بایکۆت لە هەموو بنکە تەندروستییەکانی سلێمانی، جگە لە شوێنە هەستیارەکان، راگەیێندرا



رۆژی چوارشەممە 13ی ئەیلوول بایکۆت لە هەموو بنکە و مەڵبەند و سەنتەرە تەندروستییەکانی سلێمانی راگەیێندرا، جگە لە شوێنە هەستیارەکان. نەخۆشخانەی منداڵانی سلێمانی لەگەڵ ئەوەی یەکێکە لە نەخۆشخانە گرنگەکان، ئێستا نیمچە بایکۆتە و دەوامی کارمەند کەم کراوەتەوە و چەند بەشێکی لێ داخراوە.
 
دکتۆر بەختیار قادر، پزیشکی پسپۆڕی منداڵان دەڵێت، "کە کارمەند کەمکرایەوە، بێگومان نەخۆش کەمتر وەردەگرین، دەبێت کەمتر لە نەخۆشخانە بمێنێتەوە، واتە چارەسەری سەرەتایی بۆ دەکرێت و دەنێردرێتەوە. تەنانەت لە بەشی چاودێریی چڕ کە کارمەندی لێ کەمکرایەوە، ناچارین نەخۆش وەرنەگرین، چونکە خۆی بەردەوام نزیکەی پێنج نەخۆشی بەردەوامی هەیە، ئەوکاتەش نەخۆش ناچارە بچێت بۆ نەخۆشخانەی تایبەت."
 
دکتۆر پشدەر عەبدوڵڵا، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی منداڵان رایگەیاند، "ناچار بووین بەشێک لە قاوشەکانمان دابخەین و دەوامی تەندروستکار و پزیشکەکان کەم بکەینەوە، بۆئەوەی بتوانین هاوکاریان بین، چونکە لە بارودۆخێکی ئابووریی سەختدان، ئەمەش کاریگەریی لەسەر خزمەتگوزاریی تەندروستی دەبێت، چونکە 50%ی خزمەتگوزارییەکانمان کەم کردوونەتەوە."
 
لە نەخۆشخانەی شار، پرسگەی یەکەمی نەخۆشخانەکە داخراوە و بەشەکانی دیکەش کارمەندی تێدا کەمکراوەتەوە؛ جگە لە بەشە هەستیارەکانی وەکو فریاکەوتن و چاودێریی چڕ و چەند بەشێکی دیکە.
 
سەیوان نەجەف، کەسوکاری نەخۆش دەڵێت، "کاتێک نەخۆشێکی کتوپڕ دەهێنیت بۆ نەخۆشخانەکە پێویستی بە نەشتەرگەرییە، ئەگەر بۆی نەکرێت رەنگە کارەسات دروست ببێت و کەسەکە گیان لەدەستبدات."
 
شەماڵ مەحموود، کەسوکاری نەخۆش ئاماژەی بەوە کرد، "ژیانی چەندین کەس لەبەردەستی تەندروستکاراندایە، کاتێکیش ئەوان خەیاڵیان لای بژێویی ژیانی خۆیان و خێزانەکانیان بێت، ناتوانن تەرکیزیان وەکو پێویست لەسەر نەخۆش بێت."
 
ئەوەی بایکۆتەکەی راگەیاند سەندیکای کارمەندانی تەندروستی بوو، کە دوای هەفتەیەک هەنگاوی دیکەش دەنێن.
 
هاوژین عوسمان، سەرۆکی لقی سلێمانیی سەندیکای کارمەندانی تەندروستیی سلێمانی دەڵێت، "هەست بەوە دەکەین گوشارێکی زۆر لەسەر حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان هەیە، ئومێدێکمان هەیە هەفتەی ئایندە بگەنە ئەنجام، ئەگەر ئەنجامیان نەبوو بەیاننامەی سێیەم دەخوێنینەوە و بە شێوازی دیکەی وەکو خۆپێشاندان و گردبوونەوە ناڕەزایەتی دەردەبڕین."
 
ئەو ناوەندە تەندروستییانەی ئێستا لە سلێمانی لەکاردان، پێکدێن لە نەخۆشخانەکانی شار، منداڵان، سووتاوی، بووژانەوەی دڵ، شۆردنەوەی گورچیلە، هیوا و فریاکەوتانی خێرا و بانکی خوێن.
 
هۆکار بۆ ئەم بایکۆتە دواکەوتنی دابەشکردنی مووچەیە، کە ئێستا ناوەڕاستی مانگی نۆیە و تەنیا مووچەی مانگی شەش دابەشکراوە.
 
جاران مووچەخۆران لە کات و ئەدای دابەشکردنی مووچەی حکومەتی هەرێمی کوردستان ناڕازی بوون، بەڵام ئێستا روویان لە حکومەتی عێراقە و داوا دەکەن ئەو پارەیەی لە یاسای بودجەدا بۆ هەرێمی کوردستان دیاریکراوە، رەوانەی بکەن.






















سەرچاوە/ ڕووداو



PM:01:03:14/09/2023




ئه‌م بابه‌ته 284 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌