پلاسخارت: شەڕی سیاسیی بەردەوامی هەرێمی کوردستانی عێراق زۆر بێزارکەرە




میترۆ,رووداو 


نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق، شەڕی سیاسیی بەردەوامی هەرێمی کوردستانی عێراق بە "زۆر بێزارکەر" ناو دەبات و داوا دەکات زەمینەیەکی هاوبەش بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی هەڵبژاردن بدۆزنەوە.
 
جێنین پلاسخارت، نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق، رۆژی چوارشەممە، 24-05-2023، لە تویتێکدا داوای لە هەموو پارتەکان کرد، "بە زووترین کات زەمینەیەکی هاوبەش بۆ چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی هەڵبژاردن بدۆزنەوە."
 
نوێنەرەکەی سکرتێری نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق کە پێشتریش چەندینجار لەسەر دواخستنی هەڵبژاردنی پەرلەمان و کێشەکانی نێوان پارتی و یەکێتی قسەی کردووە، پێیوایە: "هەڵبژاردنی متمانەپێکراو و لە کاتی خۆیدا، بنچینەی دیموکراسییە."
 
بەهۆی ناکۆکییەکانی نێوان پارتی و یەکێتی، هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان کە دەبووایە لە نۆڤێمبەری رابردوو بکرێت، نەکرا و تەمەنی ئەم خولەش بۆ کۆتایی ئەمساڵ درێژکرایەوە.
 
هەرچەندە نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، کە دەسەڵاتی دیاریکردنی رۆژی هەڵبژاردنی هەیە و 18-11-2023ی بۆ هەڵبژاردن دیاری کردووە، بەڵام روون نییە هەڵبژاردن لەو وادەیەدا دەکرێت یان نا، چونکە کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان پارتی و یەکێتی لەسەر هەڵبژاردن هێشتا چارەسەر نەکراون.
 
کورسیی پێکهاتەکان و شێوازی بەشداریکردنیان لە هەڵبژاردنی پەرلەمان، کێشەی هەرە زەقی نێوان پارتی و یەکێتییە، هەرچەندە یۆنامیش وەک نێوەندگیر نێو کێشەکە و پێشنیازیشی داوەتە لایەنەکان، بەڵام سەمیر غەتاس، گوتەبێژی یونامی لە وەڵامی ئیمێڵێکی تۆڕی میدیایی رووداو دەڵێت، "یونامی بژاردەکانی دیکەی پێکهاتەکانی لەگەڵ نوێنەری پێکهاتەکان لە پەرلەمانی هەرێمی کوردستان تاوتوێکردن، کە پارتەکان دەتوانن لە بەرچاویانبگرن. بەداخەوە، هیچ بەرەوپێشچوونێک دروستنەبووە."


AM:10:20:25/05/2023




ئه‌م بابه‌ته 208 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌