لە بودجەی جێندەردا عێراق پێش هەرێم دەداتەوە



میترۆ، زووم نیوز 
ئاڤان فارس جاف، هەولێر:

ئه‌گه‌رچی هه‌رێمی كوردستان و عێراق ئیمزایان له‌سه‌ر رێككه‌وتننامه‌ی سیداو و بڕیاری 1325ی ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی نێوده‌وڵه‌تی تایبه‌ت به‌ مافه‌كانی ژنان و یه‌كسانی جێنده‌ری كردووه‌، به‌ڵام تا ئێستا له‌ هه‌رێمی كوردستان هیچ بڕه‌ بودجه‌یه‌ك به‌ فه‌رمی بۆ پێشخستن و جێبه‌جێكردنی ئه‌ركه‌كانی په‌یوه‌ست به‌و رێككه‌وتنه‌ نێوده‌وڵه‌تییانه‌ ته‌رخان نه‌كراوه‌ و به‌ هۆی نه‌بوونی بودجه‌وه‌، چالاكی و ئه‌ركی زۆرێك له‌و دامه‌زراوانه‌ی بۆ ژنان ئاوا كراون په‌كیان كه‌وتووه‌. په‌رله‌مانتارێكی ژن لە خولی پێشووی پەرلەمانی عێراقیش ده‌ڵێت "به‌ هۆی نه‌بوونی بودجه‌وه‌، هه‌رێمی كوردستان هیچ بایه‌خێك به‌ جێنده‌ر نادات و ئه‌مه‌ش وایكردووه‌، وردە وردە پرسی جێندەر بەرەو دواوە بگەڕێتەوە”.

ئاماره‌كانی هه‌رێم
بەگوێرەی دوایین ئامار، كە لە بەشی تۆماركردنی فەرمانگەی رێكخراوە ناحكوومیەكان وەرگیراو، لە هەرێمی كوردستان پێنج هەزار و 121 رێكخراو تۆمارکراون، لەنێویاندا نزیکەی‌ 380 رێکخراویان لە بواری ژناندا چالاکن.

له‌ خوێندنی باڵاشدا ژنان وه‌ك مامۆستا كه‌مینه‌ن، به‌ڵام وه‌ك خوێندكار ژماره‌یان له‌ ره‌گه‌زه‌كه‌ی به‌رامبه‌ر زیاتره‌. بەگوێرەی‌ ئاماری‌ وەزارەتی‌ خوێندنی‌ باڵا و توێژینەوەی‌ زانستی‌، ژماره‌ی مامۆستایانی‌ ژن سێ هەزار و 640 مامۆستایە، لەکاتێکدا ژمارەی مامۆستایانی پیاو 10 هەزار و 819 مامۆستایە. ژماره‌ی خوێندکاری‌ کچ لە کوڕان زیاترە، ژمارەی‌ خوێندکاری‌ کچ 85 هەزار و 835 خوێندکارە، لە کاتێکدا ژمارەی‌ خوێندکاری‌ کوڕ 64 هەزار و 735 خوێندکارە، هاوکات سەرۆکی‌ چوار زانکۆ لە هەرێمی‌ کوردستان ژنن.

هێنانه‌ ئارای چه‌مكی جێنده‌ر و جێگیركردنی له‌ ده‌قێكی یاساییدا بۆ یەکەمجار لە ساڵی‌ 2010 بوو، كه‌ بەشێوەیەکی‌ فەرمی‌ وشەی‌ جێندەر لەنێو یاسای‌ وەزارەتی‌ رۆشنبیری‌ و لاوانی‌ حکومەتی هەرێمی‌ کوردستان بەکارهاتووە، لە یاسای‌ ژمارە 14 ساڵی‌ 2010 لە ماددەی‌ دووەم، ئەرک و ئامانجەکان بڕگەی‌ دەیەم، بەمشێوەیە باسی دەکات، بایەخدانی‌ تایبەت بە بوارەکانی‌ کەلتوور و هونەر و وەرزش و ژنان، کارکردن لە پێناو بڵاوکردنەوەی‌ کەلتووری جێندەر (جۆری‌ کۆمەڵایەتی‌).

د. کاوە مەحمود، وەزیری‌ پێشووتری‌ رۆشنبیری‌ و لاوانی‌ هەرێم، باسلەوەدەکات، لە ساڵی‌ 2011، لە وەزارەتی‌ رۆشنبیری‌، دەست كراوه‌ به‌ کارکردن بۆ بڵاوکردنەوەی‌ یەکسانیی‌ جێندەریی، پاشان کاركراوه‌ بۆ کردنەوەی‌ یەکەی‌ جێندەر.

بودجه‌ی جێنده‌ریی
بودجەی جێندەریی "بریتییە لە ئەنجامدانی هەڵسەنگاندنێکی جێندەریی بۆ بودجە، جێگیرکردنی دیدگای جێندەریی لە هەموو ئاستەکانی پرۆسەی بودجە، و داڕشتنەوەی داهات و خەرجییەکان بە مەبەستی بەرەوپێشبردنی یەکسانی جێندەری لە کۆمەڵگە”.

رێزان شێخ دلێر پەرلەمانتاری پێشووی کورد لە بەغداد، رۆژی 31ی مارسی 2021 لە لاپەڕەی كۆمەڵایەتی فەیسبووك پۆستێكی بڵاوكردەوە، تێیدا نووسیبووی: بەپشتبەستن بە مادەی "٢٨” برگەی "٦” پابەندبوونی حكومەت لەسەر بەرنامەو پرسی جێندەر و ژنان لە کۆمەڵگە بۆیە لەسەر داواکاری "ئێـــمە لە پرۆژە یاسایی بودجە بڕگەیەک زیادکرا بۆ تەرخانکردنی بودجــەی پێویست بۆ پرسی جێندەر وجێبەجێکردنی بڕیاری "١٣٢٥”ی ئەنجومەنی ئاسایش بەمەبەستی پاڵپشتیکردن لە ژنانی عێراق.

پەرلەمانتارەکەی پێشووی عێراق، دەشڵێت هەموو ئەو بڕیار و پلانانەی‌ تایبەتن بە پاڵپشتی‌ ژنان، پێویستیان بە بودجە هەیە، بەگوێرەی ئەو بڕگانەی لە یاسای بودجە هەن، لە هەر شوێنێك پێویستی بە سەرچاوەی دارایی هەبێت دەبێت ئەو بودجەیە هاوكار بێت.

رێزان شێخ دلێر، پێیوایە ئەگەر هاتوو بودجەیەک بۆ پەرەپێدانی بەشی جێندەر تەرخان نەكرێت، ئەوا ئەستەمە بتوانن گەشە بە پرسی جێندەر بدەن.

هەروەها روونیدەكاتەوە، تەنها لە عێراق ئەو بڕگە ماددەیەی بودجە هەیە، لە هەرێمی كوردستان هێشتا یاسای‌ بودجەمان نییە، بۆیە ئەستەمە ئەو بڕگەیە جێگەی‌ بۆ بکرێتەوە.

بە بۆچوونی رێزان، كاریگەری ئەو بودجەیە ئەوەیە كە وەزارەت و یەكەكانی جێندەر و زۆربەی زانكۆكان كە جێندەرناسی دەخوێنن "زۆر گرنگە بودجەیان هەبێت، بۆ پلان و كارەكان و ستراتیژ و سیاسەت پێویستی بە بودجە هەیە، بەداخەوە کوردستان ئەو بودجەیەی نییە، هیچ گرنگیەكی پێ نادرێت. وردە وردە پرسی جێندەر بەرەو دواوە گەڕاوەتەوە.

هه‌رێم خه‌ریكی چییه‌؟
پلانی هەرێمی كوردستان چییە بۆ جێبەجێكردنی بڕیارنامەی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەكگرتووەكان پەیوەست بە "ژن، ئاشتی، ئاسایش، 1325″ بۆ ساڵانی 2021-2024.

جێگیركردنی چەمكی رێگرتن لە بارودۆخە تەنگژە ئامێزەكان لەناو چواچێوەی دامەزراوەندا، داوا لە وەزارەتی دارایی و ئابووری، وەزارەتی پلانادانان كراوە. کە بودجەی ساڵانە ئامادەبکەن لەسەر بنەمای وەڵامدانەوەی جێندەر، لە بەشێكی دیكەدا هاتووە پێویستە: تەرخانكردنی رێژەیەك لە پرۆژەكانی وەبەرههێنان بۆ ژنانی بێ هاوسەر و ئەو ژنانەی لە كاتی تەنگژەكاندا زەرەرمەند بوون.

د. خانزاد ئەحمەد، لەمیانەی‌ بەشداری‌ لە ۆرکشۆپی‌ یەکەی‌ جێندەری‌ وەزارەتەکان لە 20ـی‌ 2ـی‌2023 لە هەولێر گوتی، بە گویرەی بەرنامەی ئەنجومەنی باڵای خانمان و گەشەپێدان، پێویسته‌ یەکەکان لەکاتی دانانی بودجەدا، چالاکانە رۆڵ بگێڕن بۆ ئەوەی پێداویستییەکانی ژنان و کچان لە بودجەی وەزارەتەکەدا رەنگبداتەوە.

هه‌روه‌ها گوتی، راهێنانەکان نابێت تەنیا بۆ ژنان و کچانی ناو وەزارەت بکرێت، بەڵکو دەبێت، هەر دوو رەگەزی ستافی وەزارەت تێیدا بەشدار بن، یەکەکان دەبێت لەکاتی دانانی بودجەدا، چالاکانە رۆڵ بگێڕن بۆ ئەوەی پێداویستییەکانی ژنان و کچان لە بودجەی مانگانە/ ساڵانەی وەزارەتەکەدا رەنگبداتەوە”.

بودجه‌یان بۆ دیاری نه‌كراوه‌، لە په‌یكه‌ری ئیداریدا نین
تریفە فەرەیدون، بەرپرسی یەكەی جێندەر لە پارێزگای سلێمانی، ئەوە دەخاتەڕوو، كە هیچ بودجەیەكی دیاریكراو تەرخان نه‌كراوە، ئەو گوتی، ئێمە سەر بە دیوانی پارێزگاین و راستەوخۆ سەر بە پارێزگارین، بودجەی تایبەتمان نییە، چونکە لە په‌یكه‌ری ئیداریدا نین، بەڵام خەرجیمان لەسەر بودجەی پارێزگایە.

تریفە ئەوەش دەخاتەڕوو کە هەبوونی بودجەی تایبەت بە جێندەر كاریگەریی زیاتر دەكاتە سەر چالاكیەكانمان و دەتوانین یەكەكان بەرەوپێش ببەین.

پەیڕەو ئەنوەر، راهێنەر لە بواری جێندەر، دەڵێت "بودجەی تەرخانكراو بۆ پەرەپێدانی جێندەر، رۆلێكی گەورەی هەیە لە پاراستنی خێزان و گەشەپێدانی كۆمەڵگە، ئەو بودجەیە تەنها تەرخان ناكرێت بۆ ژن، بەڵكو بە واتای تەرخانكردنی بودجەیەك دێت بۆ سەرجەم سەرچاوە مرۆییەكان بە یەكسانی”.

راهێنەرەکەی بواری یەكسانی ئەوەش دەخاتەڕوو "تەرخانكردنی بودجەی جێندەر بەشێكە لە پرۆژەی دادپەروەری كۆمەڵایەتی، هەردوو رەگەزەكە بەشدار دەبن لە كۆمەڵگە و سوودمەنددەبن لەو بودجەیە، بەتایبەت لە پرسی ئابووریی سەربەخۆ، لە ناوەندی بڕیار و پرسی سیاسیی، ئەم سەرچاوانە تەنها ئابووریی نین، هەندێجار بابەتی هۆشیارییە، چۆن لەناو بودجەدا رێگایەك دەكەیتەوە بۆ سەرچاوەكانی نێو كۆمەڵگە”.

ژیا عەباس، پسپۆڕی بواری كۆمەڵناسیی جێندەر، پێیوایه‌ تەرخانكردنی بودجە بۆ گەشەپێدانی جێندەر رۆڵێگی گەورە دەبینێت لە بنیاتنانی كۆمەڵگەیەكی پێشكەوتوو، چونكە كەلێن و بۆشایی لەو رووەوە زۆرن. ئه‌و گوتی، ئەو بابەتە لەنێو كۆمەڵگەی كوردستان هێشتا وەك پێویست كاری لەسەر نەكراوە، پێویستی بە پلانی درێژخایەن هەیە، راستە هەوڵ و بنەما هەیە، بەڵام بەبێ تەرخانكردنی بودجە ناگەین بە مەبەست و دەرئەنجامی گرنگ.

گوتیشی، حکومەتی هەرێمی كوردستان لە ساڵی 2016 بە بڕیاری ژمارە 98، پەسەندی "پرۆژەی ستراتیژی نیشتمانی بۆ پەرەپێدانی رەوشی ئافرەتان لە هەرێمی كوردستان 2016-2024″ی كردووە.

كردنەوەی یەکەی جێندەر وەك میكانیزمێك بووە بۆ جێبەجێكردنی ئەو ستراتیژە، لە ئێستادا لە هەشت وەزارەتی حکومەتی هەرێمی كوردستان یەكەی یەكسانیی جێندەر بوونی هەیە.

خانزاد ئەحمەد، ئەمینداری گشتیی ئەنجومەنی خانمان و گەشەپێدان لەمیانەی ۆركشۆپی پلانی ستراتیژی بۆ یەكەكانی جێندەر لە 20ـی شوبات، ئەوەی خستەڕوو "بەپێی پەیڕەوی تازەی ئەنجومەن، گرنگی بە هەشت وەزارەت دراوە کە دەبێت یەکەکانیان چالاکتر بکرێن. ئەمە بە واتای ئەوە نییە کە یەکەکانی تر لەبیر دەکرێن، پرسەکە بەس ئەولەوییەتە. بۆیە بۆ ئێمە زۆر گرنگە کە ئەرکی یەکەکان سەرلەنوێ دابڕێژرێتەوە”.

لەلای خۆیەوە رەمزییە زانا بەڕێوەبەری رێكخراوی لێكۆڵینەوە و زانیارییەكانی جێندەر، باس لەوە دەكات کە دابینكردنی بودجەی جێندەر كاریگەریی دەبێ بەتایبەت لەڕووی پێگەیاندنی كارەكتەرەكانی یەكە و ناوەندەكانی تایبەت بە جێندەر زۆر گرنگە، رەنگە لەكاتی دامەزراندنی یەكە و خوێندنی جێندەر بیر لەوە نەكرابێتەوە بودجەی بۆ تەرخان بكرێ، بەڵام زۆر گرنگە لە داهاتوو بیر لەوە بكەینەوە بودجەی بۆ تەرخان بكەین.

حكومه‌ت فه‌رامۆشی كردووه‌
یوسرا كه‌ریم موحسین به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی تواناسازی خانمان له‌ ئەمیندارێتیی گشتی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی عێراقی فیدراڵ باسی لەوەکرد کە لەناو په‌یكه‌ری وەزارەت و پارێزگاکان بەشی بەهێزکردن و پشتیوانی لە ژنان دانراوە و جێگیرکراوە، بەڵام وەک بودجەی تایبەتی تەرخان کراو نیە، بەڵام لەهەموو بودجەی پرۆژە و سێکتەرەکان بڕێک دیاری دەکرێت بۆ جێندەر.

بەگوێرەی بەدواداچوونەكان لەناو هیچ بڕگە و ماددەیەكی تەرخانكراو لە حکومەتی هەرێم بڕگەی تایبەت بە گەشەپێدانی جێندەر بوونی نییە.

ئاری‌ ره‌فیق كۆمه‌ڵناس و جێگری به‌ڕێوه‌به‌ری‌ گشتی‌ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی‌ توندوتیژی‌ دژبه‌ ئافره‌تان و خێزان لە وەزارەتی ناوخۆی هەرێم رەتیدەکاتەوە کە له‌سه‌ر ئاستی‌ دامه‌زراوه‌ فه‌رمییه‌كانی‌ هه‌رێم هیچ بودجه‌یه‌كی‌ تایبه‌ت هەبێ بەناوی بودجه‌ی‌ جێنده‌ر.

ئه‌و گوتی، ئه‌وه‌ی‌ په‌یوه‌سته‌ به‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستانەوە، بودجه‌یه‌كی‌ دیاریكراومان نییه‌ له‌ژێر تایتڵی‌ بودجه‌ی‌ په‌ره‌پێدانی‌ پرسی‌ جێنده‌ری‌، به‌ڵام به‌شێكی‌ بودجه‌ی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم دیاریكراوه‌ بۆ ئه‌و ده‌زگایانه‌ی‌ كه‌ كار له‌سه‌ر رووبه‌رووبوونه‌وه‌ی‌ توندوتیژی‌ و تواناسازی‌ ژنان ده‌كه‌ن.

هه‌رێم چه‌ند ساڵێكه‌ یاسای بودجه‌ی نییه‌
عەلی حەمە ساڵح، ئەندامی پەرلەمانی كوردستان، ئەندامی لیژنەی دارایی و ئابووری، دەڵێت "لە ساڵی 2013 بودجە نەهاتۆتە پەرلەمانی كوردستان.. رەشنووسی بودجەی ساڵانی دیكەم لەبەردەستە هیچ بڕگە و ماددەیەكی تێدا نییە، باس لەوە بكات بودجەی تەرخانكراو هەبێت بۆ گەشەپێدانی جێندەر”.

لە 10ـی کانوونی یەکەمی 2022 هاوپەیمانی ژنانی كوردستان گردبوونەوەیكیان دژ بە جیاكاری جێندەر و نەبوونی بودجەی جێندەر و كۆمەڵێك پرسی دیكە رێكخستبوو، لە بەیاننامەیەكدا كە لەبەردەم ئامادەبووانی گردبوونەوەكە خوێندرایەوە، لە خاڵێكدا ئاماژە بەوە كرابوو كە لە ماوەی 10 ساڵی رابردوو 220 ژن لە كوردستان كوژراون.

پەخشان زەنگەنە، ئەمینداری پێشووی ئەنجومەنی باڵای كاروباری خانمان، لەبارەی بودجەی جێندەر لە كوردستان و عیراق، روونیدەكاتەوە "ئەمە چەند ساڵێکە لە ٢٠١٤وە یاسای بودجە نیە لەکوردستان واتە بودجە لەسەر ئاستی فەرمی، لە ھیچ بوارێکدا بەیاسا رێکنەخراوە، لەلایەکی دیکەوە یاسای بودجەی کوردستان کە لەسەر بنەمای یاسای بودجەی عێراق داڕێژراوە دواکەوتوترین داڕشتنی ھەیە، دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی بیستەکانی سەدەی رابردوو، تەنھا دوو جۆر بودجە دیاریدەکات، بودجەی بەکار خستن (تەشغیلی) و بودجەی وەبەرھێنان (استپماری) ئەم شێوازە ئێستا لە جیھاندا زۆر کەم کاری پێدەکرێت”.

سەبارەت بە بودجەی جێندەری، ئاشكرای دەكات، لە ساڵی ٢٠١٢ بە ھاوکاری UN Women ئەنجومەنی خانمان و وەزارەتەکانی دارایی و پلاندانان و ژمارەیەک رێککخراوی کۆمەڵی مەدەنی سەرقاڵی ئەوە بوون کە جێگای بودجەی جێندەر بکەنەوە لە یاسای بودجەدا، لە عێراقیش ھەمان بەرنامە ھەبوو.

ئەوەش دەخاتەڕوو، ھەوڵدرا بۆ دابینکردنی بودجە ھیچ نەبێت بۆ یەکەکانی جێندەر و پاشان بۆ سەنتەرەکانی جێندەر، ھەوڵەکان بەردەوامبوون، دیارە لە ٢٠١٤ کێشەی دارایی ھەیە بەو ھۆیەوە ھەندێک جار روبەڕووی ھەڵوێستی نەخوازراویش دەبوین، ئەنجومەنی خانمان ھەرگیز بودجەی تایبەتی خۆی نەبووە لەبەر ئەوەی قەبارەیەکی مەعنەوی نییە، بەڵکو بەشێکە لە سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیران.

ئەگەرچی‌ حکومەتی هەرێمی كوردستان، یەكێكە لەو هەرێمانەی لە چوارچێوەی دەوڵەتی عێراق، ئیمزای لەسەر رێککەوتننامەی سیدا كردووە، بۆ نەهێشتنی هەموو جۆرە تووندوتیژییەك لەسەر بنەمای جێندەر، هەروەها بەهێزكردنی ژن لە بواری ئابووری و سیاسی.

به‌ڵام لە ھیچ دامەزراوەو دەزگایەکی فەرمی بودجەی تایبەت بۆ پڕۆژەکانی پەرەپێدانی ژنان نەبووە، یەک جار لە ٢٠١٣ لە ١٣ پرۆژەی وەزارەتی پلاندانان سیانی خرایە سەرپەرشتی ئەنجومەنی خانمان و بەھاوکاری ئاژانسە پەیوەندیدارەکانی UN لە ٢٠١٤ و لەگەڵ قەیرانی دارایی (بڕینی بودجەی ھەرێم لەلایەن حکومەتی مالکی ئەو کات، وەزارەتی پلاندانان نەیتوانی شایستە داراییەکانی بەرامبەر UN جێبەجێ بکا پرۆژەکان کە ماوەیان سێ ساڵ بو کورت کرانەوە و ھەندێک قۆناغی تێپەڕێنرا).



AM:09:34:19/03/2023




ئه‌م بابه‌ته 344 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌