پێشیڕكێی رینمایی بۆ یاساشكێنی!







سلێمانی، 11ی تەمووز 2023: بەڕێز كاك ئاواتی شێخ جەناب، وەزیری دارایی حكومەتی هەرێمی كوردستان، لە 19ی حوزەیرانی رابردوو نوسراوێكی بە ناونیشانی (رێنمایی ژمارە هەشتی ساڵی 2023) دەركردوە، كە بە پێی نوسراوەكە پاڵپشتەبە ( یاسای ژمارە یەكی ساڵی 2011، یاسای رێكخراوە ناحكومییەكان لە هەرێمی كوردستان-عێراق) و نوسراوی ئەنجومەنی وەزیران ژمارە ( 5447) لە 8ی ئایاری 2023.

پێشتریش لە رۆژی‌ 22ی‌ 5ی‌ 2023 یش بەرێز وەزیری رۆشنبیری، حەمەی حەمە سەعید، رێنمایی ژمارە یەكی‌ ساڵی‌ 2023 لەبارەی ‌كاری‌ میدیایی لە هەرێمی‌ كوردستان (تایبەت بە رێكخستنی فریكوێنسی رادیۆ و تەلەڤزیۆن) بڵاوكردەوە كە لە 17 مادە پێكهاتبوو، نارەزایەتی لێكەوتەوە.

لەمانگی ربردوودا خاڵ بە خاڵی ئەو رێنماییەی وەزیری رۆشتبیری، لەلایەن هەندێ رێكخراوو سەرۆكی دەزگای میدیا و مامۆستای زانكۆو پسپۆری میدیای سەرنجی لەبارەوە خرایە روو، بەڵام دیارە جەنابی وەزیر هەر سووربوو لەسەر ئیمزاكەی.

بەڵام رێناماییەكانی وەزیری دارایی پێنج خاڵ لە خۆ دەگرێت، پەیوەندی بە كردنەوەی ئەژمێرەی بانكی و داهاتوو خەرجی لە رێگەی ئەو ئەمژێرەیەوە بێت " بە ئاگاداری فەرمانگەی رێكخراوە ناحكومییەكان"، هەموو جوڵەیەكی دارایی رێكخراو پێویستە لە رێگەی ئەو بانكەوە بێت ئەو بڕە پارانەی لەدەرەوەو ناوەوە دێت، پابەندبوونی رێكخراو بەدانانی ژمێریار، هەموو مانگێك تەرازووی پێداچوونەوە پێشكەش بە فەرمانگەی رێكخراوە ناحكومییەكان بكرێت، پرۆژەی رێكخراوەكان مانگانە تەرازووی پێداچوونەوەی پرۆژەكەیان پێشكەش بە فەرمانگەی رێكخراوە ناحكومییەكان بكەن.

لە راستیدا ئەوە تەواوە كە رێكخراو دەبێت، ژمێریاری هەبێت، ئەژمێرەی بانكی هەبێت، جوڵەی دارایی لە رێگەی ئەو ئەژمێرەیەوە بێت جا پارەی ناوەوە بێت یان دەرەوە.

بەڵام چۆن هەموو مانگێك تەرازووی پێداچوونەوە پێشكەش بە فەرمانگەی رێكخراوە ناحكومییەكان بكرێت؟

چۆن پرۆژەی رێكخراوەكان مانگانە تەرازووی پێداچوونەوەی پرۆژەكەیان پێشكەش بە فەرمانگەی رێكخراوە ناحكومییەكان بكەن؟

رێنماییەكەی جەنابی وەزیری دارایی پێچەوانەی مادەی چوارەم، خاڵی سێیەم لە یاسای رێكخراوە ناحكومییەكانە، ئەمە دەقەكەیەتی: رێكخراوەكان و تۆڕەكان راپۆرتێكی ساڵانەی دارایی پێشكەش بە فەرمانگە دەكەن و لەلایەن دیوانی چاودێری دارایی لە هەرێمدا وردبینی بۆ دەكرێت.

بەڵام ئەو رێكخراوانەی حكومەت پشتیوانی داراییان دەكات لەسەریانە راپۆرتێكی ورد دەربارەی چۆنێتی جێبەجێكردنی پرۆژەكانی پێشكەش بە فەرمانگە بكات.

ئیدی ئەم رێنماییە چۆن پاڵپشتە بە ( یاسای ژمارە یەكی ساڵی 2011، یاسای رێكخراوە ناحكومییەكان لە هەرێمی كوردستان-عێراق)؟ بەكام مادەو برگەی یاساكە "هەموو مانگێك تەرازووی پێداچوونەوە پێشكەش بە فەرمانگەی رێكخراوە ناحكومییەكان بكرێت؟"، پاڵپشت بەكام مادەو برگەی یاساكە "پرۆژەی رێكخراوەكان مانگانە تەرازووی پێداچوونەوەی پرۆژەكەیان پێشكەش بە فەرمانگەی رێكخراوە ناحكومییەكان بكەن؟"

لە راستیدا ئێمە لەم كابینەیەدا چاوەڕوانبووین بزوتنەوەی گۆڕان و یەكێتی نیشتیمانی، بە وریاییەوە مامەڵە لەگەڵ بابەتی هەستیاری وەك ئازادی كاری رێكخراوەكانی كۆمەڵی مەدەنی و ئازادی كاری میدیای ورادەربڕین، كە بەرێز وەزیری دارایی و وەزیری رۆشنبیری نوێنەرایەتییان دەكات.

چاوەڕوانبووین وەزیرە بەرێزەكانی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان و بزوتنەوەی گۆڕان، كاربكەن بۆ پاراستنی ئازادی رۆژنامەگەری، زامنكردنی ئازادی زیاتری كاری رێكخراوەیی، رێگربن لە دەركردنی بڕیارو رێنماییەك كە كۆمەڵگەیەكی مەدەنی دەستەمۆ بكات و میدیاكان بكەن بە وتەبێژی حكومەت.

مۆنۆپۆلكردنی بەشێكی زۆری میدیا و كۆمەڵی مەدەنی لە لایەن پارتی و یەكێتییەوە وای كردوە جیاوازی نەكەیت لەگەڵ میدیاكان ووتەبێژەكانی ئەم دوو حزبە هەروەها كۆمەڵی مەدەنی و رێكخراوە حزبییەكانی ئەم دوو حزبە.

میترۆ رایدەگەیەنێت هەر رێنماییەك لە هەر دامەزراوەیەكی حكومی كە پەیوەندی بە ئازادی كاری رۆژنامەگەرییەوە هەبێت نابێت پێچەوانەی یاسا بەركارەكان بن وەك یاسای رۆژنامەگەری و یاسای مافی دەستكەوتنی زانیاری، یاسای رێكخراوە ناحكومییەكان، یان هەر یاساییەكی تر.

هەردوو وەزیر ئەم راستییە ساكارە دەزانن، بەڵام بۆ رێناماییەكانیان پێچەوانەی ئەم یاسایانەن؟، ئەوەیان دەبێت حزبەكانیان وەڵاممان بدەنەوە.





PM:12:00:11/07/2023




ئه‌م بابه‌ته 892 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌