پەرلەمانى عێراق دەنگ بە بەپارێزگابوونى هەڵەبجە دەدات





پەرلەمانى عێراق خشتەى کارى کۆبوونەوەى دووشەممەى بڵاوکردەوە کە تاوتوێکردنى پێنج پڕۆژەیاسا و دەنگدانە لەسەر دوو پڕۆژەیاسا کە یەکێکیان بەپارێزگابوونى هەڵەبجەیە. ئەندامێکى کوردى لیژنەى یاسایی پەرلەمان دەڵێت: "دەنگدانەکە پێویستى بە دەنگى 50 کۆ یەکى ئامادەبووانە و بەڵێنمان لە فراکسیۆنەکانى دیکە وەرگرتووە پشتووانمان بن."
 
17ى ئەیلوولى 2023، پەرلەمانى عێراق خشتەى کارەکانى کۆبوونەوەى دووشەممەى بڵاوکردەوە کە تێیدا پێنج پڕۆژەیاسا تاوتوێدەکرێت و دەنگ لەسەر دوو پڕۆژە یاسا دەدرێت کە یەکێکیان بەپارێزگابوونى هەڵەبجەیە.
 
پڕۆژەیاسای بەپارێزگابوونى هەڵەبجە لە چوار مادە پێکهاتووە کە یەکەم مادەى باسی بەپارێزگابوونى هەڵەبجە دەکات وەک نۆزدەمین پارێزگاى عێراق کە ناوەندى پارێزگاکە شارى هەڵەبجە دەبێت و مادەى دووەمیش ئاماژەى بەوەداوە کە ئەنجوومەنى وەزیرانى هەرێمى کوردستان سنوورى یەکە ئیدارییەکانى پارێزگاکە دیاری بکات.
 
 17ى ئەیلوولی 2023، دارا سێکانیانى، ئەندامى لیژنەى یاسایی پەرلەمانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، کۆوبونەوەى پەرلەمان بۆ دەنگدان لەسەر ئەو یاسایە و مادەکانى، پێویستى بە ئامادەبوونى 50 کۆیەکى پەرلەمانتارانە و بۆ پەسەندکردنى مادەکانیشى دەنگى پەنجا کۆ یەکى ئادەبووانى کۆبوونەوەکەى پێویستە.
 
پەرلەمانى عێراق 329 ئەندامى هەیە و بۆ تەواوکردنی رێژەى یاسایی پەرلەمانتاران پێویستى بە ئامادەبوونى 166 پەرلەمانتارە. 
 
دارا سێکانیانى ئاماژەى بەوەشدا، وەک فراکسیۆنە کوردستانییەکان سەردانى فراکسیۆنەکانى دیکەى پەرلەمانى عێراقیان کردووە و بەڵێنیان داوە کە بۆ دەنگدان بەو پڕۆژەیاسایە پشتیوانیان بن.
 
لەو کۆبوونەوەى پەرلەمانى عێراقدا تاوتوێى پێنج پڕۆژەیاسای دەکرێت؛ لەوانە خوێندنەوەى یەکەم بۆ پڕۆژەیاساکانى پەسندکردنى رێککەوتنى خزمەتگوزاریی گواستنەوەى ئاسمانى نێوان رووسیا و عێراق، پەیماننامەى هاوبەشی ستراتیژیى نێوان عێراق و فەرەنسا، خوێندنەوەى دووەم بۆ پڕۆژەیاساکانى پەیوەندیکردنى عێراق بە سیستمى بنەڕەتى ئەنجوومەنى نێودەوڵەتیی خورما، پەسندکردنى رێککەوتنى عەرەبی بۆ رێگرى و بنەبڕکردنى کۆپیکردنى مرۆڤ و هەموارى یەکەمى یاساى مانەوەى بیانییەکان.
 
 















سەرچاوە/ ڕووداو



AM:10:14:18/09/2023




ئه‌م بابه‌ته 248 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌