مامۆستایانی وانەبێژ لە بایکۆتی خوێندن و گردبوونەوە بەردەوامن و داوای دامەزراندنی هەمیشەیی دەکەن. ئەوان دەڵێن، "تاوەکو جێبەجێکردنی داواکارییەکانمان لە گوشارە مەدەنی و پەروەردەییەکانی خۆمان بەردەوام دەبین."
ئەمڕۆ یەکشەممە 17-09-2023 سەرەڕای تێپەڕبوونی چوار رۆژ بەسەر لێدانی زەنگی دەستپێکی ساڵی نوێی خوێندن، مامۆستایانی وانەبێژ لە بەشێک لە قەزا و ناحیەکانی هەرێمی کوردستان گردبوونەوە و بەردەوامن لە داواکاریی خۆیان، کە دامەزراندنی هەمیشەییە.
نوێنەرێکی مامۆستایانی وانەبێژ بەناوی کارزان لە سلێمانی، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، "پاساوی حکومەت بۆ دانەمەزراندنی مامۆستایانی وانەبێژ بێ بنەمایە و لەوە زیاتر لەسەر مافەکانی خۆمان سازش ناکەین، کە بریتییە لە دامەزراندنی هەمیشەیی."
زیاتر لە 36 هەزار وانەبێژ لە هەرێمی کوردستاندا هەن و پێشتر داوای دامەزراندنیان بە شێوەی گرێبەست دەکرد، وەزارەتی پەروەردە و وەزارەتی دارایی هەنگاویان بەرەو بەگرێبەستکردنی وانەبێژان ناوە، بەڵام ئێستا گرێبەستیش رەتدەکەنەوە و داوای دامەزراندنی هەمیشەیی دەکەن.
وەکو ئەو مامۆستا وانەبێژە دەڵێت، بەپێی یاسا و دەستووری عێراق، هەرکات بۆشایی لە کەرتی پەروەردەدا دروستبوو، پێویستە مامۆستای نوێ دابمەزرێنن، "بەڵام حکومەتی هەرێمی کوردستان پێچەوانەی ئەو دەستوورە جووڵاوەتەوە، چونکە نەک تەنیا کەسی دانەمەزراندووە، بەڵکو بەشێوەی دانەمەزراو مامۆستای لە کەرتی پەروەردەدا داناوە."
مامۆستا کارزان جەخت لەوە دەکاتەوە، لە گوشارەکانیان بەردەوام دەبن، تاوەکو ئەو کاتەی بەرپرسانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەدەم داواکارییەکانیانەوە دەچن، داوا لە سەرجەم مامۆستایانی وانەبێژیش دەکات بچنە سەر شەقام و لە گردبوونەوە بەردەوام بن.
لە هەڵەبجەش مامۆستایانی وانەبێژ گردبوونەتەوە و دەڵێن، داواکاریی سەرەکییان تەنیا دامەزراندنە، "نەك مووچە و شایستەی دارایی." دەشڵێن، تەنیا کاتێک دەست لە گردبوونەوە و بایکۆت هەڵدەگرن کە حکومەت بە "کرداری" بەدەم داواکارییەکانیانەوە بچێت.
مووچەی وانەبێژان لەنێوان 200 بۆ 400 هەزار دیناردایە و بە گرێبەست یان دامەزراندنیان مووچەکەیان بەگوێرەی بڕوانامەکانیان زیاتر دەبێت. کۆی پارەی مووچەکەشیان لە مانگێکدا 13 ملیار و 200 ملیۆن دینارە.
لەبەردەم بەڕێوەبەرایەتیی پەروەردەی قەزای پشدەر لە سنووری ئیدارەی راپەڕینیش، مامۆستایانی وانەبێژ گردبوونەتەوە و داوا دەکەن مافی یەکسان بە سەرجەم مامۆستایانی وانەبێژ بدرێت، کە وەکو هەموو مامۆستایانی دیکە بۆ کەرتی پەروەردە هەوڵدەدەن و خزمەت بە کۆمەڵگە دەکەن.
بەشێکی مامۆستایانی میلاک لە سنووری پارێزگاکانی هەڵەبجە و سلێمانیش بایکۆتی دەوامیان راگەیاندووە، بەڵام داواکاریی سەرەکیی ئەوان وەرگرتنی مووچە و پلە بەرزکردنەوەیە، ئەوەش لە کاتێکدایە تائێستا مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان مووچەی منگەکانی تەممووز و ئابیان وەرنەگرتووە.
سەرچاوە/ ڕووداو