ئازادی راگەیاندن لە دڵی هەموو كەنەدییەكە
باڵوێزخانەی كەنەدا لە عێراق رایگەیاند ئازادی رۆژنامەگەری بەهای گرنگی هەیە لە دڵی كەنەدەدییەكاندا و سیاسەت و هەڵوێستمان گۆڕانكاری بەسەردا نەهاتووە، بەردەوام دەبین لە بەرگری لە ئازادی میدیا و رادەربڕین.
ئەمڕۆ سێ شەممە 25ی تەمووز، ( دانێل باربەر) بەرێوەبەری نوسینگەی هەولێری باڵوێزخانەی كەنەدا لە عێراق، خزر سبیحات رێپێدراوی بەشی بازرگانی، سەردانی ئۆفیسی سەرەكی میترۆیان كرد لە شاری سلێمانی.
( دانێل باربەر) بەرێوەبەری نوسینگەی هەولێری باڵوێزخانەی كەنەدا لە عێراق، تازە ئەم ئەركەی وەرگرتوە، دیدارەكە بە ئامانجی یەكترناسین و تێگەیشتن بوو لە بارودۆخی ئازادییەكان لە هەرێمی كوردستان.
سەرەتای دیدارەكە بەڕێوەبەری سەنتەری میترۆ دیاری محمد بەخێرهاتنی وەفدی میوانی كرد و تیشكی خستە سەر چالاكییەكانی سەنتەری میترۆ لە گەڵ هاوبەشەكانی، چاودێری كردنی یاسای رۆژنامەگەری و مافی بەدەستهێنانی زانیاری و بەرگری لە ئازادی رادەربڕین.
هەروەها رێكخەری سەنتەری میترۆ باسی لە بارودۆخی هەرێمی كوردستان و پێشهاتە تازەكان، ئاستەنگەكانی بەردەم كاری راگەیاندن و ئازادی رەخنەگرتن كرد ووتی " بە یاسا مافت دەدەنێ بە رێنمایی لێتدەستێننەوە وەك رێنماییەكانی وەزراتی رۆشنبیری و دارایی"
رێكخەری میترۆ داوایكرد كە رۆڵی خۆتان ببینن لە هاندانی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ فراوانكردنی ئازادی رۆژنامەگەری و ئازادی رەخنەگرتن و خۆپیشاندان و دەبڕینی بیرورا” جەختیكردەوە " كەیسی رۆژنامەنووس و چالاكوانی حوكمدراو بۆ ئێمەو رای گشتی گرنگە سەرلەنوێ دادگاییكردنەوەی شێروان شیرَوانی پەیامی خراپ بوو لە مامەڵەكردنی دەسەڵات لەگەڵ بیروڕای جیاواز "
( دانێل باربەر) بەرێوەبەری نوسینگەی هەولێری باڵوێزخانەی كەنەدا لە عێراق ووتی " ئازادی رۆژنامەگەری بەهای گرنگی هەیە لە دڵی كەنەدەدییەكاندا و سیاسەت و هەڵوێستمان گۆڕانكاری بەسەردا نەهاتووە، بەردەوام دەبین لە بەرگری لە ئازادی میدیا و رادەربڕین" ووتیشی "تێگەیشتنم هەیە بۆ ئەو بارودۆخەی كاری تێدا دەكەن خۆشحاڵم بەم شێوەیە چاودێری دەكەن و بەرگری لە بەهاكانتان دەكەن".
لەدیدارەكەدا كە زیاتر لە كاتژمێرێكی خایاند، بەڕێز رەزوان زەڵمی بەرێوەبەری مۆجۆكورد ئامادەبوو.