یونامی بۆ رووداو: هیچ بەرەوپێشچوونێک بۆ چارەسەری ناکۆکییەکانی هەڵبژاردن نەبووە




ميترۆ,رووداو 


گوتەبێژی یونامی لەبارەی کۆبوونەوەی لەگەڵ پێکهاتەکان کە "لەسەر داواکاریی پارتی و یەکێتی بووە"، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "هیچ بەرەوپێشچوونێک دروستنەبووە." داواش دەکات کە لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان "لە زووترین دەرفەتدا، رێککەوتنێک بۆ کێشە هەڵپەسێردراوەکانی هەڵبژاردن بدۆزنەوە."
 
 سەمیر غەتاس، گوتەبێژی یونامی وەڵامی ئیمێڵێکی تۆڕی میدیایی رووداوی لەبارەی پێشنیازیان بۆ پارتی و یەکێتی و کۆبوونەوەیان پێکهاتەکان لەبارەی هەڵبژاردنەوە داوەتەوە و دەڵێت، "یونامی بژاردەکانی دیکەی پێکهاتەکانی لەگەڵ نوێنەری پێکهاتەکان لە پەرلەمانی هەرێمی کوردستان تاوتوێکردن، کە پارتەکان دەتوانن لە بەرچاویانبگرن. بەداخەوە، هیچ بەرەوپێشچوونێک دروستنەبووە."
 
لە دوایین کۆبوونەوەی پارتی و یەکێتی لە ئاستی بەش و دەزگای هەڵبژاردن، شاندی یونامی بەشداری کرد و بڕیاریدا پێشنیازی خۆی لەبارەی شێوازی بەشداریی پێکهاتەکان لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بداتە یەکێتی و پارتی. 
 
یونامی دوو پێشنیازیان لەبارەی کورسیی پێکهاتەکان داوەتە هەردوو حیزبەکە، بە جۆرێک دوو کورسی لە سنووری پارێزگای سلێمانی بێت یان هەڵبژاردنی ئەوان یەک بازنەیی بێت. 
 
بەگوێرەی ئەو وەڵامەی یونامی بۆ رووداوی ناردووەتەوە، "پارتە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان و دامودەزگاکان بەرپرسن لە بڕیاردان لەسەر ئەوەی چ سیستمێک پەیڕەو دەکەن. لەم قۆناخەدا، تەنیا دەتوانین داوا لە پارتەکان بکەین لە زووترین دەرفەتدا، رێککەوتنێک بۆ کێشە هەڵپەسێردراوەکانی هەڵبژاردن بدۆزنەوە."
 
خاڵی ناکۆکی نێوان پارتی و یەکێتی لەبارەی هەڵبژاردنەوە 11 کورسییەکەی پێکهاتەکانە، پارتی لەگەڵ ئەوەدایە هەڵبژاردن و دەنگدانی پێکهاتەکان بە یەک بازنە بێت و دەشڵێت، پێکهاتەکان هەر بڕیارێک بدەن ئەوانیش پێوەی پابەندن؛ هەرچی یەکێتی و بەشێکی لایەنەکانی دیکەیە داوا دەکەن پێکهاتەکانیش بە فرەبازنەیی هاوشێوەی 100 کورسییەکەی دیکە یەکلابکرێنەوە.
 
بڕیاربوو رۆژی 01-10-2022 هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان بکرێت، بەڵام ناکۆکیی سیاسیی نێوان لایەنەکان لەسەر یاسای هەڵبژاردن، پێکهاتەی کۆمیسیۆن و شێوازی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکە لەنێوان یەک بازنەیی و فرەبازنەییدا، بوونە هۆکاری دواکەوتنی هەڵبژاردن. 
 
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، جارێکی دیکە رۆژی 18-11-2023ـی وەکو وادەی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان دیاری کرد.
 


AM:10:31:25/05/2023




ئه‌م بابه‌ته 192 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌