کار و کاروباری کۆمەڵایەتی: لە پارێزگای سلێمانیدا زیاتر لە هەزار و ٤٠٠ منداڵی ئیشکەر هەن




ميترو,NRT 


وەزارەتی کار و کاروباری حکومەتی کاربەڕێکەری هەرێم لە رۆژی جیهانی پاراستنی منداڵاندا لە هەرێم رایگەیاند، لە کۆی گشتی پارێزگای سلێمانیدا زیاتر لە هەزار و ٤٠٠ منداڵی ئیشکەر هەن.

کوێستان محەمەد وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی حکومەتی ماوەبەسەرچووی هەرێم رایگەیاند، تەنها لە شاری سلێمانیدا هەزار و ١٠ مندالی ئیشکەر هەن.

باسی لەوەشكرد، لە هەڵەبجە ١٢٤ منداڵ و لە راپەڕین ١٢١ منداڵ و لە گەرمیان ٢١١ منداڵی ئیشکەر هەن.

ئەمڕۆ ١ی حوزەیران، بە رۆژی جیهانی پاراستنی منداڵان دادەنرێت، کە بۆ یەکەمجار لە شاری جنێڤی سویسڕا لە کۆنفرانسی جیهانی چاودێری منداڵان لە ساڵی ١٩٢٥ ڕاگەیەندرا.

رۆژی جیهانی پاراستنی منداڵان ساڵانە لە ١ی حوزەیراندا وەک دەستپێشخەرییەک بۆ خۆشگوزەرانی و مافەکانی منداڵان بەڕێوەدەچێت، بۆ کۆتاییهێنان بە دەستدرێژیکردنە سەر منداڵان و زەوتکردنی مافەکانی منداڵ و باشترکردنی ژیانیان.

مافەکانی منداڵان لە ٥٤ ماددە پێکدێت و جاڕنامەی گەردوونی تایبەت بە خۆیان هەیە، کە جاڕنامەی گەردوونی مافەكانی منداڵان، لە ٢٠ی تشرینی دووەمی اڵی ١٩٨٩، لەلایەن رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكانەوە دەرچووە ‌و لە رێكەوتی ٢ی ئەیلوولی ١٩٩٠ كەوتووەتە بواری جێبەجێكردنەوە.

جاڕنامەکە لە ٥٤ ماددە پێك هاتووە، كە دابەش كراوەتە سەر سێ بەش: لە بەشی یەكەمدا كە لە ٤١ ماددە پێكهاتووە، باس لە هەندێك مافی بنەڕەتی بۆ منداڵان دەكات، بەشی ٢ ‌و ٣ش‌، تەرخان كراوە بۆ گرتنەبەر ‌و رێكاری پێویست لەلایەن وڵاتانی بەشداری ئەم جاڕنامەیەوە بۆ جێبەجێكردنی تەواوی ماددەكانی ئەم جاڕنامەیە.


PM:01:51:01/06/2023




ئه‌م بابه‌ته 340 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌