باڵوێزی ئوسترالیا سەردانی سەنتەری میترۆی كرد





هەینی 21ی تەمووز، لە شاری سلێمانی تیمی سەنتەری میترۆ پێشوازیانكرد لە (پاولا ئیلیزابیس گانلی)، باڵوێزی ئوسترالیا لە عێراق، و چەند پرسێكی تایبەت بە رەوشی ئازادی رادەربڕین و رۆژنامەگەری و ئازادی ژنان گفتوگۆیان كرد.

رێكخەری سەنتەری میترۆ بەخێرهاتنی باڵوێزو وەفدی یاوەری كرد، خۆشحاڵی دەربڕی بۆ سەردانەكەی بۆ سلێمانی و سەنتەری میترۆ.

باڵوێزی ئوسترالیا لە عێراق، سوپاسی پێشوازی گەرمی تیمی میترۆ كرد، باسی لەوە كرد كە ئەزمونی كاری سەنتەری میترۆ سەرنج راكێشەو پێخۆشە لەو بارودۆخە تێبگات كە كاری تیا دەكەن و ئاستەنگ و گرفتەكانی بەردەم كاری رۆژنامەگەری بزانێت.

رێكخەری میترۆ رەحمان غەریب، كورتەیەكی لە كاروچالاكییەكان خستە روو، هەروەها گرنگترین وێستەگانی پێشكەوتن و سوود وەرگرتنی میدیای كوردستانی لە تەكنەلۆژیای زانیاری و ئاستنگەكانی بەردەم ئازادی رۆژنامەگەری خستە روو.

هەروەها وەك نمونەیەكی زیندوو تیشكی خستە سەر تازەترین بریاری داگای هەولێر وحوكمدان بەسەر ئەندامی سەندیكای رۆژنامەنووسانی كوردستان شێروان شێروانی و دەستگیركردنی ئومێد پەرۆشكی.

 تیمی میترۆ تیشكیان خستە سەر رێنماییەكانی وەزارەتی رۆشنبیری و وەزارەتی دارایی كە ناكۆكن لەگەڵ ئازادی رادەربڕین و ئازادی كاری رێكخراوەیی.

دیاری محمد بەرێوەبەری سەنتەری میترۆو خاتوو هەژان خالید بە جیا باسیان لە گرنگترین دۆخی دادگاكانی هەرێمی كوردستان و پێویستییەكانی چاكسازی لەو دامەزراوەیە و بارودۆخی ژنانی میدیاكار لەناو دامەزراوەكانیان و لەكاتی كاری مەیدانیدا كرد.

خاتوو (پاولا كانلی)، ئەزمونێكی دەوڵەمەندی لە بواری ئاسایش و سیاسەت و كاری دپلۆماتیدا هەیە، جگە لە وەزراەتی دەرەوە و بازرگانی، فەرمانگەی سەرۆك وەزیران و ئەنجومەنی وەزیران كاری كردوە. لە لەندەن، پەكین، وەك كونسڵی گشتی كاری كردوە، هەروەها لە هۆنگ كۆنگ، براگ، كاراكاس، دكا، سیئۆل، پۆستی دپلۆماتی هەبوە.

لە كۆتایی دیدارەكەدا دیاری تایبەتی سەنتەری میترۆ پێشكەش بە باڵوێزو جێگرەكەی كرا كە بریتی بوون لە دوو پەیكەر، مەستورەی ئەردەلانی و شاعیری گەورەی كورد شێركۆ بێكەس.






PM:02:15:23/07/2023




ئه‌م بابه‌ته 604 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌