باڵیۆزی ئەمریکا داوا دەکات ئەمساڵ لە هەرێمی کوردستان هەڵبژاردن بکرێت




ميترۆ,رووداو 

باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق داوا دەکات ئەمساڵ لە هەرێمی کوردستاندا هەڵبژاردن بکرێت و لەبارەی ئەو پرسە و چەند پرسێکی دیکە گفتوگۆی لەگەڵ هەریەک لە سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و جێگرەکەی کردووە.
 
ئالینا رۆمانۆوسکی لە هەژماری خۆی لە تویتەر بڵاویکردەوە، لەگەڵ هەریەک لە سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و جێگرەکەی قسەی کردووە و دەستخۆشی لێکردوون لەبارەی "دیالۆگی سەرکەوتوویان" و، ئەو "پێشکەوتنەی لە رێگەی ئەنجوومەنی وەزیران"ـی هەرێمی کوردستانەوە بەدەستهێندراوە. 
 
رۆمانۆوسکی دەڵێت، هانی مەسرور بارزانی و قوباد تاڵەبانی داوە بۆ ئەوەی هاوئاهەنگی نێوانیان لەو بوارانەدا بەهێز بکەن کە جێگەی بایەخ و ئامانجی لەپێشینەی هەردوولان، وەک چاکسازیی لە وەزارەتی پێشمەرگە، خۆتەرخانکردن بۆ مافەکانی مرۆڤ و ئەنجامدانی هەڵبژاردن پێش کۆتایی ئەمساڵ. 
 
دەقی تویتەکەی باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق:
 
"لەگەڵ مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان قسەم کرد و ستایشی گفتوگۆی سەرکەوتووانە و پێشکەوتنی وەدەستهاتوویانم کرد لە چوارچێوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستاندا. هانی هەردووکیانم دا هاوئاهەنگی نێوانیان سەبارەت بە کارە لەپێشینە هاوبەشەکان بەهێزبکەن؛ چاکسازی لە وەزارەتی پێشمەرگە و خۆتەرخانکردن بۆ مافەکانی مرۆڤ و هەروەها هەڵبژاردن پێش کۆتایی 2023".
 
ئەو توویتەی باڵیۆزی ئەمریکا لەکاتێکدایە، 14ـی ئایاری ئەمساڵ، یەکەمین کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران بە سەرۆکایەتیی مەسرور بارزانی و ئامادەبوونی جێگرەکەی بەڕێوەچوو، دوای ئەوەی لە 8ـی ئایاری ئەمساڵ مەسرور بارزانی و قوباد تاڵەبانی کۆبوونەوە.
 
لە رۆژی 26ـی ئۆکتۆبەری 2022ـەوە قوباد تاڵەبانی و لە 22-12-2022ـەوە تیمی یەکێتی لە حکومەت بایکۆتی کۆبوونەوەکانیان کردبوو


AM:11:17:21/05/2023




ئه‌م بابه‌ته 244 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌