هونەرمەندانی شێوەکاری هەولێر و ناشڤیل رێککەوتنێک واژوو دەکەن




ميترۆ,K24

هونەرمەندانی شێوەکاری ناشڤیلی ئەمەریکی لەگەڵ شێوەکارانی هەولێر رێککەوتنێک واژوو دەکەن و لە داهاتووشدا چەندین پرۆژەی هاوبەش تێکەڵاو بە هونەر و کلتووری هەردوولا ئەنجام دەدەن.

گرووپی هونەری ناشڤیلی ئەمەریکی، کە پێکهاتووە لە چەندین هونەرمەندی دەست رەنگینی هونەری شێوەکاری و پەیکەرتاشی کە ئێستا لە هەرێمی کوردستانن و تا ئێستاش چەندین پڕۆژەی هونەرییان لە قەڵای هەولێر و زنجیرە کۆنسێرتی گۆرانی و موزیک و ناوەندە هونەرییەکانی شارەکەیان ئەنجامداوە.

لەمیانەی سەردانەکەیان بۆ هەولێر،  گرووپی هونەری ناشڤێڵی ئەمەریکی سەردانی بەڕێوەبەرایەتی هونەری شێوەکاریی هەولێریان بەسەرکردەوە و مەبەستیش لە سەردانەکەیان ئەنجامدانی چەند پڕۆژەیەکی هونەری هاوبەشە.

لە دیدارێکدا، کە هەریەک لە فەرهەنگ غەفوور، بەڕێوەبەری گشتی رۆشنبیری و هونەریی هەولێر و ئازاد لەشکری، بەڕێوەبەری هونەری شێوەکاریی هەولێر تێیدا ئامادەبوون، گفتوگۆ لەبارەی چەند پڕۆژەیەکی فراوانی هونەریی لەنێوان هەرێمی کوردستان و ئەمەریکا کرا و گرووپی ناشڤیل لە چوارچێوەی سەردانەکەیاندا سەرسامی خۆیان بۆ نمایشی من جەنگاوەرم دەربڕی، کە خەروارێکە لە داهێنان و سەلیقەی جوانی (ساکار سلێمان)ـی شێوەکار و بەرهەمێکی زیندووە لە پڕۆژە نوێیەکانی گەلەری میدیا و جوانی هۆڵی شێوەکاری میدیاشیان وەک پردێک لە نێوان هونەر و پڕۆژەی هونەرمەندان وەسف کرد.

لەلایەن خۆیەوە، ئازاد لەشکری، بەڕێوەبەری هونەری شێوەکاری هەولێر لەمبارەیەوە بە کوردستان24 راگەیاند، هەماهەنگی بەرفراوانمان دەبێت لەگەڵ گرووپەکەی ناشڤیل و لە داهاتووشدا کولتوور و هونەری کورد و ئەمەریکی ئاوێتەی یەکتر دەکەن و کەشێکی هونەریی بە رەنگ و داهێنان پێشکەش بە هونەردۆستانی شارەکەیان دەکەن.

سەردانەکەی گرووپی هونەری ناشڤیلی ئەمەریکی بۆ شاری هەولێر لەچوارچێوەی سەردانی شاندێکی ئەو شارە ئەمەریکییە دێت کە کار لەسەر رێککەوتنی دەستخوشکی نێوان هەردوو شاری ناشڤیل و هەولێر دەکرێت.



AM:11:39:24/05/2023




ئه‌م بابه‌ته 204 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌