برایەکی: گۆهدار زێباری بڕیارداوە تا یەکلایکردنەوەی کەیسەکەی مانگرتن نەشکێنێت





زێدان زێباری، برای گۆ‌هدار زێباری زانیاری نوێ لەسەر رەوشی تەندروستی گۆهدار دەخاتەڕوو و دەڵیت، رەوشی زۆر خراپە و بڕیاریداوە مانگرتنی نەشکێنیت.

ئەمڕۆ 16ی ئەیلولی 2023 دایک و خوشکی گۆهدار زێباری توانیان چاویان بە گۆهدار بکەوێت و سەردانی بکەن لە زیندانی ئاسایشی گشتی لە شاری هەولێر.

لەبارەی سەردانەکەوە براکەی گۆهدار بە هاوڵاتی وت، "دوای ئەوەی دایکم گوهدار دەبینیت زۆر دڵتەنگ و عاجز دەبێت و بەخەمێکی قوڵەوە بە ئێمەی ووت براکەتان زۆر کێشی دابەزیبوو و وەک مردوویەکی نیوە زیندوو بینیم چونکە دە رۆژە لەمانگرتندایە."

زێدان زێباری دەشڵێت، "ئەمجارە گۆهدار بڕیاریداوە تا دیاریکردنی رۆژی دادگا و یەکلانەکردنەوەی کەیسەکەی مانگرتن نەشکێنێت، جارەکەی تر ئاسایش بەڵێنیان پێدا ئەگەر مانگرتنەکەی بشکێنێت ئەوا کەیسەکەی یەکلایی دەکەنە بەڵام بەڵێنەکەیان جێبەجێ نەکرد."

ئەمە دووەم جارە لەماوەی تەنها مانگێکدا گۆهدار زێباری مان دەگرێت لە خواردن و جاری پێشووش دوای ئەوەی بڕیاربوو لە 16ی ئابی ٢٠٢٣ ئازادبکرێت و دواتر دۆسیەیەکی نوێی بۆ کرایەوە، مانی گرت.

مان گرتنی گۆهدار دوای ئەوە دێت کە تۆمەتێکی تری دراوەتە پاڵ بە هەڵگرتنی "چەکی بێ مۆڵەت." گۆھدار زێباری لە 16ی شوباتی 2021 بە تۆمەتی "تێکدانی ئاسایشی نیشتمانی"  لەگەڵ هەریەکە لە شێروان شێروانی، ئەیاز کەرەم، گوهدار محەممەدئەمین، هاریوان عیسا و شڤان سەعیدی بە شەش ساڵ زیندانیکردن سزادران.






















سەرچاوە/ هاوڵاتی



PM:01:40:17/09/2023




ئه‌م بابه‌ته 88 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌