کوردێک بە سەرۆکى کۆمیسیۆنى هەڵبژاردنەکانى عێراق هەڵبژێردرا




ميترو,رووداو 

ئەنجوومەنى کۆمیسیارانى کۆمیسیۆنى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق، ئەندامێکى کوردى ئەنجوومەکەی بە سەرۆکى کۆمیسیۆنەکە هەڵبژارد.
 
رۆژی 16ى ئایارى 2023، کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند کە ئەنجوومەنى کۆمیسیاران عومەر ئەحمەد محەممەد، ئەندامى ئەنجوومەنەکەى بە سەرۆکى ئەنجوومەنی کۆمیسیۆنەکە هەڵبژاردووە. 
 
بەگوێرەى راگەیێندراوەکە، فەیاز یاسین، وەک جێگرى سەرۆکى کۆمیسیۆن دیاریکراوە و هەردووکیان متمانەى زۆرینەی ئەندامانى ئەنجوومەنى کۆمیسیارانیان بەدەستهێناوە. 
 
جەلیل عەدنان خەلەف، سەرۆکى پێشووى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکان لە 23ـى نیسانى 2023 دەستى لەکارکێشایەوە و لە 3ـى ئایارى 2023، لەتیف رەشید، سەرۆککۆمارى عێراق مەرسومى کۆمارى بۆ دەستبەکاربوونى دادوەر حوسێن عەبدولسادە دەرکردووە، وەک ئەندامى ئەنجوومەنى کۆمیسیارانى کۆمیسیۆنى باڵاى سەرخۆى ھەڵبژاردنەکان لە جێگەى جەلیل عەدنان خەڵەف.
 
بەگوێرەى مادەى شەشى یاساى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق، سەرۆکى کۆمیسیۆنەکە لەنێو ئەندامانى ئەنجوومەنى کۆمیسیاران هەڵدەبژێردرێت.
 
ئەندامانى ئەنجوومەنى کۆمیسیاران لە نۆ کەس پێکدێن کە دووانیان کورد و دووانیان سوننە و پێنجەکەى دیکەش لە پێکهاتەى شیعەن. هەر بەربژێرێک پێنج دەنگی ئەندامی ئەو ئەنجوومەنە بەدەستبهێنێت دەبێتە سەرۆکى ئەنجوومەنی کۆمیسیۆن. 


AM:11:09:17/05/2023




ئه‌م بابه‌ته 264 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌