پێشبڕکێی بیرکاری بۆ منداڵ و مێرمنداڵان لە زانکۆی سلێمانی بەڕێوەدەچێت




پێشبڕکێیەکی وانەی بیرکاری بۆ منداڵ و مێرمنداڵانی هەرێمی کوردستان و عێراق لە سلێمانی بەڕێوەدەچێت. سەرپەرشتیارێکی پڕۆسەکە دەڵێت، دەبێ بەشداربووان لە 10 خولەکدا 200 پرسیار وەڵام بدەنەوە.
 
ئەمڕۆ شەممە، 16-09-2023 لە زانکۆی سلێمانی پێشبڕکێیەکی گەورەی بیرکاری بۆ منداڵانی تەمەن شەش ساڵ تاوەکو مێرمنداڵانی تەمەن 17 ساڵ بەڕێوەدەچێت کە تێیدا 300 کەس لە شارەکانی هەرێمی کوردستان و ناوچەکانی نێوەڕاست و خوارووی عێراق بەشدارن.
 
بەڵێن هەورامی، راهێنەر و یەکێک لە سەرپەرشتیارانی پڕۆژەکە، بە ئەرکان عەلی، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، ''بەشداربووان دەبێ لە 10 خولەکدا وەڵامی 200 پرسیاری بیرکاری بدەنەوە کە نێوەدەوڵەتین، بەڵام بۆ منداڵانی هەرێمی کوردستان کراونەتەوە کوردی. پرسیارەکان پرسیاری ئاسایی بیرکارین. منداڵێکی ئاسایی رەنگە ئەم پرسیارانە لە کاژێرێکدا وەڵام بداتەوە، بەڵام قوتابیانی ئێمە لە کەمتر لە 10 خولەکدا وەڵامیان دەدەنەوە.''
 
وەک بەڵێن هەورامی دەڵێت، یەک ساڵە وەکالەتی بەڕێوەبردنی ئەم پڕۆسە بیرکارییەیان هێناوەتە هەرێمی کوردستان و لەسەرجەم شارەکان راهێنەریان هەیە و کاری لەسەر دەکەن؛ گوتیشی، ''منداڵ مانگێک لە راهێناندا دەبێت و لە ماوەی هەر مانگێکدا قۆناخێک تێدەپەڕێنێت بۆ ئەوەی بتوانێت ئەم ستانداردە جیهانییە [وەڵامدانەوەی 200 پرسیار لە 10 خولەکدا] تۆمار بکات.''
 
ئەو راهێنەرە باسی لەوە کرد، ''منداڵان بە دەگمەن بەو ستانداردە دەگەن کە دیاریکراوە و زۆربەیان تا 180 یان 190 پرسیار دەڕۆن، دەشتوانن هەر 200 پرسیارەکە وەڵام بدەنەوە، بەڵام رەنگە چەند هەڵەیان هەبێت''.
 
بەڵێن هەورامی چاوەڕوان دەکات قوتابییەکان ''شانبەشانی'' بەشداربووە عێراقییەکان ئەنجامێکی باش لە پێشبڕکێیەکەدا بەدەستبهێنن بۆ ئەوەی بتوانن ساڵی داهاتوو بنێردرێنە وڵاتانی دیکە.
 
بڕیارە دوای تەوابوونی پێشبڕکێیەکە، ئەو کەسانەی ئاستێکی بەرزیان تۆمارکردووە، خەڵات بکرێن، وەک ئەو سەرپەرشتیارە ئاماژەیدا، ''میدالیا بۆ هەموو منداڵان دابینکراوە و خەڵاتی تایبەتیش بۆ کەسانی یەکەم، دووەم و سێیەم هەیە.''
 
پێشبڕکێیەکە بەسەر سێ ئاستدا دابەش دەبێت؛ بەشێکی ئاستی منداڵانی تەمەن شەش ساڵ، حەوت ساڵ و هەندێک هەشت ساڵ؛ منداڵانی ئاسایی لە تەمەن هەشت ساڵ تاوەکو 12 ساڵ، هەروەها قۆناخی سێیەم منداڵانی تەمەن 12 ساڵ بۆ 17 ساڵە.














سەرچاوە/ ڕووداو



PM:12:42:17/09/2023




ئه‌م بابه‌ته 452 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌