ئەوەی لە پەرلەمان دەكرێت بە یاسا، بە رێنمایی ناوەڕۆكی بەتاڵدەكرێتەوە



میترۆ، سلێمانی: رێكخەری سەنتەری میترۆ داوای لە باڵویزخانەو كونسڵخانەی هۆڵەندا لە هەرێمی كوردستان و عێراق كرد پشتیوانبن بۆ رەتكردنەوەی ئەو مادانەی لە رێنمایی (ژمارە 1 ی ساڵی 2023 تایبەت بەكاری میدیایی لە هەرێمی كوردستان)ی وەزراەتی رۆشنبیری حكومەتی هەرێمی كوردستان، كە دژ بە بەندەكانی یاسای رۆژنامەگەرین.

ئەمرۆ 4 ی حوزەیران،2023، لەئۆفیسی سەرەكی سەنتەری میترۆ لە شاری سلێمانی، بە بەشداری رۆژنامەنوس (هێمن مەحمود) بەرێوەبەری دامەزراوەی زووم،  تیمی میترۆ پێشوازی لە وەفدێكی باڵوێزخانەی هۆڵەندا كرد.

وەفدەكە پێكهاتبوون لە ( پارت هۆڤمان، سكرتێری یەكەمی  كاروباری سیاسی و مافەكانی مرۆڤ، یەلی یۆخام سكرتێری دوومی كاروباری سیاسی و مافەكانی مرۆڤ، یاسر كوتی راوێژكاری پێشكەوتوو لە كاروباری سیاسی و مافەكانی مرۆڤ).

لە دیدارەكە گفتوگۆ لە بارەی پێشهاتە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان و كاریگەرییەكانی بەسەر ئازادی رۆژنامەگەری و رادەربڕین كرا.
پارت هۆڤمان، سكرتێری یەكەمی  كاروباری سیاسی و مافەكانی مرۆڤ، سوپاسی سەنتەری میترۆی كرد كە وەك ناوەندێكی راستگۆو سەربەخۆ لە رێگەی راپۆرتەكانی رەوشی مافی مرۆڤ بەتایبەتیش ئازادی رۆژنامەگەری و رادەربڕین دەخاتە بەردەم رای گشتی.

رێكخەری سەنتەری میترۆ باسی لە رەوشی نوێ و ئاستەنگەكانی بەردەم ئازادی رادەربڕین و رۆژنامەگەری كرد و فۆكسی خستە سەر تازەترین رێنمایی وەزراەتی رۆشنبیری حكومەتی هەرێمی كوردستان، كە بە رێنمایی ژمارە یەكی ساڵی 2023 تایبەت بە كاری میدیای لە هەرێمی كوردستان، لەكاتێكدا دەرچووە كە وەرگرتنی مۆڵەتی میدیای بینراو و بیستراو لە بنچینەدا ئاڵۆزكراوە.

رەحمان غەریب، رێكخەری سەنتەری میترۆ ووتی " ئەوەی لە پەرلەمان دەكرێت بە یاسای نابێت بە رێنمایی لە رۆژنامەنوس و دەزگانی میدیا زەوتبكرێت" جەختیكردەوە " لە هەندێ بڕگەدا دژ بە مادەكانی یاسای رۆژنامەگەرییەوە ئێمە رەتیدەكەینەوە"
 رێكخەری میترۆ داوای لە رێكخراوەكانی كۆمەڵی مەدەنی و دەزگاكانی راگەیاندن و باڵویزخانەو كونسڵخانەی هۆڵەندا لە هەرێمی كوردستان و عێراق كرد پشتیوانبن بۆ رەتكردنەوەی ئەو ماددانەی لە رێنمایی(ژمارە 1 ی ساڵی 2023 تایبەت بەكاری میدیایی لە هەرێمی كوردستان)ی وەزراەتی رۆشنبیری حكومەتی هەرێمی كوردستان كە دژ بە بەندەكانی یاسای رۆژنامەگەرین، ووتی "ئێمە هەمو بڕگەیەكی رێنمایی و بڕیارێكی وەزاری بەرامبەر دەزگاكانی میدیا رەتدەكەینەوە كە پێچەوانەی مادەكانی یاسای ژمارە 35ی ساڵی 2007 یاسای كاری رۆژنامەگەری بێت"



PM:02:38:04/06/2023




ئه‌م بابه‌ته 468 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌