پرۆژەی یاسای میدیای ئەليكترۆنی دەستبەسەركرا




17ی ئابی 2020، سلێمانی: سەنتەری میترۆ بۆ داكۆكی لە مافی رۆژنامەنوسان بەگەرمی پێشوازی لە بریاری لیژنەی رۆشنبیری و كۆمەڵگەی مەدەنی لە پەرلەمانی كوردستان دەكات لە رەتكردنەوەی پرۆژەی یاسای رێكخستنی میدیای ئەلیكترۆنی بەو ناوەرۆكەی كە ئێستا هەیە.
ئێوارەی ئەمرۆ لیژنەی رۆشنبیری و كۆمەڵگەی مەدەنی لەپەرلەمانی كوردستان سەبارەت بە پێشنیازە یاسای رێكخستنی میدیای ئەلكترۆنی لە هەرێمی كوردستان – عێراق رایگەیاند "دوای ئەو تێبینیانەی سەبارەت بەناوەرۆكی پێشنیازە یاساكە گەیشتە لیژنەكەمان، لە ڕێكەوتی ۱۷ـ۸ـ۲٠۲٠ بڕیارماندا ناوەرۆكی پێشنیازە یاساكە رەتبكەینەوە بەو شێوازەی كە ئێستا هەیە، ئامادەكاریی بكەین دوای پرس و راوێژ لەگەڵ پسپۆڕان و میدیاكاران و لایەنەپەیوەندیدارەكان، بەمەبەستی ئامادەكردنەوەی بە ناوەرۆكێكی گونجاو كە تێكهەڵكێشبێت بەو سەرنج و تێبینییانەی لەلایەن پسپۆڕان و میدیاكارانەوە بۆ لێژنەكەمان هاتووە"
سەنتەری میترۆ لە (28ی تەموزی 2020) رەخنەی لەخوێندنەوەی یەكەمی پێشنیازی یاسای (رێكخستنی میدیای ئەلیكترۆنی لەهەرێمی كوردستان-عیراق)ی گرت رایگەیاند "رێكخستنی میدیای ئەلیكترۆنی دەبێت لە ژینگەیەكی سیاسی سەقامگیر گفتوگۆی لەسەر بكرێت و نەكەوێتە نێو ململانێی سیاسی و حزبییەوە، هەروەها ناكۆك نەبێت لەگەڵ پێودانگە نێودەوڵەتییەكانی تایبەت بەمافی ئازادی رادەربڕین و ئازادی رۆژنامەگەری"
درافتی یەكەمی پرۆژەكە لە لایەن هەردوو راوێژكاری پەرلەمان ( مەجید صالح، تاریق جەوهەر)، نوسراوە بە ئیمزای 53 پەرلەمانتاری حزبەكانی بەشدار لە حكومەت و دەرەوەی حكومەت پێشكەش كراوە بە سەرۆكایەتی پەرلەمان. بەڵام لە ناوەراستی ئابەوە چەند ئەندامێكی پەرلەمان پاكانەیان لەو ئیمزایانە كردو ئیمزاكانیان كشاندەوە.
سەنتەری میترۆ لە كۆتایی مانگی تەمووز پرۆژە یاساكەی لە لایەن (سەلما فاتیح) سەرۆكی لیژنەی رۆشنبیری لە پەرلەمانی كوردستان بە دەستگەیشت.
میترۆ لە (6ی ئابی 2020) سەرنجەكانی سەبارەت بە پرۆژەی یاسای رێكخستنی میدیای ئەلیكترۆنی خستەروو.
پرۆژە یاساكە رەخنەی زۆرو هەندێك جاریش هەڵسەنگاندنی باشی لەسەر نوسراو و بڵاوكرایەوە، زۆرترین رەخنە كە ئاراستەی پرۆژە یاساكە كرا (مادەی 12)بوو تیایدا هاتووە: كە هەموو ئەو وێبسایت و ئامرازە میدیاییە ئەلیكترۆنیانەی كە ئەم یاسایە دەیانگرێتەوە "نابێ بە هیچ شێوەیەك ئەو بابەتانە بڵاوبكەنەوە كە بەپێی بڕگەكانی (2) و (4) ی مادەی چوارەمی یاسای ژمارە (3)ی ساڵی 2006 تایبەت بە بەرەنگاربوونەوەی تۆقاندن (تیرۆر)دا بە تاوانی تۆقاندن هاتوون."
دیارترین هەڵوێست شەوی ( 15ی ئاب 2020 ) لە فراكسیۆنی بزوتنەوەی گۆرانەوە دەستییان پێكرد و پشتیوانی هەندێ ئەندامی پەرلەمانیان بۆ پرۆژە یاسای رێكخستنی میدیای ئەلیكترۆنی كشاندەوە جەختیانكردەوە كە پشتیوانی هیچ یاسایەك ناكەن كە كاریگەری لەسەر بەرتەسككردنەوەی ئازادی رۆژنامەگەری و رادەربڕین هەبێت، پاشانیش لیستی كۆمەڵی ئیسلامی.
سەبارەت بە هەموو ئەو سەرنجانە، لە (16ی ئابی 2020) سەلما فاتیح، سەرۆكی لیژنەی رۆشنبیری لە پەرلەمانی كوردستان راگەیاند "مادەی 12 لە پرۆژە یاسای رێكخستنی میدیای ئەلیكترۆنی لادەبەین"
سەرباری سەرنجەكان لەسەر پرۆژە یاساكە، شێوازی ئیمزاكردن لەسەر پرۆژەكە بۆ پەرلەمانی كوردستان هەندێ حەقیقەتی ترسناكی خستەروو وەك ئەوەی هەندێ پەرلەمانتار بە "بێ ئەوەی پرۆژكە بخوێننەوە ئیمزایان لەسەر كردووە"، پەرلەمانتارێكیش "شوفێرەكەی ئیمزای بۆ كردووە" یان "تەزویری ئیمزای پەلەمانتار كراوە".
سەنتەری میترۆ هاوڕایە لەگەڵ ئەو پاساوەی سەرۆكی لیژنەی رۆشنبیری كە پرۆژە یاساكەی پێ نوسراوە كە" نەبوونی یاسای تایبەت بەمیدیای ئەلیكترۆنی دادگاكان لەبەشێكی تاوانەكانی بڵاوكردنەوەی ئەلیكترۆنیی بەپێی یاسای قەدەغەكردنی خراپ بەكارهێنانی ئامێرەكانی پەیوەندیكردن لەهەرێمی كوردستان-عێراق/ یاسای ژمارە (6)ی ساڵی 2008"، یان یاسای عقوباتی عێراقی لێپێچینەوە لەگەڵ ڕۆژنامەنووس دەكرێت كەتاوانكار حوكمی حەپسكردن دەیگرێتەوە.
سەنتەری میترۆ بۆ داكۆكی لە مافی رۆژنامەنوسان پێشوازی لە بریاری لیژنەی رۆشنبیری لە پەرلمانی كوردستان دەكات لە رەتكردنەوەی پرۆژەی یاسای رێكخستنی میدیای ئەلیكترۆنی بەو ناوەرۆكەی ئێستا هەیە، دواشدەكات لە هەر پێشنیازە یاسایەكی نوێدا رەچاوی پرنسیپیەكانی ئازادی بیروراو رۆژنامەگەری بكات.



PM:08:00:17/08/2020




ئه‌م بابه‌ته 1060 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌