میترۆ لە حەوتەمین ساڵیادی تیرۆرکردنی رۆژنامەنوس وەدات حسێن






میترۆ: ئامانجمان كۆتایهێنان بە كەلتوری دەربازبوون لەسزا 
بە بۆنەی تێپەڕبوونی حەوت ساڵ بەسەر تیرۆكردنی كارمەندی ئاژانسی رۆژ نیوز وەدات حسێن، لە هۆڵی سالمی شاری سلێمانی مەراسیمێك بەڕێوەچوو.
دیاری محمد ووتاری سەنتەری میترۆی پێشەكەش كرد، ئەم دەقی وتارەكەیە. 

ئامادەبوانی رێورەسمی یادی شەهیدی رۆژنامەنوس وەدات حسین
كەسوكاری سەربەرزی رۆژنامەنوس وەدات حسین
هاوكارانمان لە ئاژانسی رۆژنیوز
ئەمرۆ حەوت ساڵ تێدەپەڕێ بەسەر تیرۆركردنی رۆژنامەنوس وەدات حسێن، لەم ئامادەبوونتان و رێكخستنی ئەم مەراسیمە گوزراشتن لە پەیامی سووربونمان لەسەر ئاشكراكردنی بكوژانی ئەو رۆژنامەنووسە لاوە.
میترۆ لەگەڵ ئێوەداو خانەوادەی رۆژنامەنووسانی تیرۆركراو، لە خەباتی مەدەنی بەردەوام دەبێت بۆ ئاشكراكردنی بكەرانی ئەم تاوانانە ، بە ئامانجی كۆتایهێنان بە كەلتوری دەربازبوون لەسزا و پەلكێشكردنی ئەنجامدەرانی بۆ بەردەم دادگایەكی عادل.
پێش كەیسی شەهید وەدات كەیسەكانی شەهیدانی رۆژنامەنوسی و بیرورا، سۆرانی مامەحەمە، مامۆستا عبدالدستار، سەردەشت عوسمان، كاوە گەرمیانی لێكۆڵینەوەیەكی جدی و بێلایەن و عادیلانە لە ئارادانەبوو تا بمانگەینێتە حەقیقەتی ئەو تاوانانانە. بكوژان و ئەوانەی پلانی كووشتنەكانیان داوە،  داڵدەدراون و دەربازیان بووە لە سزا.
بەهۆی ئامادەنەبوونی  ئیرادەی سیاسی بۆ گۆڕانكاری، هەرێمی كوردستان تا ئێستا  ژینگەیەكی لەبارە بۆ دەربازبوانی بكوژانی رۆژنامەنوسان و ژنان و چالاكوانەكانی مافی مرۆڤ لەو تاوانانەی بەرامبەریان ئەنجام دەدرێن، بەمەش سەرلەنوێ بازنەی توندوتیژی دوبارە دەبێتەوە.


ئامادەبووانی بەڕێز
رەفتاری دژ بە پرنسیپەكانی دیموكراسییەت و مافی مرۆڤ ، وایكردوە كە رێكخراوە نێودەوڵەتییەكانی بواری ئازادی رادەربڕین و رۆژنامەگەری ، رەخنە لە ئەدای دەسەڵاتی سیاسی هەرێمی كوردستان بگرن و،  داوا دەكەن پێشێلكارییەكان بەرامبەر مافی‌ ئازادی‌ رادەربڕین، بوەستێنن و رۆژنامەنووس شێروان شێروانی ئازاد بكرێت .  
میترۆ داوا لە دەسەڵاتی دادوەری هەرێمی كوردستان دەكات شێروان و هاورێكانی ئازاد بكرێن و هەموو تۆمەتێكیان لەسەر لاببرێت.
ئەمساڵ لە كاتێكدا یادی تیرۆركردنی رۆژنامەنوسی لاو وەدات حسێن دەكەینەوە كە لە هەموو لایەوە هەرێمی كوردستان گەمارۆ دەدەرێت و ململانێی سیاسی ماڵ كوردستانی دابەشكردوە.
رۆژانە بە بەرچاوی كۆمەڵگای نێودەوڵەتی و حكومەتی عێراق و حكومەتی هەرێمی كوردستان بە تۆپباران و فرۆكە هێرش دەكرێتە سەر هاوڵاتیانی مەدەنی ، بەڵام هەمووان لەو تاوانانە بێدەنگن، تەنها هەڵوێستی حكومی ژماردنی قوربانییەكان و دۆزینەوەی پاساوە بۆ ئەم هێرشانە.
سەنتەری میترۆ داوا لە رێكخراوە جیهانییەكانی تایبەت بە مافی مرۆڤ دەكات سەردانی هەرێمی كوردستان بكەن تا بە چاوی خۆیان قەبارەی ئەو زیانانە ببینن كە لەناوچەكانی دور لە شەڕ خەڵمی مەدەنی كردۆتە ئامانج. 
 سەربەزی بۆ شەهیدان
ریسوایی بۆ بكوژی رۆژنامەنوسان
ریسوایی بۆ بكوژانی خەڵكی مەدەنی بێدیفاع.











AM:10:30:14/08/2023




ئه‌م بابه‌ته 684 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌