۆژنامەی تەریق ئەلشعەبی كردوە، پاش روخانی رژێم بووە بە وەزیری رۆشنبیری لە یەكەمین كابینەی حكومەت، ئێستا سەرنووسەری رۆژنامەی (تەریق ئەلشەعب)ە.


PM:03:50:15/03/2023




ئه‌م بابه‌ته 720 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌