دیداری ھاوبەشی رۆژنامەنوسان و دەزگای ئاسایشی ھەرێم





رۆژی چوارشەەمە، بانگهێشتكراین بۆ كۆبونەوەیەك لە بارەگای ئاسایشی گشتی هەرێم لە سلێمانی، كە تەرخانكرابوو بۆ گفتوگۆكردن دەربارەی ئەدای هێزە ئەمنییەكان لەگەڵ تیمەكانی راگەیاندن.
كۆبونەوەكە بە ئامادەبوونی هیوا ئەحمەد بەرێوەبەری گشتی ئاسایشی هەرێم، عقید سەلام عبدالخالق بەرێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەكان، نوێنەرانی سەنتەری میترۆ، سەندیكای رۆژنامەنووسان، نوێنەرانی بەشێك لە دەزگاكانی راگەیاندن.
لەو كۆبونەوەیەدا جەختمان لەسەر پرەنسیپەكانی سەنتەری میترۆ كرد كە "ئازادی كاری رۆژنامەگەری، مافی گەیشتن بەسەرچاوەكانی زانیاری ودەستەبەركردنی و بڵاوكردنەوەی بە شێوەیەكی ئازاد، كە بە پێی یاسا نێودەوڵەتی و ناوخۆییەكانی هەرێمی كوردستان، و دەستووری عێراق، رێگەی پێدراوە، دەبێت كار بۆ فراوانكردنیان بكەین". 
• ئازادی بیروڕا و رادەربڕین و خۆپیشاندانی مەدەنی ئاشتیخوازانە  مافێكی سروشتییە، لە هەرێمی كوردستان بەیاسا رێگەی پێدراوە، ناكرێت بەهیچ پاساوێك پێشێلبكرێت.
• پێویستە راگرتن (تەوقیفكردن)ی رۆژنامەنوسان لەسەر كەیسەكانی تایبەت بەبڵاوكردنەوە نەمێنێت.
•   كەیسەكانی تایبەت بە نوسین  و بڵاوكردنەوە، جگە لەپۆلیس هیچ دەزگایەكی ئەمنی بۆی نەبێت رۆژنامەنوس بانگ بكات، ئەویش تەنها بەفەرمانی دادوەر بێت.
• وەرگرتنی بەڵێنامە، وەرگرتنی مۆبایل، وەرگرتنی پاسۆرد و چونە ناو تایبەتمەندییان، لە رۆژنامەنووس نایاسییە، كۆتایی پێبێت.
سەنتەری میترۆ ئەم جۆرە كۆبونەوانە بە گرنگ دەزانێت، بە تایبەتیش لەم كۆبونەوەیە تێگەیشتن هەبوو بۆ ئەو كێشانەی كە دێتە بەردەم كاری رۆژانەی پەیامنێرانی دەزگاكانی میدیا، بەرێز بەرێوەبەری گشتی ئاسایشی هەرێمی كوردستان، بە گرنگییەوە پێشوزای لە رەخنەی ئامادەبووانكرد كە تایبەتبوون بە ئەدای هێزە ئەمنییەكان لە بۆنەكان، خۆپیشاندان و نارەزایەتییەكان.
دیاری محمد
بەرێوەبەری سەنتەری میترۆ


PM:01:44:01/06/2023




ئه‌م بابه‌ته 460 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌