سوپای توركیا دەست لە خەڵكی مەدەنی ناپارێزن




سوپای توركیا دەست لە خەڵكی مەدەنی ناپارێزن

24ی ئابی 2023: سەنتەری میترۆ بە توندی سەركۆنەی هێرشكردنە سەر تیمێكی رۆژنامەنوانی تەلەفزیۆنی ژن تیڤی دەكات، داوا لە رێكخراوە نێودەوڵەتییەكان دەكات فشار بكەن بە ئاراستەی دوورخستنەوەی ئاگری شەڕ لەو كەسانەی دەستیان لە هەڵگیرسانی جەنگ نییەو بەشدارنین تیایدا.

بە پێی ئاژانسی هەواڵی ژن دوێنێ فڕۆكەیەكی بێ فڕۆكەوانی سوپای توركیا، لە نزیك گوندی تل شیر لەسەر ڕێگای قامیشلۆ- عامودا، ئۆتۆمبێلی دەزگایەكی ڕاگەیاندنی بۆردومان كرد و لەئەنجامدا كارمەندێكی تەلەفزیۆنی ژن تیڤی بەناوی (نەجمەدین فەیسەڵ)، گیانی لەدەستداوە و ڕۆژنامەنووسێكی هەمان كەناڵ كە لەناو یەك ئۆتۆمبێلدابوون، بریندار بووە.

ئەمە یەكەم جار نییە هێزی ئاسمانی توركیا هێرشدەكاتە سەر هاوڵاتیانی سڤیل لە(13ی تشرینی یەكەم 2019) فڕۆكە جەنگییەكانی سوپای توركیا كاروانێكی خەڵكی مەدەنییان لە سەرێكانی لە هەرێمی جزیرە كردە ئامانج، لەو هێرشەدا 11 كەس شەهید بوون و 74 كەسیش برینداربوون.
لە ئەنجامی ئەو هێرشە (سەعد ئەحمەد) پەیامنێری ئاژانسی فورات شەهید بوو و حەوت ڕۆژنامەنووسی دیكەش برینداربوون. لە ناو ئەو كاروانەدا چەند رۆژنامەنوسێكی بیانیش بریندار بوون.

هەروەها بۆردومانەكەی 11ی ئاب لە نێوان ناڵپارێزو پێنجوێنی هەرێمی كوردستانی عێراق بەئامانجگرتنی ئۆتۆمبێلێك ، كە سێ سەرنشینی تێدا بوو لەدورو نزیك پەیوەندییان بە شەڕی نێوان سوپای توركیا و پەكەكە نەبووە، هەرسێكیان گیانیان لە دەستدا.

لەو هێرشانەدا بە هیچ شێوەیەك رەچاوی(رێككەوتنی ژنێف ساڵی 1949) نەكراوە كە هەموو بڕگەكانی باس لە پارستنی مافە بنەرەتیەكانی مرۆڤ دەكات لە كاتی سەرهەڵدانی جەنگ و داگیركاری و پاراستنی گیانی خەڵكی سڤیل لە مەیدانی جەنگدا و مافی ئەوانەی دەستیان لە هەڵگیرسانی جەنگ نییەو بەشدارنین تیایدا.

سەنتەری میترۆ بە توندی سەركۆنەی هێرشكردنە سەر تیمێكی رۆژنامەنوانی تەلەفزیۆنی ژن تیڤی بە ئامانجگرتنی خهاوڵاتیانی سڤیل دەكات و داوا لە رێكخراوە نێدەوڵەتییەكان دەكات فشار بكەن بە ئاراستەی دوورخستنەوەی ئاگری شەڕ لەو كەسانەی دەستیان لە هەڵگیرسانی جەنگ نییەو بەشدارنین تیایدا.


PM:02:01:24/08/2023




ئه‌م بابه‌ته 740 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌