شەش ساڵ لەدوای کۆنتڕۆڵکردنەوەی موسڵ هێشتا گەڕان بەدوای تەرمەکاندا بەردەوامە



شەش ساڵ لەدوای کۆنتڕۆڵکردنەوەی موسڵ هێشتا گەڕان بەدوای تەرمەکاندا بەردەوامە. هەفتانە تیمەکانی بەرگریی شارستانیی شارەکە حەوت تا هەشت تەرم لەژێر داروپەردووی باڵەخانە و خانووە رووخاوەکان دەردەهێنن. موسڵی کۆن لەلای راستییەوە بەتەواوەتی وێران بووە. 
 
لەیس هاشم، فەرمانبەرێکی حکومەتە؛ دوو هەفتە لەمەوبەر یازدە تەرم لە نزیک ماڵەکەی دۆزراونەتەوە. ئەو دەڵێت، ناچاری نەبێت، لەبەر بۆنەکە ناتوانێت لەوێ بژیت. 
 
لەیس دەڵێت، "هەرچەند دەگەڕێن، تەرمی زیاتر دەردەکەون، دوایین جار پێش 15 رۆژ یازدە تەرمیان لێرە دەرهێنا لەنزیک ماڵی من، بۆنێکی ناخۆش بەو ناوەدا بڵاودەبێتەوە، بۆنی تەرم و ئێسکوپروسک و جلوبەرگیان دێت."
 
لە ساڵی 2017ـەوە شەش هەزار و 44 تەرم لە موسڵ دۆزراونەتەوە، سێ هەزار و 749 لەوانە ناسنامەیان ئاشکرا کراوە. دوو هەزار و 295ی دیکەش ناسنامەیان دیار نییە کە 800یان منداڵ بوون. تەرمەکان رەوانەی دادپزیشکی دەکرێن، لەدوای ئەنجامی پشکنینی DNA، ئەگەر ناسنامەیان ئاشکرا نەبوو، لەلایەن شارەوانییەوە بەخاک دەسپێردرێن. 
 
شەهد عارف، بەڕێوەبەری دادپزیشکیی موسڵ دەڵێت، "دوای رێکارەکانی دۆزینەوەی تەرمەکان، پشکنینی تایبەتیان بۆ دەکەین، ئێمە تەرمەکان لەنێو ساردخانەکانی پزیشکی دادی بۆ ماوەی یاسایی کە 60 رۆژە، دادەنێین، دوای رەزامەندی دادگە و هاوئاهەنگی لەگەڵ شارەوانی موسڵ دەکەین بۆ ناشتنی تەرمەکان."
 
لە مانگی ئایاری ساڵی 2018 دا پرۆسەی هەڵگرتنەوەی تەرمەکان لە پارێزگای نەینەوا دەستپێکردووە و تائێستاش بەردەوامە. وێڕای هەستکردن بە بۆنی تەرمەکان و بوونی پاشماوەیان، تاوەکو ئێستا هیچ نەخۆشییەک بەهۆیانەوە لە تەندروستیی موسڵ تۆمار نەکراوە. 

















سەرچاوە/ ڕووداو



AM:10:12:18/09/2023




ئه‌م بابه‌ته 236 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌