بەهۆی بڵاوکردنەوەی وێنەی ژیناوە هونەرمەندێک دەستگیر کرا



بەهۆی بڵاوکردنەوەی وێنەیەکی ژینا ئەمینی، ئەکتەری بەناوبانگی ئێرانی "هانیە تەوەسوولی” لەنێو ماڵەکەی خۆیدا دەستگیر کرا و پاش نزیکەی ١٥ کاتژمێر بە کەفالەت ئازاد کرا.

فشارەکانی دەوڵەتی ئێران بۆ سەر هاوڵاتییان بە گشتیی و بنەماڵەی گیانبەختکردووانی شۆڕشی "ژن، ژیان، ئازادیی” لە بەرزترین ئاستدا بەردەوامە، هاوکات هونەرمەندان و چالاکوانانیش لەوە بەدەر نین و تەنانەت بەهۆی بڵاوکردنەوەی وێنەیەکی ژینا ئەمینی، ژنە ئەکتەری بەناوبانگی ئێرانی "هانییە تەوەسوولی” دەستگیر کرا.

هونەرمەند هانییە، لە ساڵڕۆژی شەهیدبوونی ژینا و دەستپێکی شۆڕشی "ژن، ژیان، ئازادیی”، وێنەیەکی ژینای لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئینستاگرام بڵاو کردەوە و نووسیویەتی، "وێنەکە خۆی دەدوێت، کۆتا وێنە و کۆتا زەردەخەنە، بێ تاوانیی، جوانیی، گەنجیی، خوێن پاک، ئەفسانەیەک لە دایک بوو، مەهسا نەمرە”.

پاش بڵاوکردنەوەی ئەو وێنەیە ئەو هونەرمەندە لە ماڵەکەی خۆیدا دەستگیر کراو، پاش نزیکەی ١٥ کاتژمێر بە کەفالەت ئازاد کراوە.






















سەرچاوە/ ڕۆژنیوز



AM:10:57:18/09/2023




ئه‌م بابه‌ته 380 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌