" ناڕەزایەتی نایاساییەو روماڵكردنیشی نایاساییە" ئەی چی یاساییە؟




سەنتەری میترۆ وێڕای ئیدانەی دەستگیركردنی هەردوو پەیامنێری تۆڕی میدیایی (ئێستا) و (وڵات میدیا)، داوا لە فەرماندەی هێزە چەكدارەكانی هەرێمی كوردستان دەكات لێكۆڵینەوە لە رەفتاری نایاسایی هێزێك بكات كە پرەنسیپەكانی مافی مرۆڤیان پێشێلكردوە و نارەزایەتی هاوڵاتیان و روماڵكردنی میدیایی بە "نایاسایی" دەزانێت.

ئەمڕۆ 23ی ئاب لەكاتی رووماڵكردنی گردبوونەوەیەكی ناڕەزایەتیی ژمارەیەك لە هاوڵاتییان لە گەڕەكی بەهاری نوێی شاری هەولێر، هێزێكی ئەمنی  دیار حسێن پەیامنێری تۆڕی میدیایی (ئێستا) و یاسر محمد پەیامنێری (وڵات میدیا)یان دەستگیركرد و دەستیشیان گرت بەسەر كەلوپەلە رۆژنامەوانییەكانیاندا.

هێزەكە تەنها بەم رەفتارەوە نەوەستاون، داوای پاسۆردی هەردوو مۆبایلی رۆژنامەنوسەكەیان كردوەو چونەتە ناو نامە گۆڕینەوەی تایبەت و گروپی رۆژنامەنووسانی هەولێر.

یاسر محمد پەیامنێری وڵات میدیا بۆ میترۆ باسیلەوەكرد كە ئەفسەرێك نامەی گروپی رۆژنامەنوسانی هەولێری بینیبوو كە دەستگیركراوین داوای لێكردوە نامەیەكی دەنگی بۆ هەمان گروپ بنێرێت كە دەستگیرنەكراون.
یاسر ووتی" ئەفسەرەكە هەرەشەی شكاندنی مۆبایلەكانیان دەكردو دەیانووت نامە نەنێرن دەتانبەین" هەروەها ووتیشی " لەژێر هەرەشەدا نامەكەم نارد كە ئازاد دەستگیرنەكراوین،  لەكاتێكدا ئێمە هەر لێكۆڵینەوەمان لێدەكرا" 
یاسر جەخیتكردوە " ئەفسەرەكە چەند جارێك پێی ووتین نارەزایەتی نایاساییەو هاتنی ئێوەش بۆ ئێرە نایاساییە"

دیار حسێن پەیامنێری تۆڕی میدیایی (ئێستا) بە میترۆی راگەیاند كە نامەیەكیان لەچەند هاوڵاتییەكی گەڕەكی بەهاری نوێ پێگەیشتووە، باسلەوەدەكەن كە تۆڕی ئاوی گەرەكەكە بە نایاسایی دەستكاری دەكرێت و داوای لێدەكەن دەنگیان بگەیەننە بەرپرسان.
دیار ووتی " هێزێكی 20 كەسی هاتن یەكسەر كەرەستەی رۆژنامەنوسی و مۆبایلەكانیان لێسەندین و لە سوچێكی گەڕەكەكەدا دەستبەسەركراین " ووتیشی " پاش وەرگرتنی پاسۆردی مۆبایلەكان توڕەبوون و ووتیان چۆن بە گروپی رۆژنامەنوسانتان ووتوە دەسگیركراوین نامەیەكی تر بنێرن كە دەستگیرنەكراون"
جەختیكردوە " پاش دوو كاتژمێر لێكۆڵینەوە ئینجا كەرەستەی رۆژنامەنووسیان گەڕاندەوە بەڵام میمۆری كامێراكەی ئێمەیان بردو و ڤیدۆی ناو مۆبایلەكەی ولات میدیایان سڕییەوە"

سەنتەری میترۆ رایدەگەیەنێت هێزە ئەمنییەكانی هەرێمی كوردستان رۆڵی خۆیان لە پاراستنی رۆژنامەنوسان ناگێڕن و ئاستەنگ بۆ كارەكانیان دروستدەكەن و پرەنسیپەكانی مافی مرۆڤ پێشێل دەكەن، رەفتاری هێزەكەی گەرەكی بەهار نوێ نزیكترین نمونەن. 

  رەفتاری دژ بە پرەنسیپەكانی دیموكراسییەت و مافی مرۆڤ ، وایكردوە كە رێكخراوە نێودەوڵەتییەكانی بواری ئازادی رادەربڕین و رۆژنامەگەری ، رەخنە لە ئەدای دەسەڵاتی سیاسی هەرێمی كوردستان بگرن،  پێشێلكارییەكانی لە مەڕ مافی‌ ئازادی‌ رادەربڕین، بوەستێنن.  

سەنتەری میترۆ داوا لە فەرماندەی هێزە چەكدارەكانی هەرێمی كوردستان دەكات لێكۆڵینەوە لە رەفتاری نایاسایی ئەو هێزە بكات كە پرنسیپەكانی مافی مرۆڤیان پێشێلكردوە و نارەزایەتی هاوڵاتیان و روماڵكردنی میدیایی بە "نایاسایی" دەزانێت، هاوكات رێكاری یاسایی بەرامبەر بە سەرپێچیكاران بگرنەبەر.

بەرپرسانی خاوەن بڕیار درك بەو راستییە حاشا هەڵنەگرە بكەن، پێشكەوتن یان پاشەكشەی دیموكراسیەت لە هەرێمی كوردستان پەیوەستە بە ئاستی پێشكەوتن و پاشەكشەی ئازادی رۆژنامەگەری و ئازادی رادەربڕین و ئازادی گەیشتن بە سەرچاوەكانی هەواڵ و بڵاوكردنەوە و ئازادی ئەنتەرنێت.


AM:09:57:24/08/2023




ئه‌م بابه‌ته 736 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌