تەنها گۆهدار زێباری دەبوو مۆڵەت بۆ تاپڕەكەی دەربكات؟
میترۆ، 1ی تشرینی یەكەمی 2023 : جێگەی سەرسوڕمان و بێزارییە لەوڵاتێكدا نەك تاكەكانی كۆمەڵ، بەڵكو گروپی سیاسی و كۆمەڵایەتی فراوان چەكدارن و هیچ بایەخێك بۆ یاساو بڕیارو رێنماییەك دانانێن، یاسا دەستی بۆ گۆهدار زێباری درێژەو دڵڕەقانە لەسەر هەڵگرتنی (تاپڕی بێمۆڵەت) حوكمی بۆ تازە دەكاتەوە.
ئەمڕۆ 1ی تشرینی یەكەم 2023، دادگای هەولێر حوكمی شەش مانگی تری بۆ رۆژنامەنووس (گۆهدار زێباری) دەركرد، ئەمە سێهەمین حوكمی دادگایە لەم كەیسەدا.
حوكمەكەی گۆهدار زێباری تۆمەتی هەڵگرتنی چەكی بێمۆڵەت بوو، پێشتریش شەش مانگی دیكە حوكمەكەی بۆ درێژكرایەوە كەپەیوەندی بەگۆڕینی تابلۆی ئۆتۆمبێلەوە هەبوو.
وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی هەرێمی كوردستان چەندین جار هەڵمەتی دەستگرتن یا رادەستكردنی چەكی بێمۆڵەتی راگەیاندووە دواهەمین جار وادەی 21ی تەموزی 2023، دانرا بۆ رادەستكردنی چەكی بێمۆڵەتە و رایگەیاند: لە دوای ئەو رێككەوتەوە، هەر كەسێك چەكی پێ بگیرێت ساڵێك بۆ سێ ساڵ زیندانی دەكرێت و لە رووی دارایشەوە سزادەدرێت و وەك تاوانكار مامەڵەی لەگەڵدا دەكرێت.
ئەوە زیاتر لە دوو مانگە وەزارەتی ناوخۆ، چەند كەس رووبەرووی یاسا كراوەتەوە؟ چەند كەس چەكی رادەستی حكومەت كردۆتەوە؟ ئایا دەبوو هەر گۆهدار مۆڵەت بۆ تاپڕەكەی دەربكات؟
جێگەی سەرسوڕمان و بێزارییە لەوڵاتێكدا نەك تاكەكانی كۆمەڵ، بەڵكو گروپی سیاسی و كۆمەڵایەتی فراوان چەكدارن و هیچ بایەخێك بۆ یاساو بڕیارو رێنماییەك دانانێن، یاسا دەستی بۆ گۆهدار زێباری درێژەو دڵڕەقانە لەسەر هەڵگرتنی (تاپڕی بێمۆڵەت) حوكمی بۆ تازە دەكاتەوە.
دەوڵەتی یاسا، نابێت چاوپۆشی لەنمایشی سەربازی نایاسایی، كەرنەڤاڵی چەكهەڵگرتن و تەقەكردنی گروپی عەشایەری سیاسی بپۆشێت، و چاوی لە تاپڕەكەی گۆهدار بێت.
گۆهدار زێباری لە 22ـی تشرینی یەكەمی 2020 راگیرا و بەگوێرەی ماددەی 156ـی یاسای سزادانی عێراقی بە شەش ساڵ زیندانیكردن حوكمدرا، بەڵام لە شوباتی 2022 بە فەرمانێكی سەرۆكی هەرێمی كوردستان سزاكەی 60٪ كەمكرایەوە.
بڕیار بوو گۆهدار رۆژی 16ـی ئاداری ئەمساڵ ئازاد بكرێت، بەڵام بەگوێرەی ماددەی 279 لە یاسای سزادانی عێراقی بۆ ماوەی حەوت مانگ حوكمدرا، دوای ئەوەی ئەو بڕیارەیان تەمیزكردەوە، پاشان حوكمەكەی بۆ پێنج مانگ كەمكرایەوە، ئەمرۆ شەش مانگی تری سزای بۆ درێژكرایەوە.