ميترو,k24
هونەرمەند جەمال دیلان ماڵە کۆنەکەی دەکاتە مۆزەخانەیەکی کولتووری و لەوبارەیەوە بە کوردستان24ـی راگەیاند، لەسەر ئەرکی خۆی مۆزەخانەکەی کردووەتەوە و لە داهاتووشدا هەوڵی فراوانکردنی دەدات.
هونەرمەند جەمال دیلان لە دوا وێستگەی ژیاندا، گەڕایەوە نێو ماڵە کۆنەکەیان، کە هەموو ژیانی گەنجیەتی و هونەری خۆی لەم خانووەدا بەڕێکردووە، دوای خانەنشین بوونیشی وەک فەرمانبەرێکی وەزارەتی رۆشنبیری و بڕیاری چۆڵکردنی گەڕەکە کۆنەکەی عەرەبان، بڕیاریدا ماڵەکەی بکات بە مۆزەخانەیەکی کولتووریی و وێنەی هونەرمەند و پیاوانی ئایینی و رۆشبیرانی دانیشتووی ئەو گەڕەکە لە ژوورە بچکۆلانەکەی هەڵواسێت و وەک چەند یادگارێکی بەنرخ بیانپارێزێت، هەروەها لە سووچێکی ئەو ماڵەدا دەیان کەلوپەلی میوزیکی کۆن و رادیۆی ساڵانی هەشتاکان لەوێدا جێبکاتەوە.
جەمال دیلان سەبارەت بە کردنەوەی ماڵە کلتوورییەکەی بە کوردستان24ـی راگەیاند: لەگەڵ بڕیاری چۆڵکردنی گەڕەکەکەیان بەهۆی کۆنی خانووەکان بیری لەوە کردووەتەوە، کە وێنە و یادگاری چەندین ساڵەی دانیشتووانی گەڕەکەکە و چەردەیەک لەو هونەرمەندانەی لە گەڕەکەدا هونەر لە دڵیاندا چەکەرەی کردووە لەم مۆزەخانەیەدا کۆبکاتەوە و بەشێکیش لەو کەلوپەل و ئامێرە میوزیکی و رادیۆ کۆنانە وەک یادگارێکی جوان لەوێدا بپارێزێت.
دەشڵێت: ئەگەرچی هیچ لایەنێک هاوکار نەبوون بۆ فراوانبوونی مۆزەخانە بچووکەکەم، بەڵام من هەر سووربووم لەسەر هێشتنەوەی یادگاری و کەلوپەلەکانی سەردەمی رەش و سپی، کە تا ئێستاش من یادی ئەو ڕۆژە جوانانەی گەڕەکەکەمان دەژیم، چونکە ژیانی هونەری من و برای هونەرمەندی کۆچکردووم جەلال بەیار، لەم خانووە داڕماوەدا دەستی پێکرد. راشیگەیاند، لەسەر ئەرکی خۆی مۆزەخانەکەم کردەوە و لە داهاتووشدا هەوڵی فراوانکردنی دەدات.