ئیرڤن هیكس، دۆستێكی دڵسۆزمان بوو




ئیرڤن هیكس، دۆستێكی دڵسۆزمان بوو 

پاش نیوەڕۆی ئەمرۆ لە مەراسیمێكدا لە زانكۆی ئەمریكی /سلێمانی، ئیرڤن هیكس جونیەر، كونسوڵی گشتیی ‏ئەمریكا ‏لە هەرێمی كوردستان، وەك خۆئامادەكاری  بۆ تەواوبوونی ئەركەكەی وتارێكی پێشكەش كرد كە میوانداری كوردی بۆ ئەو ساڵە بە "گەرمو گوڕ و دۆستایەتی راستەقینە و میهرەبانی و پێشوازی بێ وێنە " وەسفكرد.

لە ساڵی كاركردنی گەر بە ئینسافەوە هەڵسەنگاندن بۆ كارەكانی بكەین لەبواری مافەكانی مرۆڤ بە تایبەتیش مافی ئازادی رادەربڕین و رۆژنامەگەری لە هەرێمی كوردستان، كەسێكی پەرۆشبوو، لە زۆربەی وتارە رەسمییەكانی لە بایەخدانی بە كەیسی مافەكانی مرۆڤ دەنگ و هەڵوێستی هەبوو.

جەنابی كونسڵ لە كاركردنی بۆ یەكگرتنەوەی هێزی پێشمەرگەو وەلانانی پەرتەوازەیی هێزە سیاسییەكان، ماڵێكی كوردستانی سەرفرازی دەویست، ماڵێك جیاوازییەكانیان نەبنە هۆی پەتەوازەیی و یەكترشكاندن و تەخوینكردنی یەكتر، لەبری ئەوە لەدەوری خاڵە هاوبەشەكانیان كۆببنەوە، بۆیە لە كۆتایی وتارەكەیادا ووتی " ماڵی یەكگرتوو ماڵێكی سەرفرازە".

لەگەڵ كۆتایی ووتارەكەی " ماڵی یەكگرتوو ماڵێكی سەرفرازە"، بافل تاڵەبانی، سەرۆكی یەكێتی نیشتمانی كوردستان، هەستایە سەرپێ و چەپڵەی بۆ لێدا، خۆ سەركردایەتی پارتیش لەو مەراسیمە بوایە رەنگە بەهەمان شێوە پێشوازی لەو ووتاری جەنابی كونسڵ بكردایە، بەڵام "چەپڵە" مەرجە، یان كردار؟

 وتارێك كە تێكەڵەیەك بوو لە سۆز و پێزانین بۆ گەلی كوردستان، پەیامی سیاسی نەرم و كاریگەر، لە دۆستێك، هەقە بەگەرمی پێشوزای لێبكرێت.
كورد دەڵێت " دۆست ئەو كەسەیە كە بتگرێنێ، دوژمن ئەوەیە پێت بكەنێنێ "، ئیرڤن هیكس، دۆستبوو، دۆستێكی دڵسۆز.



AM:11:43:06/08/2023




ئه‌م بابه‌ته 564 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌