كۆمیتەی پاراستنی رۆژنامەنوسان (CPJ)، سەردانی میترۆیان كرد



كۆمیتەی پاراستنی رۆژنامەنوسان (CPJ)، سەردانی میترۆیان كرد

ئەمڕۆ پێنجشەممە 5ی تشرینی یەكەمی 2023، تیمێكی كۆمیتەی پاراستنی رۆژنامەنوسان (CPJ)، (دۆجە داود)، نوێنەر و پەیامنێری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باكوری ئەفریقا، لوقمان فەتاحی، بەڕێوەبەری داكۆكیكاری ئەمریكای رێكخراوەكە، سۆران رەشید نوێنەری رێكخراوەكە لە هەرێمی كوردستان، سەردانی سەنتەری میترۆیان كرد.

ئامانجی سەردانەكەیان بۆ هەرێمی كوردستان ، دیدارە لەگەڵ میدیاكاران، دەزگاكانی میدیا، رێكخراوەكانی داكۆكیكار لە مافی رۆژنامەنوسان، بەرپرسان و نوێنەرانی حكومەتی هەرێم و نێردە دیبلۆماسییەكان بۆ باسكردن و تاوتوێكردنی دۆخی ئازادی رادەربڕین و ئازادی رۆژنامەگەری لە هەرێمی كوردستان و ئاڵنگارییەكانی بەردەمی.

لە دیدارەكەدا تیمی میترۆ تیشكیان خستە سەر دەستدرێژی و توندوتیژیی كە دژی رۆژنامەنووسان و كارمەندانی راگەیاندن ئەنجام دەدرێن لە هەرێمی كوردستان، داوایان كرد هەوڵی خۆیان بخەنە گەڕ بۆ ئازادكردنی رۆژنامەنوسە حوكمدراوەكان، بەرگرتن لە توندوتیژی دژی رۆژنامەنووسان و كۆتایی هێنان بە دیاردەی دەربازبوون لە سزا و فەراهەمكردنی زەمینەی لێپرسینەوە و راپێچكردنی ئەوانەی تاوانیان كردوە بەرامبەر رۆژنامەنووسان و دەزگاكانی راگەیاندن بۆ بەردەم دادگا.

پەیوەندی سەنتەری میترۆ و كۆمیتەی پاراستنی رۆژنامەنوسان دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتاكانی دامەزراندنی رێكخراوەكە لە ئابی 2009 ، چەندین دیدار  و كاری هاوبەش ئەنجامدراوە، دواهەمین كاری هاوبەش مانگی تشرینی دووهەمی 2021 لە چوارچێوەی كەمپینی جیهانی بۆ كۆتایهێنان بە دیاردەی دەربازبوون لە سزا لە تاوانەكانی دەرهەق بە رۆژنامەنوسان بوو، كە لەگەڵ رێكخراوەكانی(IMS , UNESC , CPJ , ARTICLE 19 GCHR , IFEX ) لە بەیروت رێكخرا.

كۆمیتەی پاراستنی رۆژنامەنوسان (CPJ) ئۆفیسی سەرەكی لە نیویۆركە، رێكخراوێكی سەربەخۆی قازانج نەویستە، بەرگری لەمافی رۆژنامەنووسان دەكات لە هەموو جیاهاندا لە گواستنەوەی هەواڵ بە بێ ترس و تۆڵەكردنەوە، زیاتر لە 40 ساڵە لە پێناوی ئازادی رۆژنامەگەری خەبات دەكات، ساڵانە راپۆرت دەربارەی ئازادی رۆژنامەگەری لە وڵاتانی جیهان دەردەكات.


AM:11:24:05/10/2023




ئه‌م بابه‌ته 924 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌