ميترو,رووداو
لقی کەرکووکی سەندیکای رۆژنامەنووسانی عێراق ناوی 140 رۆژنامەڤانی ئاراستەی شارەوانیی کەرکووک کردووە و هاوپێچ لەگەڵ نووسراوێکی راکان جبووری بۆ دابەشکردنی زەوی بەسەر رۆژنامەڤانانی شارەکە، بەڵام ژمارەیەکی کەم رۆژنامەڤانی کورد لەنێو لیستەکەدان، ئەوەش ناڕەزایی رۆژنامەڤانانی لێکەوتەوە.
بەشێک لە رۆژنامەڤانانی کوردی کەرکووک کۆبوونەوە و دژی ئەو هەڵوێستە راگەیێندراوێکی هەشت خاڵییان بڵاوکردەوە. محێدین عومەر، ئەندامی ئەو لیژنەیەی دوای کۆبوونەوەی رۆژنامەڤانەکان دروستبووە، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "رۆژنامەنووسانی کورد داوای مافی خۆیان دەکەن و رێگە بە پێشێلکردنی مافەکانیان نادەن."
ئەو رۆژنامەڤانەی کەرکووک گوتیشی، نووسراوێکی داواکارییان ئاراستەی ئیدارەی پارێزگا و شارەوانیی کەرکووک کردووە بە واژۆی زیاتر لە 60 رۆژنامەڤانی کارا و تێیدا داوایان کردووە لایەنی بەرپرس پێداچوونەوە بەو نووسراوەدا بکەن.
بە گوتەی محێدین عومەر، "داوامان کردووە مەرجی پێدانی زەوی پەیوەست نەکرێت بە ئەندام بوون یا نەبوون لە سەندیکای عێراقی، چونکە زۆربەی رۆژنامەنووسانی کورد یان ئەندامی سەندیکای کوردستانن یان ئەندامی هیچ سەندیکایەک نین کە بەپێی یاسا بەرکارەکانی عێراقیش رۆژنامەنووس ناچار نییە ئەندامی هیچ سەندیکایەک بێت تاوەکو مافی پیشەکەی بەدەستبهێنێت."
محێدین عومەر گوتیشی، زانیارییان هەیە کەسانێک خەڵکی رەسەنی کەرکووک نین و ناویان لە لیستەکەی سەندیکای عێراقیدایە، بۆیە پێداگری دەکەن لەوەی ئەوانەی مافی وەرگرتنی زەوییان هەبێت، پێویستە سەرژمێریی 1957ـی کەرکووکیان هەبێت.
بەپێی راگەیێندراوەکەی رۆژنامەڤانانی کورد لە کەرکووک، لە رۆژانی داهاتوودا بە فەرمی نوێنەرەکانیان سەردانی لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکەن و لە ئەگەری بەدەمەوەنەهاتنی داواکارییەکانیان، "رێکاری دیکە" دەگرنەبەر.