به‌ندكراوێكی كورد له‌ژێر ئه‌شكه‌نجه‌ی هێزه‌ ئه‌منییه‌كانی تاران گیانی له‌ ده‌ستدا




بەندکراوێکی کورد و خەڵکی شاری هەرسین سەر بە پارێزگای کرماشان بە ناوی سامان دەروێشی، لەژێر ئەشکەنجە و بەهۆی لێدانی هێزە ئه‌منییەکان، لە بەندیخانەی تارانی گەورە گیانی له‌ ده‌ستدا.

بەپێی راپۆرتی رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، شەوی دووشەممە 8ی ئایاری 2023، بەندکراوێکی کورد بە ناوی سامان دەروێشی، تەمەن 31 ساڵ و خەڵکی شاری هەرسین سەر بە پارێزگای کرماشان، لە تیپی دووی هێزەکانی بەندیخانەی تارانی گەورە (فەشافوویە)، بەهۆی ئەشکەنجە و لێدانی دڕندانەی هێزە ئه‌منییه‌كانی ئێرانەوە گیانی لەدەست دا.

بەپێی زانیارییەکانی رێكخراوی مافی مرۆڤی هه‌نگاو، بەهۆی بریندارکردنی ئەندامێکی هێزە ئه‌منییه‌كان لە کاتی دەستبەسەرکردنی سامان دەروێشی، لە ماوەی یەک ساڵی رابردوودا چەندین جار لەلایەن ئەو هێزانەوە بە شێوەی دڕندانە ئەشکەنجە دراوە و بە شێوەی بێڕێزانە لێیان داوە و تەنانەت جارێکیش هەر بەم هۆکارەوە چووەتە کۆما.

ئه‌مه‌ له‌كاتێكدایه‌ ئەو هاووڵاتییە ساڵی ڕابردوو بە تۆمەتی دزیکردن دەستبەسەر کراوە و بۆ بەندیخانەی فەشافوویە گواستراوەتەوە.

ناوبراو پێشتریش هەر بەم تۆمەتە ماوەی سێ ساڵ بەندکردنی بەسەردا سەپاوە و لە بەندیخانەی ناوەندیی کەرەج ماوەی بەندکردنەکەی تێپەڕ کردووە.

بەپشتبەستن بە ئاماره‌كانی رێكخراوی هه‌نگاو بۆ مافه‌كانی مرۆڤ، لە سەرەتای ساڵی 2023، تا ئێستا، لانی کەم 14 بەندکراو لە بەندیخانەکانی ئێراندا گیانیان لەدەست داوە کە 11 بەندکراویان کورد بوون.
 



PM:01:29:11/05/2023




ئه‌م بابه‌ته 332 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌